میسال ئالوسی: رژێمی ئێستای عێراق تائیفیە
میسال ئالوسی کەسایەتی سیاسی سەربەخۆی عێراق رایگەیاند، حزبەکان دەبێت لە رێگەی عەقڵ و مەنتیقەوە چاکسازی ئیداری و ئابوری بکەن و دیموکراسی راستەقینە جێبەجێبکەن. دەشڵێت، رژێمی ئێستای عێراق تائیفییە.
میسال ئالوسی بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەگەر چاکسازیی نەکرێت، ئەوا دوو بژاردە بوونیان دەبێت، کە بریتین لە "یان دەوڵەتێکی دیموکراسیمان دەبێت یان بێ دەوڵەت دەبین".
ئەو کەسایەتیە سیاسییە سەربەخۆیەی عێراق دەشڵێت، "نامانەوێت وەکو کەرەستە و قەڵغان بۆ ئێران بەکاربهێنرێین".
میسال ئالوسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا شکستیهێناوە چونکە رژێمی ئێستای عێراق رژێمێکی تائیفییە و پێویستی بە حەشد و میلیشیاکان هەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان و ئێران بەردەوام بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لە ئێستادا روودەدات تەنیا مافی شانازیکردن بە ئێران دەدات کاتێک باس لەوەدەکات، غەزە قەڵغانی یەکەمیانە و حزبوڵا قەڵغانی دووەمیانە و عێراقیش سێیەم قەڵغانە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ کە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای ئێران بوو لەلایەن ئەمریکاوە، هەزاران کەس لە ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی و هاوڵاتیانی شیعە مەزهەب كە بەشێكیان لە دەرەوەی بەغداوە هاتبوون، لە گۆڕەپانی تەحریری شارەکەدا كۆبوونەوە و داوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکانیان لە وڵاتدا کرد.
لە ماوەی رابردوودا، کوشتنى بەرپرسى فەیلەقى قودسى ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، زنجیرەیەک کار و کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێنا و تاران و واشنتۆنى بردە لێوارى شەڕى راستەوخۆ لەناو خاکی عێراقدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق