بۆكان هه‌ورامی: شه‌یدای گۆرانیی كوردیم

ليست هناك تعليقات


بۆكان هه‌ورامی گۆرانیبێژی گه‌نج كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ گۆرانییه‌ كۆنه‌كان نوێ ده‌كاته‌وه‌ بەدەنگێكی تایبەت و خاوه‌ن هه‌وادارێكی زۆره‌، ده‌ڵێ: من هونه‌رمه‌ند نیم، ته‌نیا شه‌یدای گۆرانیی كوردیم، چونكه‌ تا ئێسته‌ ته‌نیا گۆرانیی هونه‌رمه‌نده‌كانی پێشوو ده‌ڵێمه‌وه‌.

بۆكان هه‌ورامی گۆرانیبێژێكی ده‌نگخۆشی شاره‌دێی ته‌وێڵه‌یه‌، به‌ گوتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ كۆنه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی پێشوو، ناوبانگێكی زۆری په‌یدا كردووه‌ و خاوه‌ن هه‌وادارێكی زۆره‌، له‌لای زۆربه‌ی هه‌وادارانی به‌ یه‌كێك له‌ ده‌نگخۆشترین هونه‌رمه‌نده‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناوی ده‌هێنرێت و ڕێزێكی زۆر له‌و كاره‌ی ده‌گیرێت كه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ كۆنه‌كان ده‌یكات.

"من ته‌نیا شه‌یدایه‌كی گۆرانیی كوردیم"

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا، بۆكان هه‌ورامی پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوو ناوی ده‌به‌ن، گوتی: من خۆم به‌ هونه‌رمه‌ند نازانم و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك قسه‌ ناكه‌م، من ته‌نیا شه‌یدایه‌كی گۆرانیی كوردیم، چونكه‌ تا ئێسته‌ گۆرانیی هونه‌رمه‌نده‌كانی پێشووم گوتووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێیان سه‌رسامم و ئیشه‌كانیان ڕه‌سه‌نن.

ڕوونی كرده‌وه‌ و گوتی: ئه‌و هونه‌ره‌ی من پێشكه‌شی ده‌كه‌م، جیاواز نییه‌ و هونه‌رێكی كوردییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و كولتووری ئێمه‌ی كورد یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م ڕۆژگاره‌ی ئێسته‌ و به‌ تایبه‌ت بۆ گه‌نج وای لێ هاتووه‌ جیاواز بێت.

له‌باره‌ی ئامانجی له‌ ڕۆیشتن له‌سه‌ر ستایلی گۆرانییه‌ فۆلكلۆره‌كان، بۆكان گوتی: ئه‌گه‌ر خودا یار بێ و ته‌مه‌ن باقی بێت، ده‌مه‌وێت تا ئه‌و جێیه‌ بڕۆم كه‌ بتوانم چه‌ند ئاوازێكی كوردی جوان بخه‌مه‌ سه‌ر ئاوازه‌كانی ناو هونه‌ری كوردی، بێگومان به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بم هه‌رچی بكه‌م ده‌بێت له‌ناو هونه‌ری كوردیدا جێیان بكه‌مه‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ش كه‌ ستایلی بیانی و دژه‌ كولتووری كوردی به‌كار دێنن، بۆكان گوتی: تێناگه‌م بۆچی ده‌بێ پشت بكه‌نه‌ كولتوور و هونه‌ری خۆیان، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دنیا گرنگی به‌ هونه‌ری خۆمان بده‌ین، بڕوا بكه‌ن قه‌ت به‌ چاولێكه‌ری جوان نابین، ئه‌گه‌ر جوانیش بین ماوه‌یه‌كی كاتی ده‌بێت و له‌ دڵی خه‌ڵكدا جێگیر نابین.

بۆ یه‌كه‌م جار له‌ "وشه‌"ـه‌وه‌ ئاشكرای كرد، هۆكارێكی سه‌ره‌كی گۆرانیگوتنی ئه‌و به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وه‌یه، ده‌یه‌وێت به‌ گه‌نج بڵێ، هه‌ر ئه‌و ستایله‌ بیانییانه‌ نین، به‌ڵكو ئه‌م گۆرانییه‌ جوانانه‌ش هه‌ن كه‌ هی خۆمانن و له‌ دڵ و هه‌ستی ئه‌م خاكه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون.

گوتی: من كاتێك كه‌ گۆرانییه‌ك ده‌ڵێمه‌وه‌، به‌هۆی منه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نجێك بچێ به‌ دوای ئه‌سڵی گۆرانییه‌كه‌دا بگه‌ڕێ و بیدۆزێته‌وه‌، خۆم به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانم، با ئیتر به‌ ده‌نگی منیش گوێی بۆ نه‌گرێ، من ئه‌گه‌ر هه‌زار گه‌نجم ئاشنا كردبێته‌وه‌ به‌ هونه‌ری جوانی كوردی به‌سه‌.

"هه‌یه‌ جنێو ده‌دات و زۆرترین بینه‌ریشی هه‌یه"

له‌ كۆتایی قسه‌كانیشیدا گوتی: ناوداری زۆر خۆشه‌، خۆشیشه‌ هه‌موو دنیا بتناسێ، به‌ڵام ئه‌م ناسراوییه‌ به‌ ئیشی جوان به‌ ده‌ستت هێنابێ نه‌ك شتی تر، چونكه‌ زۆر خراپه‌ بكه‌ویته‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌س كێشه‌ت بینه‌ر بێت بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانت، ئاخر مه‌رج نییه‌ هه‌ر شوێنێ قه‌ره‌باڵغ بوو ڕاستی له‌وێ بێت، یانی ئیشێكی هونه‌ری سه‌د هه‌زار گوێگری باش گوێی بۆ بگرێت به‌سه‌، ده‌نا ئه‌گه‌ر به‌ بینه‌ر زۆری بێت، هه‌یه‌ جنێو ده‌دات و زۆرترین بینه‌ریشی هه‌یه‌.

بۆكان حه‌سه‌ن ناسراو به‌ بۆكان هه‌ورامی، 17ی ئاداری ساڵی 1990 له‌ گه‌ڕه‌كی كارێزه‌وشكی سلێمانی له‌ دایك بووه‌، خه‌ڵكی ناوچه‌ی ته‌وێڵه‌یه‌، ئێسته‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌ نیشته‌جێیه‌، خوێندنی له‌ زانكۆی سلێمانی ته‌واو كردووه‌، ئێسته‌ له‌ قوتابخانه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی مامۆستایه‌، له‌پاڵ كاره‌كه‌یشیدا وه‌ك حه‌زێكی خۆی گۆرانی ده‌ڵێت و خاوه‌نی هه‌وادارێكی زۆره‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif