سەرۆكی فەرهنسا، ئیمانوێل ماكرۆن، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی "زانیاری وردی" ھەیە، كە جەخت لە ھەبوونی چەكدارە سوورییەكان دەكاتهوه لە شەڕی قەرەباخ و ئەو چەكدارانە لە لایەن توركیاوە نێردراون بۆ ئەوێ.
دوای گەیشتنی بۆ برۆكسل بە مەبەستی بەشداریكردن لە لوتكەی ئەوروپایی، ماكرۆن گوتی: "ئێمە زانیاری وردمان لە لایە، ئاماژە دهكەن بەوەی چەكدارانی سووری گۆڕەپانی شەڕیان لە "غازی عنتاب" جێھێشتووە و بەرەو بەرەكانی شەڕ چوونە لە قەرەباخ".
سەرۆكی فەرنسا گوتیشی: "ئەمە كارێكی زۆر مەترسیدارە، ئەم بابەتە لە كاتژمێرەكانی داھاتوودا باس دەكەین".
ھەر لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربیجان لە سەر ھەرێمی قەرەباخ لە یەكشەممەی رابردووە، یەریڤان ئەنقەرەی تۆمەتباركرد بەوەی بەكرێگیراوانی سوورییان ھەناردەی باكۆ كردووە بۆ بەشداریكردن لە شەڕدا، ئازەربیجانیش لە لای خۆیەوە ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو راپۆرتانەی باسی گواستنەوەی چەكدارانی سووری دەكەن بۆ قەرەباخ و جەختیكردەوە لەوەی زانیارییان ھەیە، كە راستی ئەو راپۆرتانە دەچەسپێنێ.
گۆتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆفا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی: ئەو زانیارییانەی باسی ناردن و گواستنەوەی چەكداران دەكەن لە باكووری سووریا بەرەو قەرباخ، جێگەی نیگەرانییە.
روونیشیكردەوە، بڵاوبوونەوەی ئەو ھەموو وێنە و ڤیدیۆیە لە پێگەكانی میدیای كۆمەڵایەتیدا راستگۆیی ئەو راپۆرتانە دەچەسپێنێ.
زاخارۆفا گوتی: رووسیا بەڵگەی بەدەستەوە ھەیە، كە ھەبوونی چەكدارانی سووری لە قەرەباخ دەچەسپێنێ و روونیكردەوە، قسەكردن لە سەر ئەم مەسەلەیە تەنیا لەسەر ئەو راپۆرتە راگەیاندنانە نییە.
بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا جەختی لەسەر راستی ئەو زانیاریانە كردەوە، كە باس لە ھەناردەكردنی سەدان بەكرێگیراوی سووری دەكەن لە لایەن توركیاوە بۆ پشتیوانیكردنی ئازەربیجان لە شەڕدا دژ بە ئەرمینیا.
ئەو بەرپرسە ئەمەریكاییە، كە نەویست ناوی ئاشكرابكرێت گوتی: "ئەو راپۆرت و زانیاریانه باس لە دەیان گەشت دهكەن لە نێوان توركیا و ئازەربیجان لە رۆژانی رابردوو بۆ گواستنەوەی سەدان بەكرێگیراو راستن و چەسپاون".
ھۆشداریشدا لەوەی ئەنقەرە دەستوەردانی راستەوخۆ لەو شەڕەی ناگۆرنۆ قەرباخدا بكات، "بەڕێگای پشتیوانیكردنی لەیەنەكانی شەڕكەر بە ناردنی بەكرێگیراو، چەك و دابینكردنی پشتیوانی ھەواڵگری بۆیان".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق