راوێژکارێکی بایدن رەخنە لەبڕیارەکانی ئیدارەی ترەمپ دەگرێت
کاندیدی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی لەئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ ناساندنی گروپی حوسییەکانی یەمەن وەک رێکخراوێکی "تیرۆرستی" کۆتاییهێنانە بەچارەسەری کێشەکانی ئەو وڵاتە لەرێگەی گفتوگۆ و دیبلۆماسییەوە.
جایک سولیڤان، کاندیدی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی لەئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەپەیجی فەرمی خۆی لەتویتەر باسی لەوەشکردوە، هەرچەندە سەرکردەی گروپی حوسییەکانی یەمەن پێویستە سزابدرێن، بەڵام ناساندنیان وەک رێکخراوێکی "تیرۆرستی" نابێتەهۆی کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە و بڕیارەکەش کۆتاییهێنانە بەچارەسەری کێشەکانی یەمەن لەرێگەی گفتوگۆ و دیبلۆماسییەوە.
11ی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گروپی حوسییەکانی یەمەن وەک رێکخراوێکی "تیرۆرستی" دەناسێنێت و رێکاری پێویست بۆ لێپرسینەوە لەو رێکخراوە دەگرێتەبەر کەتۆمەتبارە بە هێرشکردنەسەر سنورەکان و هەڕەشەکردن لەهاوڵاتیان و رێڕەوە بازرگانییەکان.
مایک پۆمپیۆ، وەزیریری دەرەوەی ئەمریکا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردبوو، واشنتن گروپی حوسییەکانی یەمەن وەک رێکخراوێکی "تیرۆرستی" دەناسێنێت و هەریەک لە (عەبدولمەلیک حوسی رابەری حوسییەکان، عەبدولخالق حوسی و عەبدوڵا یەحیا حەکیم) سەرکردەکانی ئەو گروپە دەخرێنە لیستی "تیرۆری نێودەوڵەتییەوە".
وڵاتی یەمەن لەساڵی 2014ەوە توشی شەڕی ناوخۆیی بوەتەوە لەنێوان حوسییەکانی نزیک لەئێران و هێزەکانی عەبدرەببە مەنسور هادی سەرۆکی ئەو وڵاتە، سەرەتای جەنگەکەش بەهێرشێکی حوسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەنعای پایتەخت دەستیپێکرد، لەئەنجامی جەنگەکەش بەهەزاران کەس کوژران و برینداربون و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق