هەرێمی كوردستان پشكێك لە قەرزەكانی عێراق وەردەگرێت‌

ليست هناك تعليقات


 

هەرێمی كوردستان پشكێك لە قەرزی عێراق وەردەگرێت كە بڕەكەی 320 ملیار دینارە و چاوەڕوان دەكرێت لەم رۆژانەدا پارەكە بگاتە هەولێر، هاوكات گفتوگۆكانی رێككەوتن لەبارەی بودجەی 2021 هەنگاوی زۆریان بڕیوە و هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كە لەم رۆژانەدا ناوەرۆكەكەی بڵاودەكرێتەوە، بەڵام هێشتا واژۆ نەكراوە.


یاسای قەرز
مانگی رابردوو بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و دابینكردنی مووچە، حكومەتی عێراق پەنای بۆ وەرگرتنی قەرز برد، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسایەكدا رێكخرا بەناوی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020.
ئەگەرچی فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتی دەنگدان بە یاساكەیان كرد، بەڵام یاساكە بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕی و لە بەشێكیدا نوسراوە:-
مادەی 1
داهاتەكان لە بودجەی گشتی ناوەندی بۆ (4) مانگی كۆتایی ساڵی 2020 دەخەمڵێندرێت بە (19 ترلیۆن و 719 ملیار و 483 ملیۆن و 139 هەزار) دینار، داهاتەكانیش خەمڵێندراوە لەسەر بنەمای هەناردەكردنی نەوتی خاو بە نرخی (40 دۆلار و 51 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك) كە رۆژانە بڕی (3 ملیۆن و 33 هەزار و 273) بەرمیل هەناردەبكرێت، لەنێویشیاندا (250 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی كوردستان) لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی (1182) دینار بەرامبەر هەر دۆلارێك و كۆكردنەوەی سەرجەم داهاتە بەدەستهاتووە فیعلییەكان و كۆكردنەوەی لە گەنجینەی گشتی دەوڵەتدا كە ئەمانەش لەخۆدەگرێت.

(ئەلف) هەڵسەنگاندنی قەرەبووكردنەوەی كوەیت بە بڕی (531 ملیار و 584 ملیۆن و 494 هەزار) دینار.
(ب) هەڵسەنگاندنی گرێبەستەكانی رێگەپێدان بۆ كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان كە بڕەكەی (5 ترلیۆن و 6 ملیار و 282 ملیۆن و 93 هەزار) دینار.
(ج) هەڵسەنگاندنی پوختەی داهاتی نەوتی دوای جیاكردنەوەی بڕگەكانی (ئەلف و ب) كە لەسەرەوە ئاماژەی پێكراوە، بە بڕی (14 ترلیۆن و 181 ملیار و 616 ملیۆن و 552 هەزار) دینار بۆ چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2020.
(د) هەڵسەنگاندنی داهاتی نانەوتی بۆ چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2020 بە بڕی (2 تریلۆن دینار).

مادەی 2
هەڵسەنگاندن بۆ خەرجییە گشتییەكانی سێ‌ مانگی كۆتایی ساڵی 2020 بڕەكەی (57 ترلیۆن و 811 ملیار و 453 ملیۆن و 639 هەزار دینارە و بەمجۆرە دابەشدەبن:-
(ئەلف): هەڵسەنگاندنی خەرجی خولاو بە بڕی (53 ترلیۆن و 858 ملیار) دینار. كە لە نەخشەی ژمارە یەكی ئەم یاسایەدا روونكراوەتەوە.
(ب): هەڵسەنگاندنی خەرجی وەبەرهێنان بە بڕی (3 ترلیۆن و 953 ملیار و 453 ملیۆن و 639 هەزار) دینار، كە لە ستونەكانی (یەك و دوو) لە نەخشەی ژمارە دووی هاوپێچی ئەم یاسایەدا روونكراونەتەوە بە هەڵاوێردنی ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە لەلایەن گرێبەستەكانی رێگەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتەوە پارەدار دەكرێن لەگەڵ ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە لەرێگەی قەرزی دەرەكی و ناوخۆییەوە پارەدار دەكرێن وەك ئەوەی لە ستونی ژمارە سێی خشتەی ژمارە دووی هاوپێچی یاساكەدا روونكراوەتەوە.

مادەی 3
هەڵسەنگاندنی كورتهێنانی پارەداركردن بە بڕی (41 ترلیۆن و 629 ملیار و 837 ملیۆن و 87 هەزار) دینار، كە پڕدەكرێتەوە لەرێگەی رێگەپێدان بە وەزیری دارایی بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی لەرێگەی دەركردنی چەكی سەنەدی بانكی بۆ بانكە ناوخۆییەكان و وەرگرتنی قەرز لە بانك و دامەزراوە داراییە دەرەكییەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان.

پشكی قەرز
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، لە ئێستادا بەرپرسانی هەولێر و بەغداد رێككەوتوون كە پشكێك لەو قەرزە بە هەرێم بدرێت كە بڕەكەی 320 ملیار دینارە، ئەوەش وەك یەكەم پشك و كۆتا پشك دەبێت بەوپێیەی یاسای قەرز تا رۆژی 31/12/2020 بەركارە، چاوەڕوان دەكرێت ئەم نزیكبوونەوەیە لەسەر یاسای قەرز رەنگدانەوەی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد بێت لەبارەی بودجەی 2021.

مەسرور بارزانی: پێمان رەوا نابینن
هەر لەبارەی یاسای قەرز، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەفتەی رابردوو لە پرێس كۆنفرانسێكدا كە پەیسەرپرێس ئامادەی بوو نیگەرانی دەربڕی و وتی، ئەگەر 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەبكرایە لە بڕی پارەی قەرز ئەوا رێژەكەی دەیكردە 1.5% و دوو گوژمەیان رەوانە بكردایە پشكی هەرێم لە قەرزەكە دەبوو بە 3%، بەڵام حكومەتی ناوەندی ئەوەش بە هاورَتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان رەوا نابینێت.

رێككەوتنی هەولێر و بەغداد
رۆژی چوارشەممە، دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەفدی حكومەت بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران گەڕایەوە بۆ بەغداد و تا هەنوكە زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەسەر ئاستی جیاواز ئەنجامداوە چ ئیداری و چ سیاسی، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن رێككەوتنەكە هەنگاوی باشی بڕیوە بەڵام هێشتا واژۆنەكراوە و ئەگەر هەیە لەم رۆژانەدا ناوەرۆكەكەی ئاشكرا بكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر لێكتێگەیشتنێك كرابووە بنەمای رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لێكتێگەیشتنەكەش بە وتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وابوو كە:-


یەكەم : ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەكان كە هەرێم خۆی خەرجی كۆمپانیاكان لە ئەستۆ بگرێت.

دووەم : ڕادەستكردنی 450 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەكان بەمەرجێ عێراق خەرجی كۆمپانیان بدات.

رێككەوتنی خاڵە سنورییەكان
یەكێكی دیكە لە دۆسێكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەستنەوەی دەروازەكانی هەرێمە بە دەستەی دەروازەكانی عێراقەوە بۆ ئەوەش ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەماوەی رابردوودا چەند خاڵێكی بڵاوكردەوە كە بەپێی وتەی رەسمی خۆیان ئەو خاڵانە بنەماكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادن لەبارەی دەروازەكان بەجۆرێك:-

1:- یەكخستنی رێكارەكانی دەروازە سنوورییەكان ئاسمانی، وشكانی و دەریایی؛ دەكرێت گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی دەرەكی بكرێت و رێكبكەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوولا. تیمێكی كاری تەكنیكی پێكدەهێندرێت لە فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە.

2:- یەكخستنی رێكارەكانی گومرگ و دەروازەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەكانی حكومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەكی كاركردن كە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەكگرتوو.

3‌:- دانانی سیستمێكی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەكان لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019.

4:- دانانی رێنمایی و رێكارەكان، كە حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵكردنی هاتنی كەرەستە و كاڵای هاوردەكراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساكانی دیكە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif