دەوڵەتی یاسا: بەبێ ئەمە رێگەنادەین یەک دینار بدرێت بە هەرێم
ئەندامێکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ لایەنێک بۆی نیە هەوڵبدات رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم بکات لە بودجەی ئەمساڵدا. دەشڵێت، "هیچ لایەنێک بۆی نییە دانوستان لەسەر سامانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور بکات و بە دیاری بیداتە هەرێمی کوردستان".
مەنسور بەعیجی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، هیچ لایەنێک بۆی نییە سامانی پارێزگاکانی ناوەند و باشور بە دیاری بداتە هەرێم و ئیدارەی حکومەتەکەی ئەویش ئامادەنەبێت کۆداهاتەکانی رادەستی حکومەتی ناوەند بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، دواخستنی پەسەندکردنی یاسای بودجە بەهۆی نەگەیشتنە بە رێککەوتنێکی کۆتایی بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی و "ئەمەش جێگەی قەبوڵکردن نییە".
باسی لەوەشکرد، وڵات بە دۆخێکی سەختی قەیرانی داراییدا تێدەپەڕێت و چەندین قەیرانی دیکەشی هەیە، هەربۆیە ناتوانێت چیدی بەرگەی دواخستنی پەسەندکردنی بودجە بگرێت.
دەشڵێت، تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ئەوەیە هەرێم وەک پارێزگاکانی دیکە کۆی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات و پشکیان لە بودجەی گشتی وڵاتدا دیاریبکرێت "بەبێ ئەمە رێگەنادەین یەک دینار بدرێت بە هەرێم".
پێشتر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان بە شێوەیەکی پیشەیی و هونەریی چەندین بژاردەی دەستنیشانکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا دوور لە دەستوەردانی سیاسی. هاوکات، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانیش بەگشتی و شیعەکان بە تایبەتی یەکدەنگن لەسەر ئەوەی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢١ بەندە لەسەر پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی داهاتەکانی نەوت بە گوێرەی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بودجە.
ئەمە لەکاتێکدایە، وا بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەم دۆسیەیە یەکلاییبکرێتەوە، لە هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر کۆی پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق