سەرۆكی پەرلەمان: دانیشتنی پەرلەمان ببێتە هۆی گەرمکردنی گیرفانی خەڵک، ئەمڕۆ رایدەگەیێنین

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر بزانن دانیشتنێکی پەرلەمان دەبێتە هۆی "گەرمکردنی گیرفانی هاووڵاتییان"، ئەمڕۆ رایدەگەیێنن و 48 کاژێری دیکە کۆبوونەوە دەکەن، دەشڵێت "هیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک ئەگەر دڵنیا نەبین لەوەی کاریگەریی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک".

سەبارەت بە مانگرتنی بەشێک لە پەرلەمانتاران، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی "لەڕاستیدا بژاردەی مانگرتن و پێشکێشکردنی یاداشت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانەوە دەکرێت، بژاردەیەکی دیموکراسییانەی رێگەپێدراوی یاسای دەستوورییە، مافی خۆیانە داواکارییان هەبێت لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەوان لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە عێراقییەکان، "هەموو سەرنجیشمان ئێستا لەسەر ئەوەیە کار بکەین بۆئەوەی هەردوو حکومەت بگەنە رێککەوتنێکی بنەڕەتی تاوەکو خەڵکی هەرێمی کوردستان لەم دڵەڕاوکێیە رزگاری ببێت".

رێواز فایەق ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوان تەرکیزیان لەسەر ئەوەیە شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەکنیکی و سیاسی، "ئیش بۆ ئەوە بکەن کە بە زووترین کات بگەینە رێککەوتن سەبارەت بە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بۆ گەرەنتیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

گرنگتر لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەوەیە "هانی هەموو لایەنەکان بدەین بۆئەوەی بگەینە رێککەوتنێکی بنەڕەتی و پابەندبوونی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی، بە پابەندبوونە دەستووری و یاساییەکانیان، چونکە بابەتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، رادەستکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان و نیوەی داهاتی نێوخۆ لە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەمانە بابەتێکی دەستووری و یاسایین".

رێواز فایەق دەشڵێت "نوێنەرەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەرکێکی سەخت و قوورسیان لەئەستۆیە، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەو ئەرکە بۆ ئەوان سووک بکات بەوەی رایگەیاندووە پابەند دەبێت بە یاسای قەرز، دەبێت رایبگەیێنێت پابەندیش دەبێت بەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقی دەیکات و بە کردەیی دەست بە جێبەجێکردنی بکات".

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندان دەستیپێکردووە و بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانیشەوە چەند کەسێک کوژراون و ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون.


 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif