داعشێك وردەكارییەكانی ململانێ ناوخۆییەكانی داعش دەگێڕێتەوە‌

ليست هناك تعليقات


داعش لەپردا هات و زیاتر لە سێ ساڵی خایاند تا لە ڕیشەوە هەڵكەندران، لەو بوارەشدا بەهەزاران كەس بوونە قوربانی و دەیان هاوپەیمانی ئەنجام دران، سەدان و گوندو دەیان شارو شارۆچكە وێران كران، ئەوەی كە هەبوو ناوچە سونە و كوردەكانی هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا بوون، یان ڕاستتر باشوور و رۆژئاوای كوردستانی گرتەوە.

ڕێكخراوەكە بۆ دەرەوەی خۆی زۆر ترسناك و تۆقێنەر بوو، لەڕێگەی میدیاكەشیانەوە هێندەی تر ترس و تۆقینیان بڵاودەكردەوە، لەناوخۆی ڕێكخراوەكەشدا ترسناكتربوو، بەڵام هەواڵەكانیان درەنگ دەهاتە دەرەوە، بەڵام لە دوای كۆتایی هاتنی ئەو ڕێكخراوە چەندین زانیاریی و نێهنی ئاشكرا بوون و دەركەوت كە لە نێو خۆیی ئەو ڕێكخراوەدا كاری زۆر سەیر كراوە.

كتێبەكانی (مجزرة المستتابين )لە نوسینی ئەبوعیسای میسری و( شهادتي على قضية المستتابين) لە نوسینی ئەبی جەندەلی حائیلی و (كفّوا الأيادي عن بيعة البغدادي) ئەبی محەمەد ئەلهاشمی، كاتێك نوسەرانی ئەو كتێیبانە لەو ڕێكخراوە جیابوونەوە ، نهێنی و كارە دزێوەكانی ئەو ڕێكخراوەیان تۆمار كردووە، كاری ئەوان لەسەرەتاكانی داعشەوە دەستی پێكردووەو تا دەست بەكاربوونی ئەبوئیبراهیم قورەیشی (جێگرەوەی ئەبو بەكر بەغدادی) درێژەی كێشاوە.

بەپێی بەدواداچوونی پێگەی (حفریات) كە بۆ كتێبەكەی الهاشمی كردووە، تیایدا باسی رەفتاری نەشیاوی ئەمیرەكانی كردووە، یەكێك لەوانە كێشەی تاقیكردنەوەی خەڵكی ڕەشۆكی و عەوام بووە لەبواری عەقیدەدا، كاتێكیش وەڵامەكان بە دڵی ئەوان نەبووەو بە پێی بیروباوەڕی ئەوان نەبووە، فەرمانی كوشتنیان بۆ دەركردوون ، بەپێی وتەی هاشمی ژمارەیان زیاتر بووە لە سێ هەزار كەس بووە كە تاوانبار كراون لە بێباوەڕو خراپی و تێكچوونی بیروباوەریان.


كوشتنی تۆبەكاران:
ئەبومحەمەدی هاشمی لە بارەی كێشەی تەوبەكارانەوە باس لەوە دەكات كە داعش گروپێكیان هەبووە كە لەناوخەڵكدا بوون و بەدوای نەفامی و نەزانینی خەڵكەوە بوون تاوانباریان كردوون بە نەفامی و تەنانەت كوفریش، یەكێك لە كارەكانی لیژنەیە بریتی بووە لە كۆكردنەوەی خەڵك و داوای تەوبەیان لێكردوون، دوای ئەوەش زیندانییان كردوون و سزای توندیان داون و پاشان پێكەوە كۆمەلكوژیان كردوون كە وەك هاشمی دانی پیدا دەنێت زیاتر بوون لە 3 هەزاركەس ، هەر بۆیە هاشمی ئەو كارەی بەدڵ نەبووەو بە شەرعی نەزانیەوە بۆیە داوای كردووە لە دژی بریارەكەكانی بەغدادی بوەستنەوەو لەدژی چەك هەلبگرن و گوتویەتی: خێرا كوڕەكەی عەواد –مەبەستی ئەبوبەكریی بەغدادییە- ڕاگرن و چەك لە خۆی و چواردەورەكەشی وەرگرنەوە، دەست بگرن بەسەر گەنجینەی چەك و تەقەمەنی و خۆراكەكانیاندا... دواتر دەست بخەنە ناو دەستی یەكێك كە كۆك بن لەسەری و یەك قسە بن، ئەگەر ئەو كەسە قورەیشیش نەبێت، چوون ئەمە بەیعەتی ئەمیری و براگەورەییە خۆ بەیعەتی خەلیفە نیە.

ئەو ئەمیرەی داعش باس لەوەش دەكات كە كۆتایی هاتنی دەوڵەتەكەی بەغدادی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بووە، هێندە كێشەكانیان گەورە بوون كە بەرگەیان نەگرت و دەڵێت: گۆڕانكارییە فیكرییەكان لەناو داعش دا خێراو لەپڕو لەناكاو بوون، جاری وابوو گۆڕانكارییەكان ڕیشەیی بوون، زۆرینەی كۆبوونەوەكان بەریەك كەوتن بوو لەبابەتە دینیەكاندا، كێشەكان لەسەر عەقیدە بوون، هەریەكەو دەمارگیریی بۆ بۆچوونی خۆی هەبوو، ئەوان لەبری ئەوەی بیانگوتایە ئەمە بەرنامەی خواو پێغەمبەرەكەیەتی ئەیانگوت ئەوە بەرنامەی دەولەیە. ئەوەش قسەو بۆچوونی زۆرینەی ئەمیرەكانی داعش بوو.

لێرەوە سەرەتای دەركەوتنی گروپێكە كە زیاد لە پێویست وزیادە ڕەوییان كردووەو ئەوانی بەرامبەریان بە كەمتەرخەم ئەژماركردووە، هەریەكەش لافی ئەوەی لێداوە كە ئەو لەسەر بەرنامەی دەوڵەتی ئیسلامی دەڕوات.

كوشتن لەسەر بنەمای گومان:
بەشێك لەو كەسانەی كە لە دەوڵەتەكەی داعش دا كوژراون لە سەر بنەمای گومان و شتی ناڕاست و بێ بنەما بووە، جگە لەوەش چەندین بیانوویان دروست كردووە بۆ ئەوەی خەڵكی پێ بكوژن لەوانەش، ئایا نەزانین –جەهل- دروستە یان نە؟ ئایا كەسێك شتێك نەزانێت پێی كافردەبێت یان نە؟ هاشمی لەو بارەیەوە دەڵیت: ئایا ئێوە خوێنی ئەبی موهەنەد تونسی و ئەبی مەسعەبی سەحراوی و ئەبی جەعفەری حەتابتان بیرچووەتەوە ، من خۆم لە دیوانی ئاسایش –كە ئەو ناوی لێناوە دیوانی ستەم- م بیستووە كە بەدەستی ستەمكارێكی وەك ئەبی لوقمان –بەرپرسی زیندان- زیاتر لە 700 كەس بەو بەڵگانەوە كوژران. ئەگەر بمانەوێت تاوانەكانی ئەو ستەمكارە و زیندانەكەی بنوسینەوە پێویستمان بە چەندین بەرگە كتێب هەیە، هەندێك لەوانەی كە لەسەر دەستی ئەودا و لە زیندان سزا دراون بۆیان باس كردووم چییان بەسەر هاتووە، مرۆڤ بەرگەی گێڕانەوەشی ناگرێت.

هاشمی باس لەوە دەكات كە ئەبی جەعفەری حەتاب كە لەلایەن بەغدادییەوە كوژرا هۆكارەكەی نەزانین –جهل – بوو لە كاتێكدا ئەو شەرعزانێكی بەتواناو دیار بوو، بەغدادی فەرمانی دەركرد كە لە شوێنێكی گشتی ولەبەرچاوی خەڵكدا بیكوژن، ئەبی جەعفەر جگە لەوەی كە شەرعزانێكی بەتواناو گەورەی داعش بوو، ئەمیری دیوانی بانگەواز-دەعوە-ش بوو.

هاشمی باسی لەوەش كردووە كە ئەبومحەمەدی فورقان –بەرپرسی دیوانی ڕاگەیاندن- بوو، كە یەكێك بوو لەو برایانەی كاتی خۆی لە ئەفغانستان بووە، دەڵێت رۆژێك فورقان هاتە ماڵمان لە رەقە پێی گوتم دوای گەڕانەوەم لە ئەفغانستان چووەمەوە سعودیە دوو ساڵ زیندان بووم، لەوێ بە ئەندازەی چەقاوەسووەكانی كوری عەواد نەترساوم.

بە پێی وتەكانی هاشمی، داعش گروپێكی تایبەتیان هەبووە كە هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵان و شوێنەكانیان پشكنیوە، بەدوای ئەو كەسانەدا گەڕاون كە ڕای پێچەوانە یان ناكۆكیان لەگەڵ بەرپرسان هەیە، ئەبوبەكر بەغدادی لیژنەی تاقیكردنەوەی بۆئەوز جۆرە كەسانە دانابوو، هاشمی دەڵێت: ئەنساری بۆی گێڕامەوە سوێند بە خوا دوو كەس لە داعشە بیانیەكان هەڵیانكوتابووە سەر ماڵەكەی من و خۆم لە ماڵەوە نەبووم و تەنها خێزانم بوو، ئەو لە پشتی دەرگاوە پێی گوتبوون (من ژنێكم بەتەنها لە ماڵەوەم و كسەم لەگەڵ نییە)كەچی دەرگاكەیان شكاندبوو، ئەوە لە كاتێكدا جلی ماڵەوەی لەبەردابووەو سەریشی ڕووت بووە.

كوشتن لەسەر بنەمای ڕق:
هاشمی لەو كتێبەیدا باس لە كەسایەتی بەغدادی دەكات و دەڵێت گەورەترین سیفەتی بەغدادی (درۆ و ستەم)بووە، ئەوەش خراپترین سیفەتی هەر كۆمەڵ و جەماعەیەكە، یەكێكی دیكە لە سیفەتەكانی خوێن رشتنی زۆربوو بە ناهەق و ڕەچاو نەكردنی هیچ بنەمایەك لەگەل نەیارەكانیدا و كوشتینان بەتاوانی هاوەڵدانان بۆ خودا (شرك).

هاشمی باس لەوە دەكات كە ئەبویەعقوبی هاوڕیی نزیكی لە لایەن بەغدادییەوە زۆر خوێن ساردانە كوژرا تەنها لەبەر ئەوەی ناكۆكی هەبوو لەگەڵ ئەمیری ویلایەتێكدا، كاتێكیش بەدواداچوون كراوە بۆی وتوویانە كتێبەكانی بە بێ پرسی ئەمیرەكەی چاپ كردووە و بەو پێیەش خەلیفەی داعش فەرمانی كوشتنی دەركردووە، یان ئەو ئەو ژنە پزیشكەی كە لە میسرەوە چووەتە ڕیزەكامی داعش ، ئەمیرێك داوای كردووە كە شووی پێ بكات و ئەویش ڕازیی نەبووە بۆیە زۆر خوێنساردانە بڕیاری كوشتنیان دەكردووە، بەتاوانی شكاندنی ئەمری والی و بەرپرسەكان.

دزێوترین چیرۆكی ناو ئەو كتێبە كە هاشمی دەیگێڕێتەوە ئەوەیە كە لە ئەنباری عێراق روویداوە، ئەویش ئەوە بووە كە ژمارەیەك خەڵكی نەخوێنەوارو عەوامیان گرتووە، دوای ئەوەی زیندانییان كردوون و هەندێك پرسیاریان لێكردوون و نەیانزانیوە كوشتوونیان، بەڵام دوانین نەكوشتووەو بەرەڵایان كردوون، بەڵام بۆ شاردنەوەی ئەو كارە دزێوەیان كە نەچێتە دەرەوە و باس نەكرێت دوانەكەی تریشیان گرتووەتەوەو كوشتوونیان.

لەوكتێبەی ئەبو محەمەدی هاشمی، (كفوا الایادی عن بیعة البغدادی) ژمارەیەكی ئێجگار زۆر تاوان و ستەم و ناحەقی نوسراوەتەوە لە كوشتن، دەستدرێژیی نامووس، داگیركردنی موڵك و ماڵی خەڵك، كە لەلایەن سەركردەكانی داعشەوە ئەنجام دەدران، بە پێی وتەكانی نوسەری ئەو كتێبە (كە خۆی پێشتر یەكێك بووە لە سەركردەكانی داعش) تاوانەكانی داعش بەجۆرێك بووە پێشینەی نەبووەو هیچ گروپ و حیزبێك وەك ئەوانی نەكردووە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو ڕەخنەی توندی لە سەر بیروباوەڕو خراپی پرۆگرام و خراپی لێكدانەوەی دەقە ئاینیەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی دەقە شەرعیەكانی لە لایەن داعشیەكانەوە ڕوون كردووەتەوە .

گرنگی ئەم قسانەی هاشمی لەوەدایە؛ ئەوەیە كە میدیاكان تا ئێستا باسیان لە تاوانەكانی داعش كردووە لە دەرەوەی ڕێكخراوەكە كە دەرهەق بە خەڵك كراوە، بەڵام هاشمی باسی لە كێشە ناوخۆییەكانی داعش كردووە، بە پێی وتەكانی هاشمی سێ باڵی سەرەكی زۆر توند لەناو داعش دا بوونیان هەبووە كە بریتی بوون لە باڵی (حازمی) و (بن عەلی)و (ئەبی محەمەد فورقان)، هەركەسێكیش بیەوێت ئەم زانیارییانەو زیاتریش بخوێنێتەوە بچێت كتێب و نوسینەكانی ئەو كەسانە بخوێنێتەوە كە لە داعش جیابوونەتەوە.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif