پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سوننەکان لاریان لە پشکی هەرێمی کوردستان لەنێو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 نییە، بۆچوونێکی نوێش لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان لای شیعەکان دروستبووە.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، سوننەکان پشتیوانی لەو دەقە دەکەن کە لە نێو پرۆژەیاسای بودجەدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان هاتووە و هیچ لارییەکیان نییە و ئەوەشیان راگەیاندووە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا بۆچوونێک لای شیعەکان دروستبووە، کە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهانی تورکیا وەربگرێت، بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشێت، بڕێکیش بمێنێتەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و کرێی کۆمپانیاکان و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان.
د. جەمال کۆچەر راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان یەکلایی نەکردووەتەوە و چاوەڕێی هەڵوێستی ئەوانن، ئەگەرنا تاوتوێکردنی زۆربەی بڕگە و ماددەکانی نێو پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی تەواو بووە و سەرقاڵی جێکردنەوەی سەرنج و تێبینییەکانن، ئەوەی ماوە تەنیا پشکی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان کە لیژنەی دارایی لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ئەمساڵی عێراقدا کردوویەتی، دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی عێراق لە زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکرایەوە، نرخی خەمڵێندراوی نەوتی خاو لە 42 دۆلارەوە بۆ 45 دۆلار زیادکرا، بەو هۆیەوە داهاتی پرۆژە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 لە زیاتر لە 93 تریلیۆن دینارەوە زیادکرا بۆ 98 تریلیۆن و 500 ملیار دینار، کورتهێنانی بودجەکە لە زیاتر لە 71 تریلیۆن دینارەوە کەمکرایەوە بۆ نزیکەی 29 تریلیۆن دینار".
سەبارەت بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانیش، د. ئەحمەد رایگەیاند، "بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر حکومەتی عێراق بە زیاتر 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکردبوو، کەمدەبێتەوە، بە رێژەش 12.67%ـی بودجەی فیدراڵی خەرجکراوی ساڵی 2021 دەبێت، بەڵام بڕی بەشە بودجەکە هێشتا بە دینار دیارینەکراوە".
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدان بۆ تەواوکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت: "کۆبوونەوەکانی ئەمجارە بۆ رێککەوتنی کۆتایی و یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجەیە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق