مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی خۆپێشاندانەکان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەت هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتیان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات. خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش، بە مافێکی رەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای رەوای خەڵک".
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ، کە بەداخەوە تا ئێستا نەیناردووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، هەموو نەرمییەکیشی نواندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ، کەچی بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێ بژێوی خەڵک بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان ، هەوڵی تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن .
بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک، بۆیە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ لە گەڵ پاراستنی گیانی گشت هاووڵاتییان ، بە خۆپێشاندەرانیشەوە ، ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر تووندتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانيش ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.
ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە . هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامیی و قەوارەی هەرێمی کوردسنان، کە ئەرکی هەموومانە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/12/7
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق