لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە حكومەتی عێراق دەكات چالاكڤانان بپارێزێت

ليست هناك تعليقات


رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە حكومەتی عێراق كرد، خۆپێشاندەران و چالاكڤانان لە هەوڵەكانی تیرۆركردن بپارێزێت، ئەندامێكی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤیش دەڵێت، حكومەت توانای پاراستنی چالاكڤانانی نییە.

هێمن باجەڵان، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند "كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لایەنێكی چاودێریكارە و حكومەت لە پێشێلكارییەكان ئاگادار دەكاتەوە، ئەو بابەتەش لەسەرووی كارەكانی كۆمیسیۆنە، بەپێی ئامارەكان لە كۆی 2 هەزارو 800 كەس تەنیا یەك خۆپێشاندەر لە زیندان ماوە ئەویش كەیسێكی دیكەی لەسەرە، لە سەرەتای ساڵی رابردووش تاوەكو ئێستا زیاتر لە 50 چالاكڤان كوژراون."

بەگوتەی هێمن باجەڵان، لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ رۆڵی گرنگی هەبووە لە داكۆكیكردن لە خۆپێشاندەران و دەڵێت "بڕیاردرابوو هەركەسێك بەشداریی خۆپێشاندانەكانی كردبێ مامەڵەی تیرۆریستیی لەگەڵ بكرێت، بەڵام دوای كۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، توانیمان یاساكە بگۆڕین، بەهۆیەوە زۆربەی خۆپێشاندەران ئازادكران".

سەبارەت بە كوشتنی خۆپێشاندەرانیش باجەڵان ئاماژەی بەوەكرد "حكومەت توانای پاراستنی چالاكڤانانی نییە، بەو پێیەی چالاكڤانەكان ناسراون و هەندێك لایەن لەدەرەوەی حكومەت چالاكڤانان دەكوژن و دەڕفێنن، هیچ ئامارێكی فەرمیش لەبارەی چالاكڤانانی رفێندراو و ئازادكراو نییە، لەبەر ئەوەی كەسی رفێندراو هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرێت ئەگەر لەهەر شوێنێك سكاڵا بكات، بۆیە دوای ئازادبوونی بۆ هەولێر یان دەرەوەی وڵات هەڵدێت".

پێشتر رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە توویتێكدا داوای لە حكومەتی عێراق كرد "هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ پاراستنی گیانی چالاكڤانان و خۆپێشاندەران، سنوورێك بۆ ئەو هەڵمەتە تیرۆریستیە دابنێت و دادپەروەری بۆ قوربانیان بەدی بێنێت."

لە 25 ی تشرینی یەكەمی رابردوو عێراقییەكان لە دژی حكومەت و پارتە سیاسییەكان و گەندەڵی خۆپێشاندانیان دەستپێكرد، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤیش زیاتر لە 500 كەس كوژران و هەزارانی دیكەش برینداربوون، زۆربەشیان لە خۆپێشاندەران بوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif