ئیدارەکەی جۆ بایدن دڵنیایی داوەتە ئیسرائیل کە کۆشکی سپی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، هەروەها لەسەر بەهێزکردنی ئاشتیی نێوان عەرەب - ئیسرائیل بەردەوام دەبێت؛ هاوکات پشتیوانیی لەو هەوڵانەش دەکات کە ئسیرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دەستیپێکردوون بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، پەیوەندیی بە مائیر بن شبات، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلەوە کردووە و پێی راگەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە، لە چەند مانگی داهاتووشدا هاوپەیمانی و هاوبەشییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل پەرەپێدەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئیسرائیل دەست بە دیالۆگی ستراتیژی دەکەن.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سولیڤان دڵنیایی داوەتە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل کە ئەمریکا نیازی هەیە هاوکاریی زیاتر ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بکات، وەکو ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریب، کە دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی رابردوودا سەرپەرشتیی دەکرد.
ئەمەش لەکاتێکدایە دوای چوار مانگ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، رۆژی یەکشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2021، وەزارەتی دەرەوەی ئسیرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بە فەرمی یەکەمین باڵیۆزخانەی لە ئەبوزەبی/ئیمارات کردووەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا توانیی هاوکاریی ئسیرائیل بکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
بەپێی هەڵوێستەکەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بایدن دژایەتیی ئەو سیاسەتەی ترەمپ ناکات، بەڵکو زیاتر پەرەی پێدەدات. ئەمەش تا ئێستا تاکە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپە کە جۆ بایدن دوای دەستبەکاربوونی دژایەتیی نەکات و پشتیوانیی بکات؛ لەکاتێکدا بایدن هەر لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونیەوە زۆربەی سیاسەتەکانی پێچەوانەی سیاسەتەکانی ترەمپ بوون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق