ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا پرۆژەیاسایەکیان پەسندکرد بۆ گەڕانەوەی پارێزبەندیی سەروەریی بۆ سوودان کە لە ساڵی 1993ەوە، دوای خستنەنێو لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکار لە تیرۆر، لێی سەندرابووەوە.
گەڕانەوەی پارێزبەندیی سەروەری بۆ سوودان واتای ئەوە دەگەیێنێت کە هاووڵاتییەکانی ئەمریکا ناتوانن بە تۆمەتی تیرۆر سکاڵا لەسەر سوودان تۆماربکەن، بەڵام بە گوێرەی بەندێکی پرۆژەیاساکە، کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکانی 11ـی ئەیلوولی ساڵی 2001 مافی ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە کە سکاڵا لەسەر ئەو وڵاتە ئەفریقییە تۆماربکەن ئەگەر پێیانوابێت خەرتووم بەهۆی لەخۆگرتنی سەرکردەکانی رێکخراوی قاعیدە، رۆڵی هەبووبێت لەو رووداوانەدا.
هاوکات واشنتن جەخت لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی دەکاتەوە بۆ حکومەتی راگوزەری مەدەنیی سوودان و هاوکاریی دەکات کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا بکات.
ئەوە جگە لەوەی کە ئەمریکا 700 ملیۆن دۆلار هاوکاریی بەو وڵاتە عەرەبییە دەدات و لە 230 ملیۆن دۆلار قەرزیشی خۆشدەبێت.
دوای تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی پارێزبەندیی سەروەری بۆ سوودان، چاوەڕێدەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بکات و یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو هەنگاوەی کۆنگرێس دوای ئەوە هات کە رۆژی 14ـی ئەم مانگە، سوودان لە لیستی پاڵپشتیکارانی تیرۆر دەرهێنا کە لە ساڵی 1993ـەوە بەهۆی لەخۆگرتنی چەند کەسێکی تۆمەتبار بە ئەنجامدانی کاری تیرۆری، خرابوویە نێو لیستەکەوە.
ئەمریکا پێیوایە کە ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە، کە پێش ئەوەی بچێت بۆ ئەفغانستان، پێنج ساڵ لە سوودان ژیاوە، نەخشەی بۆ هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی 2001 داڕشتووە.
پێشتر واشنتن و حکومەتی راگوزەری سوودان گەییشتنە رێککەوتن بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تەقینەوەکانی ساڵی 1998 لە هەر دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کینیا و نەیرووبی و تەقینەوەی کەشتی سەربازیی "یو ئێس ئێس کۆل USS Cole" لە ساڵی 2000 لە یەمەن.
خەرتووم 335 ملیۆن دۆلاری وەکو قەرەبوو بە قوربانیانی ئەو تەقینەوانە دا، بەڵام حکومەتی سوودان دەڵێت کە ئەمریکا هێشتا بەردەوامە لە سزادانی سوودانییەکان لە بەرامبەر ئەو کارانەی کە عومەر بەشیر، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە ئەنجامیداون لەماوەی 30 ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا پێش ئەوەی لە نیسانی 2019 لە کارلابدرێت.
لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ژمارەیەک کەسی هەڵگری پاسپۆرتی سوودانی لە تەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و نەیرووبی و تەقینەوەی کەشتییە سەربازییە ئەمریکییەکە تێوەگلاون، هیچ بەڵگەیێک نییە کە پێشانیبدات سوودان راستەوخۆ پەیوەندی بە رووداوەکانی 11ـی ئەیلوولەوە هەبووبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق