ڕەزوان یاڵانپێی
خوێندکاری دکتۆرای مێژوو
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 1985 کە بەرەو ساڵی تازە ئەچوین، چەندین شەڕی قورس قەوما و جەیش لە چەند جێی دور لە یەکتر هێرشی گەورەی کرد، لە ۱۱ی مانگدا هێرش بۆ سەر چوارتا، لە ۱٥ی مانگدا بۆ سەر سماقوڵی و لە ۲٦ی مانگدا بۆ سەر کفری و لە ۳۰ی مانگدا بۆ سەر گۆیان و کەلار لەم شەڕانەدا ۹ پێشمەرگە کوژران.
سەعات ۱۲ی نیوەشەوی ۳۱/۱۲/۱۹۸٥ کە ئەچوینە ناو ڕۆژی ۱/۱/۱۹۸٦ەوە، لە گەڵ عبدارحیم عبداڵڵە کە هەتا بڵێی قسە خۆش و نوکتەزان بو دواتر شەهید کرا، موحسێن عەلی ئەکبەر، دلێری سەید مەجید دانیشت بوین دەمەتەقێمان ئەکرد، بارەگاکانیان لە بەرگەڵو تۆپباران کردین، ئەگە چی تۆپبارانەکەیان خەست بوو بەڵام زەرەری گیانی لێ نەکەوتەوە ئەمە پیرۆزبایی بەعس بو بۆ ساڵی نوێ*.
ئومێد و پیرۆزبایی سەرانی هەرێم:
کۆمەڵێک بەیان و وشەگەلێکی سواو لە زاری بەرپرسانی هەرێمەوە ڕیز کران و هیچ ئومێدێکیان بۆ خەڵکی تێدا نەبوو، لە سایەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیدا جگە لە کۆچی گەنجان و شەهیدکردنی پۆلێک پێشمەرگە و برسی کردنی خەڵکی و فرۆشتنی بەشێک لە خاکی کوردستان و تاڵانی و دزی چیان بۆ خەڵکی دەستەبەر کردوە.
لە کوێی سروستی یاسای مرۆڤدا شوێنی دەبێتەوە چوار لەتە موچەی سواڵی بەغداد دابەش کردبێت و داوای خۆڕاگری لە خەڵکی بکەیت؟ خەڵکت خنکاندبێت و پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لێ بکەیت؟ دەکرێی زستانمان تێپەڕاندبێت و سوتەمەنیت دابەش نەکردبێت، داوای یەک هەڵوێستی لە خەڵک بکەیت؟
چ جیاوازیەک دەبینرێت لە نێوان پیرۆزباییەکان، سەدام و حزبی بەعس گەر بەهێزی چەک و ترساندن و کوشتن و بڕین خەڵکیان چەوساندبێتەوە، خۆ سەرانی کوردستانیش بە چەکی ئابوری و نەبونی سوتەمەنی و بێکاری زۆر و کوشتن و دەستگیر کردنی ڕۆشنبیر و خۆپیشاندەر و ڕۆژنامەنوسان دژ بە خەڵک وەستاونەتەوە.
تەنها جیاوازییەک هەبێت لە نێوان ئەمانەدا، هەر ئەوەیە کە ئەمانە کوردن کە برسیت دەکەن و دەتخنکێنن و دەتکوژن و وڵاتت لێ دەکەنە قەبرستان و ئەوانیش عەرەب، وە گەر نا گەر هیچ جیاوازیەک بەدی ناکرێت.
٭نەوشیروان مستەفا ئەمین، خولانەوە لە نێو بازنەدا، ل 100.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق