ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو تووندڕەویی و تووندفیکریی بە دوور لە ئیسلام دەزانێت و پێیوایە دەستانێکی بێگانە بۆ "سەرلێشێواندنی" موسڵمانان دەیانەوێت بە ئیسلامی راستەقینەی بناسێنن. هەروەها داوا لە زانایان و بانگخوازان دەکات، زیاتر ستراتیژی بن و بیركردنەوەی قوڵیان هەبێت بۆ رووداو و گۆڕانكارییەكان.
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەمیانەی كۆنفرانسی پێنجەمی زانایان كە لە ئامەد بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێش کرد و بەپێویستی زانی، زانایان و بانگخوازان رۆڵیان هەبێت لە هەر راپەڕین و هەر جووڵەیەك بیەوێت خزمەت بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هاووڵاتیان و نیشتمان بكات .
سەلاحەدین بەهائەدین گوتی، ئەگەر زانایان چاویان لە دەمی خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەپڵەی خەڵك بێت و بیانەوێت لەوێوە بڕۆنە ناو هاووڵاتیان، یان چاویان لە قبوڵی دەسەڵات و رازیكردنی رژێمەكان بێت "ئەوە كارەساتە". بۆیە بەپێویستیی دەزانێت، زانایان و بانگخوازان نەچاویان لە دەسەڵات بێ و نە لەخەڵك، بەڵكو چاویان لەسەر "رەزامەندی خودا و ئایینی پیرۆزی ئیسلام" بێت.
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی باسی لە پیلانگێڕیی دژی ئیسلام کرد و گوتی، لەم رۆژگارەدا هەستدەكەن پیلان دژی ئایینی "پیرۆزی ئیسلام" هەیە و لە هەموو سەردەمەكانیشدا ئەو پیلانانە هەبوون. بۆیە بە ئەركی زانایان و كەسانی بانگخواز و كۆمەڵە ئیسلامییەكان دەزانێت، "زیاتر ستراتیژی بن و بیركردنەوەی قوڵیان هەبێت بۆ رووداو و گۆڕانكارییەكان و یەكڕیزی بپارێزین، مامەڵەی سەردەم بكەن بەو شێوەیەی كە خودا دەیەویت بە پلان و هاوسەنگی و عەقڵكاری رووبەڕووی كێشەكان ببنەوە".
سەلاحەدین بەهائەدین باسی رەخنەی لە تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرت بەوەی کە گەنجانیان کردووەتە قوربانی و رایگەیاند "بەبۆنەی تەكنەلۆژیا و چاولێگەریی وڵاتانی دیكە، حاڵەتێك لە چاولێگەری و سەرنجڕاكێشی بە بێگانە زاڵە بەسەر كۆمەڵگەو بەتایبەت چینی گەنج و لاوەكان، وەك ئاشكرایە تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر شتی تێكداوەو كۆمەڵگەكانی تێكەڵ و پێكەڵ كردووەو گەنجان بوونەتەقوربانی، دەبێت لە هەمان رێگەو بەهەمان كەرەستە بزاڤی ئیسلامی كار لەسەر ئەو پرسە بكات".
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پێیوایە نابێت ناكۆكی و ناڕێكی لە ئەنجامی راجیاوازی، بگاتە لێك خوێندن و یەكتر شكاندن و بەربونەیەكدی و بەپێویستیی دەزانێت گرنگی تەواوبدرێت بە ڕۆحی پێكەوەژیان.
سەلاحەدین بەهائەدین باسی لەوەکرد کە تووندڕەوی و تووندفیكر و سەرلێشوان لە مێژوودا هەر هەبووە، بەڵام پێیوایە "لەمڕۆدا دەستانێكی بێگانە هەیە هەم ئاودێری دەكات، هەم لەڕووی هەواڵگری و دەزگا تایبەتەكانەوە پەرەی پێدەدەن و هەمیش دەیانەوێت بیناسێنن بە ئیسلامی راستەقینەو هەر دەنگێك دژ نەبێت بەوە ئەوە بە كەمتەرخەمی تۆمەتبار دەكرێت كە بەداخەوە ئەوە فێڵێكی گەورەیەو ئەوە كاری زۆر دەوێت كە زانایان كاری لەسەر بكەن".
ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لەکۆتایی قسەکانیدا بەپێویستیی زانی، ئیسلامییەكان و زانایان و كەسانی بانگخواز "رێكخستنیان بۆ سەردەمەكە هەبێت و پرۆژەكەیان قوڵتر بێت لەوەی هەمیشە لە پەرچەكرداردا بن و دەبێت كرداریان هەبێت و مەشغوڵ نەبن بە پەرچەكردار، كەسانی زانا نابێت مەشغوڵ بێت بەو سیاسەتەی كە هەر رۆژەو بەجۆرێك خەڵكی پێ مەشغوڵ دەكەن".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق