عێراق بووەتە سێیەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ چین
نووسینگەی گومرگی چین ئاماری هاوردەکردنی نەوتی بۆ مانگی تشرینی یەکەم و دووەم بڵاوکردەوە کە دەریدەخات هاوردەکردنی نەوت لە ئەمریکاوە 13 هێندەی هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، هۆکاری ئەمەش پەیوەندی بە رێککەوتنی بازرگانیی نێوان پەکین و واشنتن هەیە کە وایکردووە کۆمپانیاکان بەخێرایی وزە لە ئەمریکاوە هەناردەی چین بکەن.
بەگوێرەی داتاکانی ئیدارەی گومرگەکانی چین، ئەو وڵاتە لە مانگی تشرینی دووەم رۆژانە 878 هەزار و 839 بەرمیل نەوتی لە ئەمریکا هاوردەکردووە کە یەکسانە بە 3.61 ملیۆن تۆن نەوت، لەکاتێکدا لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو رۆژانە تەنیا 260 هەزار تۆن نەوتی هاوردەکردووە.
داتاکانی گومرگی چین دەریدەخەن، سعودیە جارێکی دیکە پلەی یەکەمی لە هەناردەکردنی نەوت بۆ چین بەدەستهێناوەتەوە و لە مانگی تشرینی یەکەم رۆژانە 8.48 ملیۆن تۆن کە هاوتایە بە 2.06 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا نەوتی هەناردەی چین کردووە، بەمەش هەناردەی نەوتی شانشینی سعودیەی عەرەبی بۆ چینی گەورەترین هاوردەکاری نەوت بە رێژەی 43٪ بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کانوونی دووەم بۆ تشرینی دووەم هەناردەی نەوتی سعودیە بۆ چین 2.2٪ بەرزبووەتەوە کە زۆرترین هەناردە لەدوای مانگی حوزەیرانەوە بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە مانگی شووبات تاوەکو مانگی ئایار بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان چین کەمترین خواستی لەسەر نەوت هەبوو.
لەدوای سعودیە، رووسیا بە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ چین دێت، کە لە مانگی تشرینی یەکەم رۆژانە 1.48 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
عێراقیش کە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی نێو رێکخراوی ئۆپێکە ریزبەندی سێیەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی بۆ چین گرتووە، کە رۆژانە 1.24 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 21٪ بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان چین نەوتی لە ڤەنزوێلا هاوردەنەکردووە، ئەوەش بەهۆی گەمارۆکانی سەر حکومەتی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکا و هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر هەر وڵات و کۆمپانیایەک مامەڵە لەگەڵ کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا بکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق