لە ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانیدا، سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بەڵێن دەدەین كە رێگە نەدەین سلێمانی بكرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییە سیاسییەكان و نەهێڵین بكەوێتە پاشكۆی رووداوەكان و رێنەدەین لەمە زیاتر و بە مەبەست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت."
ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانییە و 236 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو شارەدا تێدەپەڕێت، سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو یادەدا رایدەگەیێنێت "بۆ یەكێتی، سلێمانی، شاری ھەڵمەت و قوربانی، دایك و ھەستانەوە و ھەڵگیرساندنی شۆڕش و بەردەوامیی خەباتمانە. ئەمەش وا دەكا ئەرك و بەرپرسیارێتیمان زیاتر بێ بەرامبەری و، لەئاست گەورەیی و مەزنیی سلێمانی، خزمەتكاری راستەقینە بین."
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەدات " بەڵێن بێت لەئاست گەورەیی و مەزنیی سلێمانی، خزمەتكاری راستەقینە بین. لە ھەموو رووەكانەوە، ئاوەدانیی و گەشەپێدانی سلێمانی، بە ئەركی خۆمان بزانین و لەئاست گەورەیی و شكۆمەندی خەڵكی سلێمانی و تەواوی كوردستان بەڵێن بدەین كە یەكێتیی نوێ، یەكێتیی خزمەت و، یەكێتیی حكومدارییەكی باشتر و ئاوەدانتر و شایستەتر بێت. "
شاری سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە. 14ی تشرینی دووەمی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە بونیات نراوە و بە ناوی "سلێمان پاشا"ی باوکیەوە ناوی ناوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وا ئەمڕۆ سلێمانی 236 ساڵە و، لەو ڕۆژە تا ئێستا هەمیشە پێشەنگ بووە. لە روداوە كۆمەڵایەتی، مێژوویی، سیاسی، رووناكبیری و ئەدەبییەكاندا رەچەشكێن بووە. داینەمۆ بووە بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنەوە لەهەموو كایەكانی ژیاندا، و لەبەردەم هەر تەوژمێكی ناڕەسەندا، خۆڕاگر، و بۆ هەر نوێكردنەوەیەك، دەسپێشخەر و پشتیوان بووە. سلێمانی مەڵبەندێكی سەرەكیی كوردپەروەری و پەناگەی دەنگی ئازادە و هەرگیز دەسەڵاتی تاكڕەویی قبوڵ نەكردووە.
سلێمانی، خانەخوێیەكی میهرەبانە بۆ ھەموو پارت و پێكھاتە و ئاینزاكان. شاری پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردن و ئازادیی رادەربڕینە. شاری خۆڕاگری و بەرەنگاری بووە لە بەردەم پەتی سێدارە. داهێنەربووە لە سەرپێخستنی خەبات و جووڵانەوەی سیاسی و، ورە و وزەبەخشی شۆڕش و بەردەوامییە. سلێمانی، ئازا و ئازادە. زیندوێتی و یاخیبوون وەك دوو تایبەتمەندیی ئەم شارە، زادەی ھەڵكەوتنی دەیان رووناكبیر و تێكۆشەر و كەسایەتی بەرجەستە و سەركردەن لەبوارە جیاكانی ژیاندا، كە جێدەستیان لەبەرەوپێشبردن و زیندووێتی ئەم شارە و دیرۆكی كوردستاندا دیارە و، بۆ رۆژگاری خۆیان و ئێستاش، بوونەتە رێنیشاندەر و ئاڵاھەڵگری ئایندەیەكی روون.
ئەمڕۆ ئێمە لەسەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە دید و روئیایەكی راستەقینە و نوێوە لە سلێمانی دەڕوانین. وەك چۆن دامێنی كوێستانەكانی كوردستان، مەڵبەندی خۆڕسكی ژیان و گەشەی درەختە رەسەن و یاخییەكانە، سلێمانییش بۆ یەكێتی، خاكی بەپیتی ژیان و گەشە و نوێبونەوەیەتی. رەگی قووڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گۆڕستانی شەهیدانی ئەمشارە و بست بە بستی كوردستاندا چۆتە خوارێ، و رەشەبای هەر شۆڕشێكی نیشتمانی و كوردستانی، رابەرایەتی دەكا.
بۆ یەكێتی، سلێمانی، شاری ھەڵمەت و قوربانی، دایك و ھەستانەوە و ھەڵگیرساندنی شۆڕش و بەردەوامیی خەباتمانە. ئەمەش وا دەكا ئەرك و بەرپرسیارێتیمان زیاتر بێ بەرامبەری و، لەئاست گەورەیی و مەزنیی سلێمانی، خزمەتكاری راستەقینە بین. ھەموو هەوڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشەنگیی و زیندووھێشتنەوەی بێ. لەھەموو رووەكانەوە، ئاوەدانیی و گەشەپێدانی سلێمانی، بە ئەركی خۆمان بزانین و لەئاست گەورەیی و شكۆمەندی خەڵكی سلێمانی و تەواوی كوردستان بەڵێن بدەین كە یەكێتیی نوێ، یەكێتیی خزمەت و، یەكێتیی حكومدارییەكی باشتر و ئاوەدانتر و شایستەتر بێت.
ئەمڕۆ و لەم رۆژە مێژووییەدا، ئێمە لە سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێن ئەدەین كە رێگە نەدەین سلێمانی بكرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییە سیاسییەكان، نەهێڵین بكەوێتە پاشكۆی روداوەكان و، رێنەدەین لەمەزیاتر و بە مەبەست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت.
پیرۆز بێ یادی بنیادنانی شارە حەیاتەكە
دڵنیا بن یەكێتی لەئاست مەزنیی سلێمانی، بەرپرسیار و بەئەمەكە
سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق