بەرھەم ساڵح: بژێوى ژیانى خهڵک له ململانێ سیاسیهکان جیادهکهینهوه
سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لە جیاکردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان.
بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا ئهمڕۆ چوارشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2021 پێشوازیی کرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ھەرێم بۆ بەغدا و بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆ کرا.
بهگوێرهی راگیهندراوێكی سهرۆكایهتیی كۆماری عیراق، لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە گەیشتن بە رێگەچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، وەکو سەرجەم ھاووڵاتییانی دیکەی عێراق بێ جیاوازی.
هەروەها باس لە پێویستی کۆتاییھێنان بە "قەیرانی مووچە و کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر خەڵک" کراوە، ھاوکات بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵی 2021 و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری.
بڕیارە ئەمشەو شاندی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە و هەفتەی داهاتووش جارێکی دیکە دەچنەوە بەغدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق