بڵێسە جەبار فەرمان
-
عیراق لەنێوان ھەژموونی چەند وڵاتێکدا دەستە وەستان ماوە. چەندین ساڵە ھەوڵی خۆدەرباز کردن و سەربەخۆیی سیادەی خۆی دەدات. بەڵام هێشتا خاوەن ئیرادەو سەربەخۆیەکی تەواوەتی نیە.
ھەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران رزگارکردنی عیراق لەدەستی دیکتاتۆریەتی بەعس بە بەشێک ئیستحقاق و دەستکەوتی سیاسی خۆیان دەزانن.
هەردوو وڵات بەمیکانیزمی جیاجیا هەوڵی چەسپاندنی پێگەی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەدەن لە عیراق.
لە بەرژەوەندی ئەم دوو وڵاتەدا نیە عیراق بەهێز بێت، لەهەمان کات بۆ پاراستنی بەرژەوەندە ئابوری و ستراتیژیەکانیان لە قازانجی ئەوان نابێت ئەگەر عیراق دابڕمێت و ھاوشێوەی سوریا بکەوێتە ناو جەنگێگی ناوخۆیی و مەزھەبیەوە.
سەردانی وەزیری دەرەوەی عیراق بۆ سعودیە و کردنەوەی دەروازەی عەرعەر دوای ٣٠ ساڵ ھەنگاوێکی نوێی عیراقە بۆ کرانەوە بە رووی وڵاتانی عربی دا و کردنەوەی دەروازەیەکی کۆنی ئابوریە لە ئێستادا. ئەمە دەستپێکی گەمەیەکی سیاسی تازەیە.
لە سعودی پادشایەکی گەنجی جیاواز لە پادشاکانی جاران فەرمانرەوایە و وڵاتەکەی بە رووی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کردۆتەوە و پەیڕەوی سیاسەتێکی تازەی جیاواز لە جاران دەکات.
ئەم ھەنگاوەی عیراق بەرەو سعودیە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نیەو بە رەزامەندی ئەوانە. کەناڵێکە بۆ دورکەوتنەوەی عیراق لە ژێر ھەژموونی ئێرانی. ھەمانکات لە بەرژەوەندی ھەندێک حزبی عیراقی و ھێزی چەکدار نیە.
کاردانەوەی ئەمەش لە بۆردمان کردنی سەفارەتی ئەمریکی لە بەغداد بە روونی دەردەکەوێت. ھەروەها لەو ھەوڵانەی لە دژی کازمی و کابینە کاتیە حکومیەکەی کە دەدرێن و دەنگۆو ھەنگاوی ئاڵوگۆڕی سێ سەڕۆکایەتیەکە بەشێکن لە ناڕەزایی.
کردنەوەی دەروازەی عەرعەر بە رووی وڵاتانی عربی و سعودیە لە رووی ئابوریەوە پچڕاندنی ئەو ناوکە پەتکەیە (حبل السري) کە عیراقی بە تورکیا و ئێران بەستبۆوەو ھەنگاو نانە بەرەو وڵاتانی کەنداو، ئەمەش لاپەڕەیەکی تازەیە لە سیاسەتی عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی.
عیراق چەندین دەروازەی سنوری بە رووی وڵاتانی دراوسێی دا هەیە ئێران و سوریا و سعودیەو تورکیا و کۆیت و ئوردن.
لەپاڵ خاڵی سنوری رەسمیدا چەندین نوقتەی سنوری نا رەمیش هەیە، لەم هاوکێشەیە دەردەکەوێ گرنگی ئەم وڵاتە بۆ بەستنەوەی ئابوری وڵاتانی ناوچەکە چەن زۆرە. دەبوایە بەهێزترین وڵاتی ئابوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عیراق بوایە. بۆچی ناتوانێت ببێت بە وڵاتێکی خاوەن سەقامگیری ئابوری و سەقامگیری ژیان و سیاسی؟
ئەم پرسیارە هێشتا وڵامێکی موقنیعی نیە. بەڵام روونە لە هەموو دەورانەکانا لە ژێرکاریگەری دەوڵەتانی زلهێزدا نەیتوانیوە خۆی قوتار بکات. بونی ئەو هەموو دەروازە سنوریانە گرنگترین سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی کەلوپەل و کاڵاو دەستکەوتنی داهاتن. لەپاڵ ئەوەی وڵاتێکی نەوتیە.
لەکاتێکدا دوای سی ساڵ دەروازەی عەرعەر دەکرێتەوە عیراق بەقەرزکردن دەتوانێ موچەی فەرمانبەرەکانی بدات بەڵام سعودیە لە دوای سی ساڵ ئابوریەکەی بەهێزتر بوەو وڵاتێکی دەوڵەمەندترە لە پێش سی ساڵ.
ئەم بڕیارە تازەی نێوان عیراق و سعودیە تەنیا مەسەلەی ئابوری نیە کرانەوەی عیراقە بەرەو وڵاتانی عەرەب و ئینجا وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی دیاریکراو. وڵاتانی رۆژئاواو ئەمریکاش دەعمی ئەم ئاراستە دەکەن. بەڵام ئایا کردنەوەی عەرعەر لەبواری ئابوری و سیاسی عیراق بەرەو کوێ دەبات لەکاتێک کرانەوەو بەرو ئاسایی بونەوەی پەیوەندی بەشێک لە وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل خەریکە دەست پێ بکات.
بازرگانی دەولی بابەتێکی تازە نیە یەکێکە لە بایەخدارترین کەناڵی پێشکەوتنی بازرگانی و ئابوری و پێشکەوتنی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕکردنی معریفە.
بەجیاوازی لەگەڵ بارزگانی ناوخۆ بازرگانی نێودەوڵەتی پێویستی بە دامودەزگاو موئەسەساتی دەوڵەتی هەیە کە بتوانێت ئیدارەی ئەو جۆرە بازرگانیەش بدات لە رێگەی دەروازەی حدودیەوە. عیراق لەم ساتەدا دامودەزگای دەوڵەتی لاوازە دەروازە سنوریەکانی بەتەواوی لە ژێر هەیمەنەی حکومەت نین.
ململانێی ساڵانی رابردوی هۆزەکانی عەرەب لەجنوب و لەبەسرە بەتایبەت هەورەها هێزە مەزهەبیەکان لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازەکان و بۆری نەوت و گواستنەوەو حمایەت کردنی بوو.
لەبەر ئەوەی حدودی عیراق لەگەڵ دراوسێکانی ناسەقامگیر بوە ئەم سنورە بەنەخشەی ئیستعمار چەسپاوە نەک سروشتی و قبوڵکراو بۆیەکا تدخولاتی بەردەوام هەبوە یا کێشەی بەردەوام هەبوە.
ئەم کێشانە هەر ماوەیەک جارێ سەر هەڵدەدەن و ئینجا چارەسەر دەکرێت. لەدوای سی ساڵ بەکردنەوەی دەروازەی عەر عەر عیراق دوو دەروازەی لەگەڵ سعودیە هەیە دەروازەی جمیمە و عەرعەر.
بۆچونم لەم بارەوە ئەوەیە کردنەوەی دەروازەی سنوری بە رووی وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە سەرەتایەکی نوێ لە ئاراستەی سیاسی لە عیراق دروست دەکات. ئەگەر دەوڵەتەکە لەناوخۆدا بەهێزبوو بەقازانجی ئابوری عیراق و خەڵک دەشکێتەوە. ئەگەریش هەر وەکو ئیستا بمێنێتەوە، ئینجا دەستێوەردانی سعودیەش لەپاڵ ئەمریکاو ئیران لەناوخۆی عیراق زیاتر دەکا
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق