سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان: میدیاى ئازاد له‌ پاشه‌کشه‌دایه‌و میدیاى کڕدراو زاڵه

ليست هناك تعليقات



سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند، میدیاى ئازاد له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ پاشه‌کشه‌دایه‌ و راشیگه‌یاند:" ئێستا جۆرێکى تر له‌ میدیا هه‌یه‌، ئه‌ویش میدیاى کڕدراوه‌، که‌ نه‌ هى حزبه‌کان و نه‌ سێبه‌رى حزبه‌کانه‌ نه‌ ئازادیشه‌،"ئه‌وه‌ ئه‌و میدیایه‌ به‌ پاره‌ى سیاسیه‌کان و گه‌نده‌ڵى و به‌ پاره‌ى دزراو ئاڕاسته‌ى ده‌کرێن".

رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌مڕۆى له‌میانى وتارێکدا له‌مه‌راسیمى راگه‌یاندنى راپۆرتى ره‌وشى ئازادى رۆژنامه‌نوسى له‌لایه‌ن سه‌نته‌رى میترۆوه‌ رایگه‌یاند: "راپۆرتى ره‌وشى رۆژنامه‌نوسان به‌ڵگه‌یه‌کى مه‌ترسیداره‌ و پاشه‌کشه‌ى ئازادیه‌ به‌شێوه‌یه‌کى گشتى وئازادى راگه‌یاندنه‌ به‌شێوه‌یه‌کى تایبه‌تی، که‌ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ئه‌و شڵه‌ژاندنه‌یه‌ که‌ له‌ ته‌واوى کایه‌کانى ژیان له‌ کوردستاندا هه‌یه‌".

سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئه‌وه‌شى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ "وه‌کو بینه‌رێک نه‌ک وه‌کو سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان پێموایه‌ که‌ میدیاى ئازاد له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ پاشه‌کشه‌دایه‌ و کاتێک ئه‌و میدیایه‌ ده‌که‌وێته‌ پاشه‌کشه‌وه‌ بواره‌کانى دیکه‌ش ده‌که‌ونه‌ پاشه‌کشه‌، ئێستا جۆرێکى تر له‌ میدیا هه‌یه‌، ئه‌ویش میدیاى کڕدراوه‌، که‌ نه‌ هى حزبه‌کان و نه‌ سێبه‌رى حزبه‌کانه‌ نه‌ ئازادیشه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و میدیایه‌ که‌ به‌تایبه‌تى له‌ناو میدیاى ئه‌لیکترۆنیدا به‌ پاره‌ى سیاسیه‌کان و گه‌نده‌ڵى و به‌ پاره‌ى دزراو ئاڕاسته‌ى ده‌کرێن، په‌یام ئاڕاسته‌ ده‌کات و له‌ میدیاى ئازاد زاڵتره‌".

ناوبراو له‌میانى وته‌کانیدا بۆ ئاماده‌بوان، باسى له‌وه‌شکرد که‌ "به‌ڕێزان پێتان وایه‌ میدیاى ئێستا میدیا چوار ساڵ پێش ئێستایه‌؟، له‌راستیدا نه‌خێر، میدیاى حزبه‌کان رونه‌ و ناسراون، وه‌ک هاوڵاتییه‌ک که‌ قسه‌یه‌ک له‌ ته‌له‌فزیۆنى گه‌لى کوردستان وه‌رده‌گرم که‌ سیاسه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستانه‌، واتا خۆم ئاماده‌کردوه‌ له‌ روى ده‌روونییه‌وه‌ که‌ له‌و په‌یامه‌که‌دا روئیاى یه‌کێتى ببینیم، جۆرێک میدیاى تر هه‌یه‌ که‌ ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانى ده‌کرێن وه‌ک روداو، کوردستان 24 و کوردسات ئه‌وه‌ش تاڕاده‌یه‌ک رونه‌ چ په‌یامێکى هه‌یه‌".

رێواز فایه‌ق وتیشى:"راگه‌یاندن له‌هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌دا کارده‌کات که‌ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و جێبه‌جێکردن و دادوه‌رى و حزبى سیاسى و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى کارى تیایدا ده‌که‌ن، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌داخه‌وه‌ به‌جۆرێکه‌ که‌ هه‌موو ساڵێک ده‌ڵێین خۆزگه‌مان به‌ ساڵى پار، که‌ له‌راستیدا نه‌ده‌بو وابێت، له‌ رابردودا ئه‌گه‌ر وتبێتمان ئێمه‌ تازه‌ین، ئه‌سڵ وایه‌ ده‌بێت ساڵ به‌ ساڵ تۆزێک بچینه‌ پێش نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif