ناتۆ: راوێژکار و سەربازەکانمان بۆ نزیکەی 4000 کەس زیاد دەکەین
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق فراوانتر بکەن و ژمارەی سەرباز و راوێژکارەکانیان لە 500 کەسەوە بۆ نزیکەی 4000 کەس بەرزبکەنەوە.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق و ئەفغانستان، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە برۆکسلەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلایندا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان رازیبوون چالاکییەکانی مەشق و راهێنان لە عێراق فراوان بکەن، بۆئەوەی هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.
بە گوتەی سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەمەودوا مەشق و راهێنانەکانیان دامەزراوەی ئەمنیی زیاتر لە عێراق دەگرنەوە و سنووری بەغدا تێدەپەڕێنن، کە پێشتر راوێژکارەکانی تەنیا لە پایتەختی ئەو وڵاتە چالاکییان هەبوو.
ستۆڵتنبێرگ باسی لەوەش کردووە، فراوانکردنی چالاکییەکانیان قۆناخ بە قۆناخ دەبێت، دەشڵێت "ئێمە مەشق و راهێنانەکانی ناتۆ بە گرنگ دەبینین بۆ بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنیەکانی عێراق چونکە ئەوە باشترین رێگەیە کە بتوانین رێگە لە گەڕانەوەی داعش بگرین".
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەوەی ئاشکراکرد، هەموو چالاکییەکانیان لە عێراق لەسەر داواکاریی حکومەت و بە رێزگرتن لە سەروەریی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق