نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا لە بەرزبوونەوەدایە و گەشبینییەکی زۆریش هەیە ئەو بەرزبوونەوەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەردەوام بێت.
شەوی هەینی 18-12-2020 نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 52 دۆلاری تێپەڕاند، نرخی یەک بەرمیل نەوتی ئۆپێک گەیشتە سەروو 50 دۆلار و نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تەکساسیش گەیشتە نزیکەی 49 دۆلاری ئەمریکی.
لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا هێندەی ئێستا نرخی نەوت بەرزنەبووە و هەندێک هۆکاریش هەن وایانکردووە، گەشبینییەک دروستبێت کە ئەو بەرزبوونەوەیە بەردەوام دەبێت.
یەکێک لەو هۆکارانە بریتییە لە دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەڵێنی دەستکردن بە هەڵمەتی کوتان لە ژمارەیەک وڵاتی کاریگەری ئەوروپای وەک ئەڵمانیا پێش کۆتایی ئەمساڵ.
زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لە لایەن چین و هیندستانەوە یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی وایکردووە، نرخی نەوت بەرزبێتەوە.
فیل فلین، شرۆڤەکاری ناسراوی ئەمریکی دەڵێت، گەشەی ئابووری لە وڵاتانی ئاسیا دەستی پێکردووەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت پێش سەری ساڵ، خواست لەسەر نەوتی خاو لە وڵاتانی ئاسیا زۆر بەرزبێتەوە.
نزیکبوونەوەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش لە کۆنگرێس بۆ دەنگدان لەسەر پاکێجێکی 900 ملیار دۆلاریش کاریگەری خۆی لەسەر بازاڕی ئەمریکا دروستکردووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق