سەرۆک کۆمار یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد و رایگەیاند بە هیوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دور له‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک
سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/١١/٥ یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد و رایگەیاند، بە پێی ئەرکی دەستووریم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقم په‌سه‌ند کرد. ئەوەش بە هیوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دور له‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە رێگه‌ی راست بۆ چاکسازی راسته‌قینه، بۆ کۆتایی هێنان به قه‌یرانی بژێوی خه‌ڵک، بۆ گەڕاندنەوەی بەھای راستەقینە بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداری، له بوونی یاسا و رێسای هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ دەکات که رێگر بێت له‌دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک و زامنی ئه‌وه بکات حکومه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌نگ و ئیرادەی خه‌ڵک بێت.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، دزینی دەنگی هاووڵاتی و دزینی پارە و داهاتی گشتی پێکەوە گرێدراون و ئەمیان پێویستە بۆ ئەوەی تر، دووانەی چەو سانەوە و نانبڕین و حوکمی نادروست و گه‌نده‌ڵکارن.
دەقی پەیامی سەرۆک کۆمار:
بەناوی خوای گەورە
هاووڵاتیانی ئازیز
بە پێی ئەرکی دەستووریم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقم په‌سه‌ند کرد. ئەوەش بە هیوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دور له‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک.
کۆمەڵی رەخنە و تیبینی لەسەر ئەم یاسایه هەن و بێگومان دڵخوازی هەمووان نییە، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌کی گرنگە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و ده‌سته‌به‌رکردنی به‌شداری راستگۆیانه‌ی خه‌ڵک له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا.
ئێستاش دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌م یاسایە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەبێ پێویستییەکانی ئەنجام دانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراهەم بکەن، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری، و دەستبەرکردنی هاوکاری و هەماهەنگی کاریگەر لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ چاودێری و سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و رێگرتن لە یاریکردن بە دەنگی خەڵک.
لێرەشەوە پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی ھەڵبژاردن و کۆی کۆمەڵگەش بەگشتی چالاک و وشیار بن بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا رێگه‌نه‌ده‌ن ده‌نگی راسته‌قینه‌ی هاووڵاتیان بدزرێت.
رێگه‌ی راست بۆ چاکسازی راسته‌قینه، بۆ کۆتایی هێنان به قه‌یرانی بژێوی خه‌ڵک، بۆ گەڕاندنەوەی بەھای راستەقینە بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداری، له بوونی یاسا و رێسای هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ دەکات که رێگر بێت له‌دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک و زامنی ئه‌وه بکات حکومه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌نگ و ئیرادەی خه‌ڵک بێت و له‌رێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانیشیانەوە چاودێری حکومه‌ت و داهاتی گشتی بکه‌ن و له‌وانه بپرسنه‌وه که گه‌ندڵکار و که‌مته‌رخه‌من. دزینی دەنگی هاووڵاتی و دزینی پارە و داهاتی گشتی پێکەوە گرێدراون و ئەمیان پێویستە بۆ ئەوەی تر، ئەمانە دووانەی چەو سانەوە و نانبڕین و حوکمی نادروست و گه‌نده‌ڵکارن.
هه‌ر حکومه‌تێک گه‌ر به‌رئه‌نجامی راسته‌قینه ئیرادەی خەڵک نەبێت سەرکەوتوو نابێت، ھەر گەلێکیش حکومەت و دەسەڵاتداران بەنوێنەری راستەقینەی خۆی نەزانێ، ئەمڕۆ بێت یان سبەی رێگایەکی تر دەدۆزێتەوە بۆ سەندنەوەی مافی زەوتکراوی. بۆیە رێگای راست بۆ گەل و حکومەتیش ئەوەیە رێ له دزینی ده‌نگی خه‌ڵک بگیرێ و متمانە بگەڕێنەوە بۆ سیاسەت. هیوادارم به‌م یاسایه بتوانین بەشێک لە ئه‌م ئه‌رکه نیشتمانییه پیرۆزە جێبه‌جێ بکه‌ین.
بەھیوای سەرکەوتن، ئێوەش ھاووڵاتیانی خۆشەویست ھەمیشە شاد و ئاسودە و سەرکەوتوو بن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق