تەنیا چەند رۆژێکی کەم ماوە کۆتایی بە ساڵی 2020 بێت، ئەو ساڵەی کە بەشێکی زۆری خەڵک بە ساڵێکی "شووم" ناوی دەبەن. ساڵی 2020 بۆ هەموو جیهان ساڵێکی پڕ لە ئاڵنگاری و گۆڕانکاری بوو، بەشێک لە کێشەکانی ساڵی 2019 پەلیان بۆ ساڵی 2020 کێشا و کاریگەرییان لەسەر درێژایی ساڵەکە هەبوو
ئاگری دارستانەکانی ئوسترالیا یەکێک بوو لەو رووداوانەی کە لە 2019ـەوە دەستیان پێکرد، بەڵام لە 2020 گەیشتە لوتکە و لە هەموو جیهان کاردانەوەی هەبوو.
لە ئەنجامی ئاگرەکە زیاتر لە 190 هەزار کیلۆمەتر دووجا دارستان سووتان، زیاتر لە 25 هەزار کوالا گیانیان لەدەستدا و زانایانی ژینگەش پێیانوایە ژمارەیەک زیندەوەر لە ئاگرکەوتنەوەکان بەتەواوی لەنێوچوون
تەنیا سێ رۆژ لە ساڵی 2020 تێدەپەڕی کە هەواڵی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قوودسی ئێران هەموو جیهانی هەژاند، دەنگوباسی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەم بووە یەکێک لە ترێندە سەرەکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
دوای سێ رۆژ لە کوژرانی قاسم سولەیمانی پەرلەمانی ئێران بڕیاری دا بەشێوەیەکی بێسنوور دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە.
چەند جارێکیش ئێران هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و سوور بوو لە دوورخستنەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لە مانگی شووبات ترەمپ لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەهۆی "خراپ" بەکارهێنانی دەسەڵات دادگایی کرا، ئەنجامی دادگاییەکەش مانەوەی ترەمپ بوو لە سەرۆکایەتیی ئەمریکا
ئەو کاتەی جیهان سەرقاڵی گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا بوو، ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژ بە رۆژ تەشەنەی دەسەند. لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری هەڵدا، بەڵام لە 20ـی کانوونی دووەمی 2020 بوو کە چین باری لەناکاوی راگەیاند.
دوای هەفتەیەک حکومەتی چین دەستی بە بنیاتنانی نەخۆشخانە و کارگەی دروستکردنی دەمامک کرد.
کەمتر لە دوو مانگی خایاند کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڤایرۆسەکەی وەکو پەتایەکی جیهانی ناساند وهۆشداری بە هەموو وڵاتەکان دا.
دوابەدوای راگەیاندنەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەشێک لە وڵاتەکان گەشتکردنیان قەدەخەکرد و بەشێکی زۆری فڕۆکەخانەکان داخران.
قەدەخەی گەشتکردن لەنێوان وڵاتەکان نەیتوانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات، چونکە ڤایرۆسەکە سنووری وڵاتەکانی بەزاندبوو. بۆیە بەشێک لە وڵاتەکان بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لەنێو شارەکانیان دا.
کۆرۆنا گۆڕانکاری بەسەر شێوازی ژیان، ئابووری و پەیوەندیی سیاسی هێنا، ڤایرۆسەکە بەقووڵی جێ پێی خۆی لەسەر ساڵی 2020 دانا، بەجۆرێک دەکرێت زۆربەی رووداوەکانی ئەو ساڵە بە ڤایرۆسەکەوە گرێبدرێن.
داخستنی بازاڕ و کارگەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نرخی نەوت و زێر هەبوو، چونکە قەدەخەکردنی هاتووچۆ و داخستنی کارگەکان خواستی لەسەر بەنزین کەمکردەوە و نرخی نەوت دابەزینێکی مێژوویی تۆمارکرد.
دابەزینی نرخی نەوت ناکۆکیی نێوان وڵاتانی ئۆپێك و ئۆپێک پلەسی قووڵکردەوە. وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەیانویست لەڕێگەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نرخی نەوت جێگیر بکەن.
یەکێک دیکە لە لێکەوتەکانی قەدەخەی هاتووچۆ، پاکبوونەوەی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بوو.
لافاو ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیای گرتەوە وەکو: ئەندەنووسیا، چین، ژاپۆن و نیپاڵ
ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر کۆبوونەوە جیهانییەکانیش هەبوو، حکومەت و سەرکردەی وڵاتەکان بە ئۆنلاین کۆبوونەوەیان دەکرد، ئەوەش شێوازێکی نوێ و سەردەمییانە بوو بۆ کۆبوونەوە.
تەنانەت رێوڕەسمی حەجیش ئەمساڵ وەکو ساڵانی دیکە نەبوو
لەمیانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کوشتنی جۆرج فلۆید، رەشپێستێکی ئەمریکی کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، خۆپێشاندانەکانی دژی جیاوازیی رەگەزایەتی بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئەمریکا درێژەی کێشا.
کاردانەوەکانی کوشتنی جۆرج فلۆید بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکانیشی گرتەوە. بەشێک لە خەڵک پەیکەری ئەو کەسانەیان دەشکاند کە پێیانوابوو رەگەزپەرست بوون
لە 3ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرا، و هەموو جیهان چاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوو.
ئەمساڵ رکابەرییەکان لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان و لە بەرامبەریشدا جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بوو.
بە بۆچوونی شارەزایانی سیاسیی ئەمریکا، دۆخی تەندروستیی وڵاتەکە، لێکەوتە ئابوورییەکانی کۆرۆنا و خۆپێشاندانی رەشپێستەکان "کاریگەریی زۆریان" لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەبوو.
دوای نزیکەی هەفتەیەک ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیێندراو و جۆ بایدن، وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دیاریکرا.
سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکان، دۆناڵد ترەمپ تانەی لە ئەنجامەکان دا و هەڵبژاردنی ئەمساڵی بە "گەندەڵترین هەڵبژاردنی مێژووی ئەمریکا" باسدەکرد.
لە 9ـی تشرینی دووەم کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک وەکو یەکەم کۆمپانیای دەرمان "سەرکەوتنی" ڤاکسینەکەیان راگەیاند.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق