تا دێت بارودۆخی عێراق بەدەستی میلیشیا چەکدارەکانەوە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات و چاودێرانی دۆخی سیاسیش پێیانوایە ئەو وڵاتە بەو هەموو چەکدار و میلیشیایەوە باسکردن لە هەڵبژاردن قسەیەکی بێمانایە.
سیاسەتوانێکی کوردیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەو دۆخەوە ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت قیمەتی نابێت، چونکە سەرژمێری نەکراوە و ئەنجامەکەی پێشوەختە دیارە کە تەزویر دەکرێت.
لەماوەی رابردوودا، بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاشکرای کرد، هەندێك لایەن لە ئێستاوە پيلانی ئەوە دادەنێن هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانیی ساختە بكەن.
گوتیشی: "هەندێك لایەن دیکەش جدی نین لە رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن و هەندێكی دیکەش پيلانی ئەوە دادەڕێژن ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕن".
هاوکات، سیاسەتوانی کورد، د.مەحموود عوسمان، رایگەیاند: "ئەگەر هەڵبژاردن لە عێراق بەو دۆخەوە بشکرێت هیچ قیمەتێکی نابێت، چونکە ڕەنگە بکرێت، بەڵام هەڵبژاردنێک پاک و ئازاد نەبێت بە هەڵبژاردن دانانرێت و وا بڕیار بوو سەرژمێری پێش هەڵبژاردن بکرێت، تەنیا هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، بەڵام دووبارە سەرژمێری نەکرا، ئەوەش روونە کە بابەتی ئەنجامنەدانی بۆ ئەوەیە ساختەکاری لە هەڵبژاردن بکرێت، جگە لەوەش گەندەڵیەکی زۆر لە عێراق هەیە و چەکێکی زۆریش بەدەستی میلیشیاکانەوەیە کە وا بڕیار بوو ئەویش چارەسەر بکرێت و نەکرا، بەشێوەیەک هەموو ئەو دۆخەی باس دەکرا هیچی چارەسەر نەکراوە".
ئەو چاودێرە سیاسییەی کورد، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: "ئەمنیەت لە عێراق نەماوە و کەوتووەتە دەست ئەو هێزە چەکدارە میلیشیایانەی بە ئاشکرا دەڵێن سەر بە ئێرانین، بەو دۆخەشەوە هەڵبژاردن واشی دابنێین کرا، هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد نابێت، چونکە دۆخەکە لە کاتێکی زۆر خراپدایە کە قسە دەکەین، ئەگەر بێت و ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی دابخات، ئەوە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش بەدوایدا دای دەخەن، بەوەش نەک هەڵبژاردن وڵاتەکە ئەهمیەتی نامێنێت".
د.مەحموود عوسمان، ڕاشی گەیاند: "دۆخەکە لە دەستی حکوومەت دەرچووە، تەنانەت ئەو رێککەوتنانەشی دەیکات ناتوانێ جێبەجێیان بکات، مستەفا کازمی وەکوو سەرۆکوەزیران و حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتنە رێککەوتن، وا بڕیار بوو سێ بەشە مووچە کە لە ئەمساڵدا مابوون بنێردرێت، بەڵام ئەوەتا تا ئێستا بەهۆی فشاری ئەو لایەنە باڵادەستانەی هێزە شیعیەکان بەسەر حکوومەتەوە نەنێردراوە، چاوەڕوانیش ناکرێ بنێردرێت".
ئەو چاودیرە سیاسییە گوتیشی: "مستەفا کازمی لەبەر ئەوەی کوتلەیەکی بەهێزی پەرلەمانی نەبووە، نەیتوانیوە لە بەرامبەر بەو هێزە شیعیە باڵادەستانە بوەستێت و ئەوەی دەیگوت دەیکەین، بیانکات، وەکوو نەمانی گەندەڵی و چاکسازی و دەرهێنانی چەک لە دەستی میلیشیاکان، لەبەر ئەوە دۆخەکە بە کەڵکی هەڵبژاردنێکی راستەقینە نایەت".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق