رێباز حه‌ملان: ره‌وشی دارایی هه‌رێم به‌ره‌و دۆخێكی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، رایگه‌یاند، ره‌وشی دارایی هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌و دۆخێكی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لەدیمانەیەکی تلفزیۆنیدا رایگه‌یاند، به گشتیی ره‌وشی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان، عێراق و جیهان به هۆی قه‌یرانی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه ناجێگیره.
گوتیشی: له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆماندا ده‌توانین بڵێین به‌راورد به چه‌ند مانگی رابردوو، كه به هۆی كه‌ره‌نتینه و راوه‌ستانی جموجووڵی بازرگانییه‌وه، داهات زۆر كه‌میكردبوو، ئێستا ره‌وشه‌كه باشتره و ده‌توانین بڵێین سه‌رچاوه‌كانی داهاتی ناوخۆیی بووژاونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: به هۆی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی داهات، رێژه‌ی داهاتی ناوخۆ به‌رز ده‌بێته‌وه و كێشه‌ی به‌رچاویش ئه‌وه‌یه، قه‌باره‌ی خه‌رجی له هه‌رێمی كوردستان زۆر گه‌وره‌یه.
رێباز حه‌ملان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و قه‌یرانانه‌ی دێنه ئاراوه، ره‌نگه له سه‌رووی پێشبینی و خه‌مڵاندنی حكومه‌ته‌وه بن، بۆ نموونه هه‌رێمی كوردستان خه‌رجی و سیستمی دابه‌شكردنی مووچه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای (320) ملیار دیناری عێراق رێكخستبوو، به‌ڵام له پڕدا ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و پاره‌یه نانێرین، یاخود پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان نابن.
روونیشیكرده‌وه، ته‌نانه‌ت رێككه‌وتنی عێراق له‌گه‌ڵ ئۆپیك زیانی له داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان داوه، بۆ نموونه، كاتێك عێراق پابه‌ند بووه به كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، ئه‌و پابه‌ندبوونه هه‌رێمی كوردستانیشی گرتووه‌ته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، رێباز حه‌ملان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به بڕی 755 ملیۆن دۆلار هه‌یه بۆ دابینكردنی مووچه، نه له رێگه‌ی داهاتی ناوخۆیی و نه داهاتی نه‌وت به‌یه‌كه‌وه ناتوانرێت ئه‌و بڕه پاره‌یه به‌رده‌ست بخرێت، چونكه به هه‌ردووكیان نیوه‌ی ئه‌و داهاته‌یه.
له باره‌ی هه‌ڵوێستی "مسته‌فا كازمی"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه، رێباز حه‌ملان گوتی: پێویسته ره‌چاوی ره‌وشی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بكرێت، چونكه كه‌وتووه‌ته ژێر فشارێكی زۆر و ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی یاسای وه‌رگرتنی قه‌رز ره‌فتار بكات، رووبه‌ڕووی به‌رپرسیارێتی ده‌بێته‌وه.
ئاشكراشیكرد، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا "مسته‌فا كازمی" به دوای ده‌رچه‌یه‌كی یاساییدا ده‌گه‌ڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات و ئێمه‌ش باسمان له‌وه كردووه، ئه‌گه‌ر به گوێره‌ی یاسا بڕیار بێت به‌غدا مووچه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌ی كۆتایی (2020) ره‌وانه نه‌كات، ئه‌وا ده‌كرێت مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه بدات، كه قه‌رزه له‌سه‌ری و نه‌یناردووه، كه مانگه‌كانی (ئایار، حوزه‌یران، ته‌مموز)ی ئه‌مساڵن.
رێباز حه‌ملان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سبه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌بات و تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر پێدانی متمانه به شاندنی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه و شانده‌كه ئاماده‌ن روو له به‌غدا بكه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: شاندی هه‌رێم له‌سه‌ر دوو بابه‌ت ده‌یه‌وێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات، ئه‌وانیش، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مووچه‌ی ئه‌مساڵ و داڕشتنی بودجه‌ی (2021)ـی ئیتیحادین.
له باره‌ی ئه‌گه‌ری هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌رگرتنی قه‌رزه‌وه، رێباز حه‌ملان گوتی: هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه نه‌دراوه، چونكه ئه‌وان كێشه‌یان بۆ درووست ده‌بێت و خه‌رجكردنی مووچه راده‌گیرێت، بۆیه هیچ هه‌وڵێك نه‌دراوه و ئه‌وان په‌له‌یان بوو بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه. ده‌بوایه نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كاری جددیان كردبا بۆ هه‌مواركردنه‌وه، به‌ڵام كات نه‌ماوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: ئه‌مه‌ریكا، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌ریتانیا، ئێران و توركیا ئاگاداری ورده‌كاری رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدان و حكومه‌تی هه‌رێمیش ستراتیژیی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه و كابینه‌ی نۆیه‌م له (10ی ته‌مموز) سوێندی یاسایی خواردووه، له (16ی ته‌مموز)، سه‌ردانی به‌غدای كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌كانیش بۆ رێككه‌وتن، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان قبوڵی بچووككردنه‌وه‌ی كیانی ده‌ستووری هه‌رێم بۆ پارێزگایه‌ك ناكات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق