دەقی پەیامی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بە بۆنەی خۆپیشاندانەکانەوە

ليست هناك تعليقات



ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی پەیامێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ، دەرەنجامی ئیدارەدانی سەقەت ‌و خراپی حیزبییانە و بنەماڵەییانەی سی (30) ساڵی ڕابردوویە، لە لایەن چینی حکومڕانی هێزو پارە بۆ خۆ قۆرخکەری وڵاتەوە.
دەقی پەیامەکەی:

بسم الله الرحمن الرحیم

خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەو چەند سەرنجێکی کورت

(ۆنُڕیدُ أَن نَّمُنَّ عَڵی الَّژِینَ اسْتُچْعِفُوا فِی الْأَرْچِ ۆنَجْعَڵهُمْ أَئِمَّەً ۆنَجْعَڵهُمُ الْۆاڕپِینَ)القصص -5 -

یه‌ك: ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە هەرێمی کوردستاندا، لە بێزاریی‌و تووڕەیی خەڵک‌و جەماوەر، كه‌ لە خۆپیشانداندا بەرجەستە بووە، دەرەنجامی ئیدارەدانی سەقەت‌و خراپی حیزبییانەو بنەماڵەییانەی سی (30) ساڵی ڕابردوویە، لە لایەن چینی حکومڕانی هێزو پارە بۆ خۆ قۆرخکەری وڵاتەوە .

دوو: بێزاریی‌و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک لە حوکمڕانان‌و، ڕەخنەگرتنی بە هەرشێوەیەکی شەرعییانەی ڕاست‌و دروست وەک: خۆپیشاندان‌و ڕێپێوان، مانگرتن، کۆبوونەوەو، وتاردان‌و ڕه‌خنه‌گرتن، نووسین… نەک هەر مافێکی ڕەوای خەڵکە، بەڵکو ئەرکیشیانە، وەک خوا فەرموویەتی: (…أَقِمِ الصَّڵاەَ ۆأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ ۆانْهَ عَنِ الْمُنكَڕ ۆاصْبِرْ عَڵیٰ مَا أَصَابَكَ ۖ إِنَّ ژَٰلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُوڕ ) لقمان -17 –.

واتە: نوێژ بەرپاکەو، فەرمان بە پەسەند بکەو، ڕێگریی لە ناپەسەند بکەو، لەسەر ئەوەی تووشت دێ (بەسەرت دێ) خۆ ڕاگربە، ئا ئەوە لە ئەرکە پێویستکراوەکانە .

کەواتە: هەرکەس فەرمان بە چاکەو، ڕێگریی لە خراپە بکات، دەبێ چاوه‌ڕێی بەڵاو گرفتاریی بێ‌و، لەسەریشی خۆڕاگر بێ .

سێ: هەروەک چۆن داوای مافی خۆکردن، نەک هەر ماف، بەڵکو ئەرکیشە، بە هەمان شێوەش، بەشێوەی ڕاست‌و ڕەوا ئەنجامدانی ئەو کارەش، هەق‌و ئەرکێکی گەورەو گرنگەو، پێویستیشە داوای هەقی خۆکردن بە شێوەی هەق بێ‌و، بابای ستەملێکراو بە هۆی بەکارهێنانی شێوازی ناهەق‌و ناڕاستەوە، وه‌ك هەڵکوتانە سەر بنکەو فه‌رمانگه‌ حیزبیی‌و حکوومییەکان‌و، سووتاندن‌و تاڵانکردنیان، نیشانەی پرسیار نەخاتە سەرخۆی‌و هەقەکەی‌و، بیانووش نەخاتە دەستی حوکمڕانانەوە .

نازانم کەی هەندێک کەس فێری خۆپیشاندانی شەرعییانەو شارستانییانەو بیانوو بەدەستەوە نەده‌رانە ده‌بێ؟ !

چوار: لێرەوەش ئامۆژگارییەکی دڵسۆزانەی ئەو لایەنە سیاسییه‌‌ دەکەم، کە ئەندامانی بە شێوەی نەناسراوانەو دەمامکەرانە، دەخزێنێتە نێو خۆپیشاندەرانەوەو، هانیان دەدەن‌و پێشیان دەکەون، بۆ سووتاندن‌و تاڵانکردنی بنکەو فەرمانگە حیزبیی‌و حکوومییەکان، کە با دەست لەو کارەیان هەڵبگرن‌و چیدیکە: (ڕاوچی خراپ نەبن، لە ئاوی لێڵدا ڕاو بکەن)و (دز نەبن بازاڕی ئاڵۆزیان بوێ) چییان لە هەگبەدایە، با بەئاشکراو شێوازی دروست بیخەنە ڕوو !

پێنج: هەرچەندە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ تەقەکردن لە خۆپیشاندەراندا نیم‌و، ڕەفزی دەکەم‌و ئیدانەی دەکەم، بەڵام خۆپیشاندەرانیش پێویستە له‌ دەستی پیسی تێکدان‌و ناشرینکردنی خۆپیشاندانەكان وریابن‌و، بزانن بنکەو فەرمانگەکان بە پارەی خەڵک‌و وڵات کڕاون‌و، هەر هی خەڵک‌و وڵاتن‌و، ناشبێ ستەمکارو ستەملێکراو و، خراپ‌و چاك، بەچاوێک تەمەشا بکرێن‌و، وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ .

شه‌ش: هەر لە ڕێوە ڕەخنەگرتن لەهەر جم‌و جۆڵێکی سیاسیی‌و کۆبوونەوەو، تەنانەت سەردانیکرانیش، نیشانەی ناحاڵیی بوون‌و هاوسەنگیی تێکچوونە، چونکە گرنگ ئەوەیە چی دەگوترێ‌و، هەڵوێست چۆنەو چییە؟ ئەگەرنا ئەوانەی شارەزای دنیان، دەزانن جاری وایە لەگەرمەی جەنگیشدا، قسەو باس‌و دانووستان هەر هەبووەو دەبێ .

حه‌وت: ئەمجارە تەنیا ویستم لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوەو، لە یەک جیاکردنەوەی (کا) و (دان)یانەوە بدوێم‌و، هیچ هیوایەکیشم بە زۆربه‌ی هەرەزۆری چینی حوکمڕان، نەماوە، هیچ بەخۆداچوونەوە بکەن، چونکە هەر خۆ بەزلگریی‌و لە خۆباییبوون زیاد دەکەن، لە جیاتی دان بە هەڵەو تاوانی خۆداهێنان‌و، پۆزش هێنانەوەو داوای لێبوردن کردن، سەرەتا لە خوا “عز و جل” پاشان لە خەڵک‌و جەماوەری برسیی‌و تووڕەو نائومێد، بۆیە هیچ قسەیەک ئاڕاستەی وان ناکەم‌و، لە ڕابردوودا زۆرمان گوت‌و نووسیی، بەڵام بێسوود بوو و بەهرەیان لێوەرنەگرت، ئەگەرنا جگە لە زۆر چاوپێکەوتن‌و نووسینی پەیام‌و ڕوونکردنەوە، دوو کتێبی تایبەتییشم لەو بارەوە هەن :

1- ڕوانینێکی ئیسلامییانە بۆ واقیعی ئێستامان: گرفت‌و چارەسەر .

2- قوڕئان‌و پاکسازیی‌و چاکسازیی لە هەرێمی کوردستاندا .

لە کۆتاییدا دەڵێم :

لێرەوەش سەرەخۆشیی لەسەرجەم کەس‌و کاری قوربانییانی خۆپیشاندانەکان دەکەم، خوا سێبوورییان بدات‌و پاداشتیان بداتەوەو، ئەوانیش بەبەهەشتەکانی خۆی شادبکات‌و، بۆ بریندارەکانیش داوای شیفای خێرای خێر، لە خوای میهرەبان دەکەم .

خوا یارمەتیی هەموو لایەکمان بدات، ئەم حاڵ‌و دۆخەمان بەرەو خێر بگۆڕین، بە جۆرێک کە ستەمی تێدا ڕێشه‌ کێش بکەین‌و، دادگەریی تێدا بچەسپێنین .

عـه‌لـی باپــیـر

24 ڕه‌بیعی دووه‌م/1442 كـ
10/12/2020ز
هه‌ولێر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif