عێراق ساڵی ٢٠٢٠ی پڕ لە رووداو بەڕێکرد، سەرەتای ساڵەکە بە کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەستیپێکرد و کۆتاییەکەشی بە دابەزاندنی بەهای دینار بوو.
رۆژی سێی کانونی دووەم لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا، هەر یەک لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگرى سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.
لە یەکەم کاردانەوەدا پەڕلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا و بەبەشداری تەنها کوتلە شیعەکان یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکانی پەسەندکرد.
لە رۆژی ٨ی ئەو مانگەشدا ئێران وەک تۆڵەکردنەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی دەیەها موشەکی بالیستی ئاڕاستەی هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر کرد کە هێزەکانی ئەمریکای تێیدا جێگیرکراون.
بەدرێژایی ساڵەکە هێرش بۆ سەر هێزە بیانیەکان و نێردە دیپلۆماسیەکان بە تایبەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەردەوام بوو، واشنتۆن تاران و گروپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بەو هێرشانە تۆمەتبار کرد.
هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا کوشتن و کردنە ئامانجی چالاکوانان بەردەوام بوو، لەوانە ئەحمەد عەبدولسەمەد ڕۆژنامەنووسى دیار و رێهام یەعقوب کچە چالاکوانی بەسڕە و هیشام هاشمی نوسەر و توێژەر کوژران و گروپەکانی نزیک لە ئێرانیش بە کوشتنیان تۆمەتبارکران.
ئەگەرچی خۆپیشاندانەکان هاوشێوەی ساڵی پێشتر نەبوون، بەڵام چەند جارێک هاوڵاتیان رژانە شەقام و لە هەندێک شوێن گرژی هاتە ئاراوە، بەتایبەت لە نەجەف و ناسریە کە ئاڵۆزیی لە نێوان لایەنگرانی سەدر و خۆپیشاندەران بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.
دوای ئەوەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ەوە عادل عەبدولمەهدی دەستی لەسەرۆکایەتی حکومەت کێشایەوە، دوو هەوڵی پێکهینانی حکومەت شکستیهێنا و دواجار مستەفا کازمی لە مانگی نیساندا ئەو پۆستەی وەرگرت.
بڵاوبوونەوەی کۆڕۆناش یەکێکی تر بوو لە رووداوەکان، سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسەش بۆ یەکەم جار لە عێراق لەشاری نەجەف بوو، خوێندکارێکی ئێرانی زانستە ئیسلامییەکانی توشبوو کە بە مەبەستی خوێندن هاتبووە ئەو شارە و بە درێژایی ساڵەکە نزیکەی ٦٠٠ هەزار حاڵەتی توشبوون و زیاتر لە ١٢ هەزار حاڵەتی مردن تۆمار کران.
لە رووی ئابوریشەوە، لە ژێر ئەو دۆخەی کە کۆڕۆنا دروستی کردبوو، بەهای نرخی نەوت بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ خوار ٢٠ دۆلار دابەزی، ئابوری عێراقیش زیانێکی گەورەی بەرکەوت و کاریگەری کردە سەر بازاڕ و بژێوی خەڵک و بەهۆیەوە لە دوای ١٧ ساڵ موچەی فەرمانبەرانی عێراقیش بۆ دوو مانگ دواکەوت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە حکومەتی عێراق چەند رێکارێکی گرتەبەر، لەوانە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە کۆتایی ٢٠٢٠ لێکەوتەکانی پێشهات و رووداوەکانی ئەو ساڵە بەدی دەکرێن، لەلایەکەوە ئەگەری یەکلایی کردنەوە ململانێکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق لەئارادایە، لەلایەکی ترەوە هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجە و هەروەها گەیشتن و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنادان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق