قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجە لە بەغداوە، حەوت ساڵە هەرێمی کوردستانی بێ یاسای بودجە کردووە، بەڵام ساڵی 2021 وانابێت، چونکە بڕیاردراوە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای بودجە بێت.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئەنجوومەنی وەزیران گەنگەشەی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بوو. د.جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کرا، هێڵە گشتییەکانی باسکران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوای بەوە هەیە ئەم یاسایە تەنیا رێکخستنی داهات و خەرجی نییە، بەڵکو بڕوای بەوەیە ئەم پرۆژە یاسایانە زیاتر بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت و دادپەروەری و یەکسانییە".
وەزارەتی دارایی و پلاندانانی هەرێمی کوردستان رۆژژمێری پرۆژە یاسای بودجەیان لە هەردوو ئەگەری رێککەوتنی کۆتایی یان رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی داڕشتووە.
بۆ ئەگەری رێککەوتن لەژێر رۆشنایی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقی، پرۆژە یاسای بودجە دادەڕێژرێت، لە ئەگەری رێکنەکەوتن بەگوێرەی داهاتی بەردەست لە نەوت، خاڵە سنوورییەکان و ناوخۆ بودجەکە دادەڕێژرێت.
بەگوێرەی رۆژژمێرەکە پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی ئازار هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی یاسای بودجە بۆ ساڵی 2021.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "کاتێکی کەممان بۆ حکومەت داناوە 15-2-2021 بۆ 20-2-2021 بتوانێت ئەو پرۆژە یاسایە ئامادەبکات و بیداتە پەرلەمان، ئەگەر توانیشمان تاوەکو کۆتایی مانگی ئازار دەنگدان لە پەرلەمان تەواوبێت، ئەوا سەرکەوتنی زۆر باشمان لە ئامادەکردنی راپۆرتەکە بەدەستهێناوە".
هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی داهات زیادبکات و خەرجی کەمبکاتەوە بە ئاراستەی سنووردارکردنی کورتهێنانی دارایی، لە هەنگاوەکانی سەرەتاش لە هەردوو وەزارەتی دارایی و کاروباری شەهیدان، نزیکەی 23 هەزار و 900 مووچە و مینحەی نایاسایی بڕدران، ئەمەش بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، مانگانە زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی راسپارد، هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن بۆ رێگەگرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەو رێکارانە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەگەر بەغداش بودجەی نەنارد، مانگانە بە هەر لێبڕینێک بێت مووچە دابەشبکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق