ڕاپۆرت: خزمەتگوزاریەكان لە نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی حكومیدا

ليست هناك تعليقات


ڕاپۆرت - كوردپلات
-
لە ئێستادا كەرتی حكومی نەیتوانیوە وەك پێویست سەركەوتووبێت ڵە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریە مەدەنیەكاندا، حیزب بەتەواوی هەیمەنەی بەسەر دامەزراوەكاندا هەیە و بەرپرسە حیزبیەكان دەهێندەی بەرپرسە حكومیەكان باڵادەستیان هەیە بەسەر دامەزراوە حكومیەكاندا

هەرێمی كوردستان زۆر باش دەتوانرێت سود لە كەرتی تایبەت وەرگرێت، دەتوانێت ژمارەیەك خزمەتگوزاری بەقازانجی خەڵك بەتەواوی بداتە كەرتی تایبەت، ئەو كات بەقازانجی هاوڵاتیان دەشكێتەوە و كەمێكیش باری لاری حكومەت ڕاست دەكرێتەوە

لەو وڵاتانەی كە كەرتی تایبەت كەوتۆتە سەر ڕێچكەی ئاسایی خۆیی، هاوڵاتیان سودمەندی یەكەمی ئەو بەشەن كە كەرتی تایبەت دەیبات بەڕێوە

بەڵام كەوتنە سەر سكەی ئاسایی كەرتی تایبەت تەنها بە قسە و یاسا و ڕێنمایی نابێت بەڵكو پێویستی بە ئیرادە و نیەتێكی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو خزمەتگوزاریانەی دەتوانرێت كەرتی تایبەت بەڕێوەیان بەرێت بدرێتە كەرتی تایبەت، كارەبا و ئاو و ڕێگاو بان و بازرگانی و وەبەرهێنان و زۆرێك لەو كەرتانە هیچ پێویستیان بە حیزب و دەسەڵات نیە بۆ بەڕێوبردنیان بەڵكو تەنها پێویستیان بە چۆنیەتی مامەڵەی دەسەڵاتەوەیە بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت تیایدا سەركەوتووبێت، پێویستیان بەوەیە ئەم كەرتانە لە ململانێی سیاسی و حیزبی بێنەدەرەوە و بەرپرسانی حیزبی چاویان لەسەر سودی مادی نەبێت لەو كەرتانەدا، بەڵكو چاویان لەسەر كەرتی تایبەتبێت تا بتوانێت باشترین كوالیتی خزمەتگوزاری پێشكەش بكات

كەرتی تایبەتیش بۆ خۆی كێشەی گەورەی هەیە و پێویستە ڕێك بخرێتەوە، ئەو كۆمپانیایانەی كە تەنها چاویان لە كۆكردنەوەی سەرمایەیە و نەیانتوانیوە وەك پێویست لە بواری خۆیاندا سەركەوتووبن دوور بخرێنەوە و ڕێگە نەدرێ بچنە نێو مزایەدەكانەوە، تا بە لێدانی ڕەقەم سەرلە كۆمپانیا دروستەكان نەشێوێنن.

لە هەرێمی كوردستاندا وێڕای تێبینی لەسەر كۆمپانیاكان و تێكەڵیان بە بەرپرسان( هەندێكجار ئەو تێكەڵیە زۆرە ملێیە نەك خۆویستانە) چونكە بازرگانێك كە سەرمایەكەی هەڵكشا و كەوتە بەر چاوان. پێویستی بە پاراستن و زەمانی مانەوەیە، پێویستە سیستەمێكی تۆكمە هەبێ بۆ پاراستی چ لە ڕووی سەرمایەكەی چ پاراستنی ئەمنی كە كەس نەتوانێ بەڕێگەی نایاسایی سودمەندبێت لێی،

بەڵام كاتێك حیزب و حكومەت و دامەزراوەكان دەكەونە بەر ڕەحمەتی بەرپرسان و دەسەڵاتیان، كاتێك بەرپرسێكی باڵای سیاسی یان سەربازی بەهۆی دەسەڵات و نفوزیەوە دەبێتە مافیایەكی شاراوە و لە ڕێگەی مەترسی خستنە سەر گیان و سەروەتی بازرگانێك و لە بەرامبەردا داوای سەرانەی لێدەكات، بازرگانەكە ناچارە بەجۆرێك تێكەڵ بە بەرپرسان و حیزب ببێت تاكو خۆیی و سەروەتەكەی پارێزراوبن

وێرای هەموو ئەمانەش چەندین كۆمپانیا و بازرگانی سەركەوتوو بوونیان هەیە و توانیویانە لە ڕێگەی كارەكانیانەوە ببنە بەشێك لە سەركەوتن و گەشەكردنی وڵات لە كارەكەی خۆیاندا

گەر سەرنجی بواری بیناسازی و نیشتەجێبوون بدەیت، بەڕووی بۆت دەردەكەوێت كە ژمارەیەك باڵەخانە و یەكەی نیشتەجێبوون بوونەتە سەرمایە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی سودمەند بوون تیایانداو و بەشێكیش لەو بازرگانە گیرفان خاڵیانەی بە هۆی حیزبەوە گیرفانەكانی خۆیان و بەرپرسەكانیان پڕكرد، چۆن پڕۆژەكانیان شكستیان خواردوە و بوونەتە سیمایەكی ناشیرین لە شاردا و هاوڵاتیانی بەشدار بووی پڕۆژەكانیشیان چ شكستێكیان بەركەوتووە و بەهۆی گەندەڵیەو چاوچنۆكیەوە یەكەكانی نیشتەجێبوونیان بە كەم و كورتی و تەواو نەكراوی دەستهێشتوە و هاوڵاتی ئاسایی باجەكەی دەدات

بۆیە ئەوەی پێویستە بۆ سەركەوتنی كەرتی تایبەت بە قازانجی خەڵك ئەوەیە كە

یەكەم

كۆمپانیا سەركەوتوەكان جیا بكرێنەوە لە كۆمپانیا شكستخواردوەكان و مامەڵە لەگەڵ دوەمیان نەكرێت

دووەم

ئیرادەیەكی بەهێز بە تەواوی دەستی حیزب و بەرپرسان لەم كەرتەدا ببڕێت، بە جۆرێك هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێك نەتوانێت ببێتە مەترسی لەسەریان

سێهەم

ڕێكارێكی توند دابنرێت بۆ لێپرسینەوە لە كۆمپانیا كەمتەر خەمەكانی كەرتی تایبەت

چوارەم

وەزارەتە خەدەمیەكان لە ململانێی حیزبی و پشك پشكێنە دوور بخرێنەوە بەتایبەت وەبەرهێنان، بدێنە دەست كەسانی سەركەوتووی ئەو بوارەی دەرەوەی حیزب

پێنجەم

پاراستنی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەری ڕاستەقینە(پاراستنی گیان و سەرمایە) بە یاسا و بە ئیرادەی سەركەوتنی یاساكە بكرێت، تا دڵنیایی بدرێتە وەبەرهێنەران سەرمایەكانیان وەگەڕ بخەن

شەشەم

هیچ كەرتێك بەتەواوی تەسلیم بە كەرتی بیانی نەكرێت، هەر كەرتێكیش لە توانای كۆمپانیایی ناوخۆیدا نەبوو، كۆمپانیای هاوبەشی دەرەكی هەبێت، بۆ ئەوەی ببێتە وەبەر هێنان لە كۆمپانیاكانیشدا بۆ داهاتوو پێویست بە كۆمپانیای دەرەكی نەكات

حەوتەم
كارئاسانی بۆ كۆمپانیا سەركەوتوەكان بكرێت بە جۆرێك كە بتوانن زۆرترین سود بە هاوڵاتیان و بوژانەوەی وڵات بگەیەنن

هەشتەم
هەلی یەكسان بدرێتە كۆمپانیاكان

بەم شێوازە دەتوانرێت كەرتی تایبەت ببێتە هۆی پێشكەشكردنی زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و وڵات بە ئاراستەیەكی باشی گەشەی ئابووری و خزمەتگوزاریدا هەنگاو بنێت

دەقی ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif