سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە سەرۆک جۆ بایدن دەکات بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق چوارشەممە ٢٠٢١/١/٢٠ پیرۆزبایی كرد لە جۆ بایدن بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرۆك كۆمار ئومێدی خواست كە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە تەواوی بوارە جیاجیاكاندا بەرەوپێش بچێت، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەكان، لە پێش هەمووشیانەوە بەگژاچونەوەی تیرۆر و توندرەوی و كاركردن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دانانی نەخشە رێگایەک بە ئاڕاستەی ھێنانەکایەوەی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ئارام و خۆشگوزەران تر و هەنگاونان بەرەو بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و ھێنانەدی بەهاكانی ئازادی و دیموكراسی.
دەقی پیرۆزباییەكە:
"ئازیزم سەرۆک جۆ بایدن..
گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان لێدەكەم بەبۆنەی دەستبەكاربوونتان وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هیوای سەركەوتن بۆ بەرێزت و بەرێز ھاریس جێگری سەرۆك دەخوازم بۆ ئەرک و هەوڵەكانی داهاتووتان و ھێنانەدی خواستەکانی گەلی ئەمریكا.
لەو روانگەیەوە بەگرنگییەوە دەڕوانینە بونیادنانی پەیوەندییەكی پتەوتر لە نێوان عێراق و ئەمریکا و فراوانکردنی هاریكاریی ستراتیژی کە ھەردوو وڵات بەیەکەوە گرێ دەدات، ھاوکات وەک دەزانن بەیەکەوە رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبینەوە، بەتایبەتی تیرۆر و توندرەوەی، بۆیە لە بەرژەوەندیی هاوبەشمانە بەیەکەوە رووبەروویان ببێنەوە، ھەروەک دەرفەتی كاركردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە دەقۆزینەوە لەپێناو كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە و بەهێزكردنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ئومێدەوارم كە پەیوندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بكەین لە مانگ و ساڵەکانی داهاتوو، ھەروەھا دانانی نەخشە رێگایەک بە ئاڕاستەی ھێنانەکایەوەی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ئارام و خۆشگوزەران تر و هەنگاونان بەرەو بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و ھێنانەدی بەهاكانی ئازادی و دیموكراسی.
بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق
٢٠٢١/١/٢٠"
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق