ئاسۆعەبدوللەتیف
-
عێراقێکی پەرتەوازەو ناڕێک، چۆن دەتوانێت داوای ڕێک بوون لە هەرێم بکات؟
دەوڵەت و پایەکانی دەوڵەتداریی پەیوەستە بە بنەما دەستوریی و یاساییەکان و ناکرێت تەبەننی بکرێت لەسەر پەرچەکردارو کاردانەوە، Reaction.
ئەو ترس و هەیەجانەی پێشتر بەرەی پۆپۆلیزمی نوێ دروستیان کردو ئێستا خەریکی سیناریۆی دیکەن لەسەر قەوارەو ستاتۆی هەرێم، پەیوەندیی بە یەک جۆر عەقڵ و بیرکردنەوەو مێنتاڵێتییەوە هەیە کە عێراقی کۆن و نوێی لەسەر تەبەننی کراوە.
هەموو کۆکن لەسەر شکاندنی شکۆو هەژمونی هەرێم بەسەر کۆی هاوکێشەکانی ناوچەکەوە، هەرێمیان قبوڵ نییە بەو هەموو کێماسی و گرفتانەوە، چ دژبەرانی ناوخۆیی بە پرۆژەی لامەرکەزیی و بەهەرێمکردن و خستنەڕووی ئارگۆمێنتی لاواز ، چ دژبەرانی سوننەو شیعەو حەشدو ئەوانەی دەرەوەی جوگرافیا سیاسیەکەی هەرێم، بە بڕینی بەشە بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و کەمکردنەوەی میزانیەی ٢٠٢١، بەتایبەت گروپی ناسیۆنالمەزهەب و پەڕگیرانی ناو فەزای عێراقی هەڵوەشاو کە دابەش بوون بەسەر مەرجەعیەت و قەواعیدی نەجەف و قومدا و بەداخەوە بەشێک لە کوردیشیان دابەشی ئەو دوو ئۆردوگا مەزهەبیە کردوە، ئەمە خۆی زادەی تاقیکردنەوەی ڤێرژنێکە لە چەمکی ڕەدکردنەوەو فاشیزم و کەنارخستنەوەی دوبارەی زمان و ناسنامەو وجودی کوردیی لە عێراق هەموو ئەوانەش میلیشیاکان دەیکەن بە سپۆنسەریی نەوت.
ئەمریكا کاتی خۆی میلیشیاکانی شیعەی هاندا بۆ دروستکردنی فیرقەو لیواو کەتیبەی بچوک بچوک تا سەرگەرمی خۆیان بن، بۆئەوەی شیعە بێکار نەبن و خەریکی زانست و ئیمامەتگەریی و زانکۆ و موزیک و مەعریفە نەبن، بەواتایەکی تر زیاتر چەکناس و موشەکناس بن تا فەلەکناس و فەلسەفەناس و ئاینناس و سۆسیۆلۆگ.
بەبەرچاویەوە لەشكركێشی حەشدو لیواو كەتیبەو میلیشیاكانی سەرایاو قودس و بەدرو عەسائبی ئەهلی حەق دەبینێ و ناردنی موشەکەکانیشیان هەست پێ دەکات لە هەولێرو بەغداد، بەڵام هەر پێی باشترە لە دەوڵەتی دامەزراوەیی و پایەداریی و حوکمرانی پتەو و بنەما دەستورییەکان.
لە دەیان وێسگەی جیاوازدا ئەمریکا چاوپۆشی لێکردون و تەنانەت کۆپی مەرقەدو کەعبەو حیزبوڵای لوبنانیی و ئەنساروڵای حوسی بۆ دروست بکات لە عێراق، بودجەو پارە بۆ گروپگەلی حەشدو میلیشیاکان و مەرجەعیەت تەواو خەیاڵییەو هیچ چاودێرییەکی پەرلەمانیش بوونی نییەو ناشبێت باسی ئەو دۆخە بکات کە شیعەی عێراق تێی کەوتوەو عێراقیان دوچاری دەیان ملیار دۆلار قەرزو کورتهێنان و تاڵانی و خەزنە بۆشیی کردۆتەوە، حەوزەو مەرجەعیەت و حەشدو میلیشیاکان نەوت و باج و داهاتی ناوخۆیی بە خواستی خۆیان دەبەن و هیچ پەرلەمانتارێکیش نییە بڵێ ئەرێ بۆ داهاتی ئەم گروپانە نابڕن لەو پەرلەمانە بە یاسای کورتهێنانی بودجەو قەرز وەک ئەوەی دژی هەرێم کرا لە شەوێک لە شەوانی ڕەشدا! ئەم فاکتە بۆ ئەوە نییە بڵێین کوردیش دەبێت بەو فەوزایەدا بڕوات و نەوت بفرۆشێت و گرێبەست نەکات و موراهەنە بە قوتی فەرمانبەرانەوە بکات، نەخێر، دەبێت دەستکاری کۆی ئەو سیستمە ئابورییە ڕەیعیی و بێسەروبەرە بکرێت و لە سەرچاوەکەوە ڕیفۆرمی تێدا بکرێت.
کێشەی خودی حوکمڕانی بەغداد بەشێکی ئەوەیەو بەشەکەی تری بە کۆنتەرات و وەکالەتسازیی بەڕێوە دەبرێت، حیزب و جەماوەرت هەبێ و نەبێ وەک یەکەو خاوەندارەکان، کێیان بوێت وەک عادل عەبدولمەهدی و کازمی دایدەنێن بەبێ هەڵبژاردنیش.
بەڵام غیابی ڕۆڵێکی سەنتەریی خودی شیعەکان گرفتە گەورەکەیە، لەپێش هەر گروپ و دەستەو پارتێک خۆیان و حاشیەکانیان سودمەندی ئەو پەرتکردن و ئانارشیزم و فەوزایەن کە دروست بووە لە عێراق، شیعەی حوکمڕان و ئەقتابگەلی حەشدو بلۆکی بەرژەوەندخوازی نەوتی و نا نەوتیی بە گروپی تازەی هیواو زۆرێک لە کوتلە ئایدۆلۆژیستەکانی سوننەکانی چوارچێوەی هالەی ئێرانیشەوە کە لەدەوری بەرژەوەندیەکانی ئەو لامەرکەزییەت و بەرەڵا گەورەیە کۆبونەتەوە وەک باڵۆنێکی خەیاڵیی، بەنیازن ئەو فەوزاو گوتارە پەرتەش لە بەغدادەوە هەناردەی هەرێم بکەن و تەواوی شارەکانی هەرێم بخەنە ناو دۆزەخی ئەو پاشاگەردانیەوە کە هەر شارەو بەدەست گروپێک مافیاوە گیری خواردوە.
ئەگەر بەغداد خۆی ئەو مەرکەزە بەهێزە دیموکرات و لیبراڵە بوایە چیتر کورد دەرگیریی ئەوە نەدەبوو کە ئێستا هەیەو هاتۆتە پێش، راستە هەرێم خۆشی ئەو مەرکەزییەت و ئیجماعە سیاسییەی نەماوە، مەرکەزیەت واتە هاوسەنگی و هێزو بڕیاریی یەکلاکەرەوە بەڵام ناکرێت هەموو گوتارو نیەتێکی فاشیزمانەی بەغداد بە ئاراستەی مەرکەزییکردنەوەی هەرێم بە عێراقەوە قبوڵ بکرێت بە بەڵێ، ڕێگە بدرێت شارەکان پەرت بکرێن بەناوی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی و هەرێم هەڵوەشێننەوە بەو بیانوەوە، تۆ ناتوانی باسی ڕێکی ئەویتر بکەیت لەکاتێکدا خۆت تەواو ناڕێکیت، لێ کورد دەبێت لەپێشدا خۆی ڕێک و بەمەرجەع بکات و کۆبێت و بۆ مەرکەزێکیش بگەڕێ بۆ گفتوگۆ لە عێراق، ئینجا بەرمەبنای ئەو دۆخە ڕێکخستنەوەی خۆی بکات و چیتر رازی نەبێت کەس بەناوی هەرێمەوە قسە بکات و سیاسەت داڕێژێت.
بۆیە ئەم دانوستانەش بەرینەوە لە بەغداد، بێگومان ئەم فرە مەرکەزیەتەی کوردو ئەو تۆنە بۆ بەهەرێمکردن لە داهاتووی نزیکدا دانوستانکوژ دەبێت و دۆزی کورد بەرەو هەڵدێر دەبات چونکە ئەوان ترسی سێکتەریی نەوتیان نییە بیخەنەوە ژێر دەستی کۆمپانیای سۆمۆ، ترسی هەرێمێکیان هەیە چیتر بەو چوارچێوەو کۆنتێکستە جەبرییە دیکتاتۆریی و عەسکەرییەی عێراق رازی نابێت، ئێستا کە کەس بەخیلی بە سیستمی فاشیلی حوکمڕانی عێراقەوە نابات و بەشێک لەو کوردانە خەریکی خۆ نیکاحکردنەوەن بەو جەستە سڕو هیلاکە بەناو فیدراڵەوە، نازانن عێراق بەبەرنامە دەیەوێت تۆش هێندەی تر لە خۆی بچی و وەک ئەوبی لە پاشاگەردانی.
T-K24
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق