لە شەشەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کوڕەکەیدا، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، رۆحی شەهید عەتا و هاوڕێکانی ئاسوودە بکەن.
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان نووسیویەتی، کوڕەکەی "لە 26ی تشرینی دووەمی 2014دا لە باشووری کەرکووک بەبێ پشتیوانیی هاوپەیمانیە نێودەوڵەتییەکان، لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە بەرامبەر هێرشێکی هێزەکانی داعش، توانیی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن، ئەم سەرکەوتنەش بە خوێنی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان و شەهید عەتای جوانە مەرگ تۆمارکرا".
محەممەد حاجی مەحموود باسی لەوە کردووە، بۆ ئەو ئەو رۆژە وەکو رۆژێکی ئاسایی وابوو، "چونکە ئەو رۆژەی عەتا و هاوڕێکانی شەهید بوون، هەموو عەتاکانی دیکە لە سۆسیالیست و هێزەکانی دیکە هەموویان وەکو عەتا وان لەلای من".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە "ئاواتی عەتا و هەموو شەهیدەکانی دیکەش ئەوە بوو، ئەوەی کورد قارەمانانە توانیویەتی دووژمن بشکێنێت، وەکو هەمیشە تێکیشکاندووە و راویناوە، بەڵام لەدوای شەش ساڵ جگە لەوەی ئەو ناوچانە بە کەرکووکیشەوە تەسلیم بە دووژمن و بەغداد کردووە، ئێستاش دەیانەوێت لەپێناو مشتێک پارەی تەزویری عێراقدا خوێنی شەهیدەکانیش بخرێتە ژێر پرسیارەوە..؟"
لە پەیامەکەیدا سکرتێری حیزبی سۆسیالیست داوا لە حکومەت و پەرلەمان و هەموو لایەک دەکات "چیتر خۆتان تەسلیمی دەستی قەدەر مەکەن و خۆتان ئیدارەی خۆتان بدەن و خۆتان رێکبخەن، چاوەڕێی شۆڤێنیی عەرەب لە بەغداد مەبن".
لە کۆتاییشدا نووسیویەتی "ماڵی کوردستان رێکبخەن و داهات و بەروبوومی کوردستان کۆبکەنەوە و ئیدارەیەکی گونجاو رێکبخەن و شەهیدەکان ئاسوودە بکەن"
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق