تێڕوانینەکانی جۆ بایدن لەبارەی کوردستان دۆست و دوژمنەکانی کوردەوە

ليست هناك تعليقات



جۆ بایدن توانی بەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکادا سەربکەوێت و بوو بە ٤٦هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەوەی بۆ کورد گرنگە تێڕوانینەکانی جۆ بایدنە، لێدوانەکانی جۆ بایدن لە رابردوودا هیوا و ئومێدیان بە کوردەکان بەخشیوە، دژایەتییەکانی بایدنیش بۆ سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش هێندەی دیکە هیوای بە کوردەکان بەخشیوە.
بایدن و هەرێمی کوردستان
کۆتایی نیسانی ساڵی ٢٠١٦ جۆ بایدن کە ئەو کاتە جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە.

ئەم سەردانەی جۆ بایدن لە کاتێکدا بوو، هەفتەیەک پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) پێدانی ٤١٥ ملیۆن دۆلاری بە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە ئەو کاتە رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش.

گرنگیی سەردانەکەی بایدن لەو کاتەدا بۆ هەرێم ئەوە بوو کە لە ناکۆکیی قوڵدا بوو لەگەڵ بەغدا لەبارەی نەوت و سنورەکانەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان.

یەکێکی دیکە لە ئومێدەکانی کوردەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە جۆ بایدن ساڵی ٢٠٠٦ پێشنیاری دابەشکردنی عێراقی لەسەر بنەمای مەزهەبی و ئەتنیکی کرد، ئەمەش ئۆتۆماتیکی دەوڵەتێکی کوردی بۆ کورد لە عێراقدا دروستدەکات. بایدن پێی وابوو دابەشکردنی عێراق بۆ هەرێمەکانی کورد، سونە و شیعە لەگەڵ دەستوری عێراق گونجاوە و کۆتاییش بە ناسەقامگیری عێراق دەهێنێت.

دەنگدانی ئەنجومەنی پیران بۆ رەزامەندی دەربڕین لەسەر پلانی فیدراڵی بۆ عیراق لە ساڵی ٢٠٠٧ (٧٥) دەنگی بەڵی و (٢٣) دەنگی نەخێر، سەرکەوتنێکی سیمبولی گرنگ بوو بۆ پلانەکانی بایدن دەربارەی عێراق.

بە گشتی هەر چوار دەوڵەتی عێراق، تورکیا، سوریا و ئێران بۆچوونەکانی بایدن لەسەر کورد و نزیکایەتییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی کورد بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆیان دەزانن.

جۆ بایدن ٢٤ جار سەردانی عێراقی کردووە و لە نزیکەوە چاوی بە بەرپرسانی کوردیش کەوتووە، ئەمەش وەها دەکات بایدن وەک کەسێکی شارەزا لە دۆخی عێراق سەیربکرێت کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ کوردەکان هەیە.

جۆ بایدن یەکێک بوو لە پشتگیریکارە بەهێزەکانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن وڵاتەکەیەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، کە لای کورد وەک پڕۆسەی ئازادی عێراق سەیردەکرا و دەرگای بە رووی کورددا کردەوە و دوژمنە سەرسەختەکەی لەناوبردن.

پێش ساڵی ٢٠٠٣ جۆ بایدن لە وتاریکیدا لە ئەنجومەنی پیران باسی لەوە کرد سەدام بە شێوەیەکی دڕندانە کوردەکانی لە باکوری عێراق سەرکوت کردووە. بایدن هەموو هەوڵی خۆی دا تاکو کوردەکان لە دەستی سەدام پارێزراو بن.

بەهێزترین پشتیوانی بایدن بۆ کورد ئەو کاتە بوو کە ساڵی ٢٠٠٢ لە سنوری تورکیاوە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، کاتێک هەموان پێیان وت تاکە دۆستی کوردەکان شاخەکانن، بایدن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دووپاتکردنەوە و وتی "تەنها شاخەکان دۆستان نین".

بایدن و رۆژئاوای کوردستان
تاکو ساڵی ٢٠١٤ بایدن بە نزیکەیی تەنها پەیوەندی لەگەڵ کوردەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبوو، بەڵام هاتنی رێکخراوی داعش ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی بایدنی لەگەڵ کورد گۆڕی و پەیوەندییەکانی فراوانتر و گشتگیرتر کرد.

ئیدارەی ئۆباما بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی داعش، پەیوەندی سەربازی لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستاندا بەست کە یەکینەکانی پاراستنی گەل بەڕێوەی دەبرد، ئەم هەنگاوەش گۆڕانکاری گەورە بوو بۆ بایدن و بووە سەرەتای پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی رۆژئاوای کوردستان.

جۆ بایدن رەتیکردەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک گروپی تیرۆریستی بناسێنێت، ئەمەش بەرپرسانی تورکیای نیگەران کردبوو، لێرەوە تورکەکان دڵنیابوونەوە کە بایدن دۆستی کوردانی سوریایە و سودی نابێت بۆ ئەنقەرە.

کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی ٢٠١٩ بڕیاریدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بکێشێتەوە، بایدن رەخنەی لەم هەنگاوە گرت و وتی، ترەمپ هێزەکانی سوریای دیموکراتی فرۆشت کە ئازایانە لە گەڵ ئەمریکا شەڕیان لە دژی داعش کرد، ناپاکی لەگەڵ هاوپەیمانێکی ناوخۆیی کرد لە دژی تیرۆر.

هەر ئەو کاتە ئەنتۆنی بلینکین گەورە راوێژکاری سیاسیی دەرەوەی هەڵمەتی بایدن وتی، نیگەرانە لە جێهێشتنی کوردەکانی سوریا.

بایدن و تورکیا
١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ جۆ بایدن لە وتارێکی ڤیدیۆییدا وتی، "هەزاران کاتژمێرم لە ناوچەکانی سوریا و عێراقدا بەسەربردووە، سەرکردەکانی رابردوو و ئێستامان شەرم دەکەن لەوەی لەم ناوچەیەدا روویداوە، کێشەی راستیی لەم ناوچەیەدا تورکیایە، لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆیەکی داخراو ئەنجام دەدەم و پێی دەڵێم دەبێت باجێکی گەورەی ئەو کارانە بدات کە کردوونی، ئێستا ئەم باجە بدە."

بایدن کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە "تیرۆریست" دەزانێت، هەوڵی داوە لە رێگەی پشتگیریکردنی کوردانی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی تورکیاوە دژایەتیی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی بکات، بە ئاشکراش ئاماژەی بەوە داوە ببێت بە سەرۆک پشتگیرییان دەکات بۆ خستنی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان.

جۆ بایدن ترەمپی بەوە ناوبردبوو کە "تەسلیمی ئەردۆغان بووە" لە سوریا و ئەوەی نەشاردووەتەوە کە ئامادەیە بۆ پشتگیری کورد و ئۆپۆزسیۆنی دژە ئەردۆغان.

رۆژهەڵات و بایدن
لەگەڵ ئەوەی بایدن بە ئاشکرا پشتگیری لە کوردەکانی عێراق و سوریا کردووە و تا ئاستێکی زۆریش پشتیوانی کوردانی باکوری کوردستانە، بەڵام بە ئاشکرا و روونی پشتگیری لە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکردووە و کەمتر پەیوەندی لەگەڵیان هەیە.

بایدنیش وەک هەموو بەرپرسانی ئێران دۆستی ئێران نین و ئامادەی سازشی گەورە نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کەمتر لە دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران رەقێتیی بنوێنێت، ئەمەش وەها دەکات ئەگەری نزیکیی بایدن لە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر بێت.

ناچالاکیی بزوتنەوەی کوردی لە رۆژهەڵات لە چاو کوردانی سوریا، تورکیا و هەرێمی کوردستان رەنگە کاریگەری راستەوخۆی هەبێت لەسەر ئەوەی کە بایدن کەمتر پەیوەندی هەبووە لەگەڵیان.

بە هەموو پێوەرەکان چاوەڕوان دەکرێت بایدن پەیوەندییەکی باش و جێگیری لەگەڵ کورددا هەبێت و باشتریش لە دۆناڵد ترەمپ لە کێشە و ئازارەکانی کورد تێبگات، بۆیە کورد لە هەموان زیاتر خۆشحاڵن بە سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا. راپۆرتی پەیسەرپریس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif