بەشیر حەداد: پێویستە یاسای بودجە ببێتە ھەوێنی لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا
نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاویکردەوە، بەشیر حەداد سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کردووە، کە تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ کارەکانی لیژنەکە لەسەر یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١.
بەگوێرەی راگهیهنراوهكه، لە کۆبوونەوەکەدا بەشیر حەداد جەختی کردووەتەوە "پێویستە یاسای بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابڕێژرێت بەسەر تەواوی پێکھاتەکانی عێراق و بەیەک چاویش سەیری تەواوی پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش بکرێت و بە پێی رێژەی دانیشتووان و شایستەی دەستوری پشکەکان دابەشبکرێن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ھەر بژاردەیەک سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا دابنرێت، دەبێت دەستوری بێت و قبوڵ ناکرێت ھیچ بژاردەیەکی دیکە دیاری بکرێت، کە لە مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە."
بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لیژنەی دارایی کارێک بکات کە پڕۆژەیاسای بودجە بە ھەماھەنگی و تەوافوقی نیشتمانی تێپەڕێت نەک بەشێوەی زۆرینە و کەمینە، چونکە پێویستە پەرلەمان رۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و ھاوکاری حکومەت بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەک خۆی ببێتە بەشێک لە کێشەکان و کێشە بۆ حکومەت دروستبکات.
بەشیر حەداد وتووشییەتی، پێویستە کارەکان بەشێوەیەک بەڕێوەبچن، کە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ببێتە ھەوێنی لێکنزیکبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا لەلایەک و نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و پێوستە ئەو بەرەو پێشچوونانەی ھەرێم بە ھەند وەرگیرێن و لیژنەی دارایی پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵیش ھەنگاو بھاوێژێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لای خۆشییەوە، وتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاندووە، حکومەت لای خۆیەوە بابەتی پشکى هەرێمی کوردستانی یەکلاکردووەتەوە، دەشڵێت، بە بۆچوونى ئەو لە چەند رۆژى داهاتوودا کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتن دەبێت بە مەبەستی گەیشتن بە شتێکی کۆتایی سەبارەت بەو بابەتە.
بهگوێرهی رێككهوتنی نێوان حكومهتی هەرێم و عێراق، هەولێر پابهنده به رادهستكردنی ٢٥٠ ههزار بهرمیل نهوتی رۆژانه، لهگهڵ نیوهی داهاتی خاڵه سنورییهكان، لهبهرامبهردا بهغدا ١٢.٦٧٪ی پشكی ههرێم له كۆی بودجهی عێراق دهنێرێت.
لە ماوەی رابردوودا، شاندی حکومەتی هەرێم چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ رێککەوتنێک واژۆبکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق