لەدوای زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون به جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا، حكومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بۆ جاری سێیەم كەرەنتینی گشتیی رابگەیەنێت، كە تا ناوەڕاستی مانگی شوبات بەردەوام دەبێت.
پێشتر لە لەندەنی پایتەخت، لە چوارچێوەی رێكارە توندەكاندا، جگە دەرمانخانەكان و ئەو شوێنانەی پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان دەفرۆشن، سەرجەم دوكان و شوێنەكانی دیكە داخرابوون و لەگەڵ دەستپێكردنی كەرەنتیندا، بێدەنگیی باڵی بەسەر شەقام و گۆڕەپانەكان و مێترۆكاندا كێشا.
بۆریس جۆنسن سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، لە میانی وتارێكدا كە دوێنێ 4-1-2021 پێشكەشی كرد، ئاماژەی بەوەكردبوو بینینی خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆرە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، ورە دادەبەزێنێت و نیگەرانیان دەكات.
جۆنسن جەختی لەوەكردبوویەوە، زانایان باوەڕیان وایە ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەدا ٥٠-٧٠ زیاتر بڵاودەبێتەوەو هەربۆیە ئەگەری تووشبوونی خەڵك بە ڤایرۆسەكە زۆر بەرزترە لە رابردوو.
راگەیاندنی كەرەنتینی گشتی لە بەریتانیا، لەكاتێكدایە بەگوێرەی ماڵپەڕی Worldometer كە رۆژانە لەبارەی پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان زانیارییەكانی نوێ دەكاتەوە، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 713 هەزارو 563 كەس، لەو ژمارەیەش تائێستا 75 هەزارو 431 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق