وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، راگرتن و هەڵپەساردنی پێشوازیکردنی وڵاتەکەی لە هەزاران پەنابەر راگەیاند، کە بڕیاربوو ئەمساڵ بچنە ناو خاکی ئەڵمانیاوە.
پەنابەران بڕیاربوو لە میانی پڕۆگرامی ناسراو بە 'سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوە' لەلایەن حکومەتی ئەڵمانییەوە پێشوازییان لێبکرێت.
وەزارەتە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکرد، پەنابەرەکان دەبوو بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بچنە ناو ئەڵمانیاوە، بەڵام کارەکە بۆ ساڵی داهاتوو دواخراوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا 'دی پی ئەی' ئاشكرایکرد، کارەکە پەیوەندی بەو پەنابەرانەوە هەیە، کە پێویستیان بەهاوکاری بەپەلە هەیە، ئەوانەی راستەوخۆ لە وڵاتەکانی خۆیانەوە دەبرێنە ئەڵمانیا لە میانی پڕۆگرامی 'سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوە'.
بەگوێرەی پڕۆگرامەکە، ئەڵمانیا رێگەیدەدا نزیکەی 5500 پەنابەر ئەمساڵ بگەنە ناو سنوورەکانی، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە تەنیا 1178 کەس خۆیان گەیاندووەتە ئەڵمانیا، ئەمە جیا لە چەند کەسێک کە ساڵی رابردوو بڕیاربوو بگەنە ئەڵمانیا و گەیشتنیان دواکەوتبوو.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، پەنابەرە دواکەوتووەکانی ئەمساڵ، لە کانوونی دووەمی داهاتووەوە پێشوازییان لێدەکرێت و تاوەکو کۆتایی ساڵ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
لە 'پڕۆگرامی سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوە'دا، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کەسانە هەڵدەبژێرێت کە پێویستیان بەمافی پەنابەری هەیە و دۆسێی تایبەتیان بۆ دەکاتەوە، دواتر لەگەڵ 'نووسینگەی فیدراڵی پەنابەرانی ئەڵمانیا' گفتوگۆ دەکات، بۆ دەستنیشانکردنی کەسە رەزامەندی پێدراوەکان بۆ چوونە ناو خاکی وڵاتەکەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق