سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا گارید کۆشنێر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ تیمێکی یاوەرانیدا سەردانی سعودیە و پاشان قەتەر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵاتدا کۆدەبێتەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی 'رۆیتەرز' رایگەیاندووە، کۆشنێر لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیەدا کۆدەبێتەوە لە شاری نیۆم و دواتر چاوی بە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر دەکەوێت.
بەرپرسێکی پلەباڵای کۆشکی سپی قسەی بۆ 'رۆیتەرز' کردووە و رایگەیاندووە کۆشنێر کە زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاشە، بەیاوەری ئاڤی بیرکۆڤیچ و براین هۆک، نێردراوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئادەم بۆهلەر، سەرۆکی دامەزراوەی پارەدارکردنی گەشەی نێودەوڵەتی ئەمریکا، سەردانی ناوچەکە دەکات.
ماڵپەری 'ئێکسیۆس'ی ئەمریکی گوتوویەتی، سەردانەکەی کۆشنێر دوا هەوڵی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەبێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەی کەنداو کە بەرلە سێ ساڵی سەریانهەڵدا، کاتێک هەریەکە لە سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند و ئابڵووقەیان خستە سەر ئەو وڵاتە.
لەلای خۆیەوە، رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و کەنداوی گواستەوە، فۆکەسی سەرەکی وتووێژەکان دەخرێتە سەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست، بەڕێگەگرتنی هاموشۆی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی قەتەر بەسەر ئاسمانی ئیمارات و سعودیەدا.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، دەوڵەتانی ئابڵوقەسەپێن بەسەر قەتەردا، کۆی داواکارییەکانی خۆیان لە قەتەر بۆ رێکەوتن لەگەڵی، لە 13 ساڵدا پوختکردووەتەوە و سعودیە لەوانیدیکە زیاتر ئامادەیی بۆ پێکهاتنەوە لەگەڵ قەتەردا، پێشانداوە.
نزیکەی دوو هەفتە بەر لەئێستا، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنەمای سەروەری لەگەڵ دراوسێ کەنداوییەکانی پێشاندا. هاوکات رۆبێرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، ئیدارەی سەرۆک ترەمپ دەخوازێت بەرلە ماڵئاواییکردن لە کۆشکی سپی، کێشەی نێوان دەوڵەتانی کەنداو، چارەسەر بکات.
ئەو چوار دەوڵەتەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر هەڵپەساردووە، لە حوزەیرانی 2017دا، دیپلۆماتکارانی خۆیان لە دەوحە کێشایەوە و ئابڵووقەی ئابوورییان خستە سەر قەتەر، 13 خاڵیان وەک پێشمەرج بۆ پاشەکشە لە بڕیارەکانیان داناوە. ئەو دەوڵەتانە قەتەر تۆمەتباردەکەن بەدەستخستنە ناو کاروبارەکانیان و پشتگیری ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی لەو وڵاتانە تووندوتیژی دەکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق