وریا حسین
-
پرسیارێك هەبوو لەمێشكمدا هەمیشە دەخولایەوە بەڵام نەمتدەوانی بەجوانی شرۆڤەی بكەم وەڵامی خۆم بدەمەوە ئەویش ئەوەبوو، لەكاتێكدا قەیرانەكان لەسەردەمی كابینەكەی هەشتەم بە میرات بۆ كابینەی نۆهەم مایەوە بەڵام لەم سەردەمەدا خەڵك كاردانەوەی توندی بۆ قەیرانەكان زیاترە، تەنانەت توڕەیی شەقام گەیشتووەتە لوتكە؟
دوێنێ ئارتیكڵێكی "مایكڵ ڕۆبن"م خویندنەوە زۆر بەجوانی شرۆڤەی ئەو باسەی كردبوو منیش وەڵامی پرسیارەكەم دەستكەوت، ئەویش ئەوەیە، مەسرور بارزانی دەیەوێت لەڕێگەی سەپاندنی هەیمەنە و هێزەوە كۆنترۆڵی خەڵك و نەیار و قەیرانەكانی بكات، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی ئامرازە نەرم و دەرونییەكانەوە كۆنترۆڵی قەیرانەكانی كردبوو شەیركردنی قەیرانەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان باشتربوو و وەكو لەمەسرور بارزانی تاوەكو نەتەقنەوە، زۆرجاریش بۆ تەنفیسی خەڵك لەهەولێر ڕێگەی بەخۆپیشاندانی فەرمانبەران دەدا چاووی بەنوێنەرەكانیان دەكەوت، كەوایە ڕێگاكەی نێچیرڤان بارزانی سەركەوتووتربووە لە ڕێگاكەی مەسرور بارزانی بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكان، ئەمە گەواهی سەركەوتنی هیچ كام لەكابینەكان نادات بەڵكو تەنها نمویەكی سادەی بەراوردكارییە وەڵامی ئاڵۆزبوونی ئەم دۆخەمان دەداتەوە.
دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر دووشت، یەكەم ئەوەی لەسەردەمی ئەم كابینەیە دەگوزەریت، پەندێكە دەبیت هەموو سیاسیەك بۆ هەتا هەتایە لەبەرچاووی بێت كاتێك بڕیار لەپێكهێنانی دامەزراوەیەكی سیاسی یان دەوڵەتی یان هەركارێك دەدات؟ ئایا من دەمەوێت دامەزراوەیەكی سەركەوتوو بنیات بنێنم یان دامەزراوەیەكی كە خاوەن وەلاو بیت بۆ من؟ كامیان دەوێت.
هەڵەی گەورەی سەرۆكی حكومەت لەپێكهێنانی كابینەكەی ئەوەبوو رێگا شەرقیە باوەكەی گرتەبەر، گرنگ بوو بەلایەوە ئەوكەسانەی كە وەلائیان بۆی هەیە لەگەڵی بن، نەوەكو ئەو كەسانەی كە پێویستی كارەكەن ئەمەش واتا كۆنترۆڵی تەواوەتی، تەنانەت ئەمە هەر لوتكەی كابینەكەوە نەوەستاوە بەڵكو شۆڕبووەتەوە بۆ بەرپرسە ووردەكانیش هەموو ئەوانە دەبێت خاوەن وەلاو بن، ئەم بڕیارە كابینەی ٩ی كردە كابینەیەكی تەواو تەنها و كابینەیەك تەنها بۆ مەسرور بارزانی و لایەنگرانی بێت تەنانەت لەناو پارتیشدا هەمووان نەتوانن بەكابینەیەكی هاوبەشی بزانن و دووژمنی هەبێت چونكە لەبنەڕەتدا ئەم كابینەیە هی هەموو پارتیەكان نیە بەڵكو موڵكی بەشێكیانە، هەر بۆنمونە كاتێك سەیری ڕووماڵی میدیای كوردستان٢٤ و ڕووداو دەكەیت زۆر بەڕوونی هەستدەكەیت ڕووداو زۆر بەنەرمی بنكۆڵی كابینەكە دەكات، كوردستان٢٤ زۆر زەقی سنگی دەرپەڕاندووە و دەڵێت: "كابینەكە هی منە".
ئەم كابینە لەم دۆخەدا مقەوماتی مانەوەی زۆر لاوازە و ڕەنگە مەسرور بارزانی خۆشی ئاوات بەمانەوەی نەخوازێت چ جای خەڵك و لایەنە سیاسیەكان، بەڵام ئەوەی كابینەكەی ڕاگرتووە ئەو هاوكێشە ئاڵۆزانە لەناو پارتی و دەرەوەی لایەنە سیاسیەكان هەیە، لەسادەترین مانادا ئەوەیە ئەگەر ئەم كابینەیە هەڵوەشێتەوە دەبێت ئەو ڕێكارانەی بۆ دروستبوونی گیراونەتەبەر پێچەوانە بكرێتەوە مەسعود بارزانی ببێتەوە سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی پۆستی پێشووی و یان سەرۆكی پارتی وەربگرێت، ئایا ئەمە ئیمكانی ڕوودانی هەیە؟ پاشان یەكێتی چۆن ئامادەیە دووبارە تیمێكی نوێ پێكبهێنیت لەكابینەی تازەدا ئەگەر ئەم كابینەیە هەڵوەشێتەوە؟ گۆڕان چی دەكات ئەگەر كابینەكە هەڵوەشێتەوە؟، بەفعلیش نەوەی نوێ و ئیسلامیەكان بەدیلێكی جدی و جێگەی ئومێدنین بۆ هاوپەیمانان و جیهان، چونكە ئەو هێز و دامەزراوە ئابوری و هەواڵگرییەی یەكێتی و پارتی لەدەستیانە نەوەی نوێ و ئیسلامیەكان نەك نیانە بەڵكو دروستكردنیشی كاتی زۆری دەوێت و تەنانەت كاركردن بۆ دەرهێنانی ئەم دامەزراوانە لەدەستی ئەم دوو هێزە كاتی ئیجگار زۆری دەوێت ئیمكانی ڕوودانی زۆر لاوازە، بۆیە بەدیلی ئەم كابینەیە لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی زۆر قورسە پەیدابكرێت، چونكە لەكوردستان پێوەرەكانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات تەواوجیاوازن لەجیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت لەعێراقیش.
ئێستا دوو بژاردەی بەهێز لەبەردەم پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسیەكان ماوە تابتوانن دۆخەكە ڕاست بكەنەوە ئەویش یەكەمیان ئەوەیە: ئەم دوو هێزە سەرەكییەی پێكهێنەری حكومەت ڕێكەوتنێكی هاوسەنگ لەگەڵ عێراق بكەن لەناوخۆشدا ئیسلاحاتێكی گشتی بكەن، دۆخی خەڵك باش بكەن و ئەوەش بەقسە نابێت بەڵكو بەوە دەبێت كە ئەو پارانەی سەرمایەدارەكان بردوویانەتە دەرەوەی وڵات بێهێنەوە و گەڕی ئابووری و هەلی كاری پێ زیادبكەن، دژایەتی ناوخۆیی دەسەلات كەمبنەكەنەوە لەسادەترین مانادا دەبێت لەناوخۆی دەسەڵات مەسرور بارزانی وەكو هەواڵێگرێك نا بەڵكو وەكو پیاوێكی دەوڵەتی مامەڵە بكات دووژمنەكانی كابینەكەی كەمبكاتەوە، تا خەڵك دەگاتە هەڵبژاردنی داهاتوو و بڕیاری خۆی دەدات، دووەمیش ئەوەیە: هەڵبژاردنی پێشوو كە زۆرینەیەكی ساختەی دروستكرد هەڵوشێنرێتەوە، ئەویش بە "هەڵبژاردنی پێشوەختە" هاوشان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوكات ئەنجام بڕیار دەدات.
بەپێچەوانەوە سروشتی ناڕەزایەتیەكان، جار بەجار خراپتر دەگۆڕێت و تا خەڵك زیاتر نائومێد بێت زیاتر توندوتیژی پەرە دەستێنیت و ئەمەش نە لەسودی خەڵكە نە لەسودی هێزە سیاسیەكانە بەتایبەت پارتی و یەكێتی، هەر بۆنمونە: "ئەگەر سەیری ناڕەزایەتیەكان بكەیت لە ٢٠١١ تا ئێستا دەبینیت ئاستی توندوتیژی و بەكارهێنانی ئامێری بڕەڕ و تیژ لەناو خۆپیشاندانەكان زیاتر بووە، جاران چەكی بەهێزی دەستی خۆپیشاندەران بەردبوو ئێستا كڵۆكی ئەمریكی كڵاشینكۆفی ڕووسی و مۆلۆتۆفە، بەبڕوای من ئەمجارە خەڵك هاتە سەرشاقام ناگەڕێتەوە ماڵەوە تا دەستكەوتی نەبێت، دەستكەوتەش وێرانەیەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەسەر كوردستاندا دەهێنیت هەرگیز چاوەڕوان نەكراوە، ڕەنگە ئەمجارە دەسەڵات لەژێریدا بەتەواوی بپسێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق