بایدن داوایەکی ترەمپ لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئێران دەکشێنێتەوە

ليست هناك تعليقات


  

ئیدارەی بایدن نامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و تێیدا هەڵوەشاندنەوەی راگەیێندراوی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا تایبەت بە سەپاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێرانی هەڵوەشاندەوە.
 
ریچارد میلز، نێردەی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و تێیدا بڕیاری ئیدارەی ترەمپ، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو دەریکردبوو بە چالاککردنی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، هەڵوەشاندەوە.
 
جگە لە سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئیدارەی ترەمپ داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی سیستەمی سناپ باک بەسەر ئێران بسەپێنێتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو دەمە داواکەی ترەمپی رەتکردەوە.
 
سناپ باک سیستەمێکە، کە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دانراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە هەر کاتێک ئێران پابەندی بڕگەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە نەبێت، ئەوا سەرجەم سزاکانی سەر ئەو وڵاتە چالاکدەکرێنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئامادەیی یەکێتییەکە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نافەرمی تایبەت بە وڵاتانی 5 کۆ 1 دەربڕیوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەو بارەیەوە ئامادەیی بەشداریکردنی لەو کۆبوونەوەیە پیشانداوە ئەگەر بێت و بانگهێشت بکرێت.
 
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیای راگەیاند، حکومەتی ئەمریکا ئامادەی دانوستاندنە سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.
 
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا رێککەوتوون لەسەر گەڕانەوە بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەگەر  ئێران پابەندی بڕگەکانی رێککەوتنەکە بێت.
 
ئیدارەی ترەمپ لە ساڵی 2018دا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کشایەوە و ئێرانیش لە ساڵی 2019 دەستیکرد بە کەمکردنەوەی پابەندنەبوونەکانی بە بڕگەکانی رێککەوتنەکە.
 
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا رایانگەیاند، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی دروستبکات و نیگەرانی خۆیان لە بارەی هەنگاوەکانی ئەمدواییەی تاران دەربڕی.
 
ئەو چوار وڵاتە کە دوێنێ لەبارەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆبوونەوە،  لە راگەیێنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند "لە بارەی ئێرانەوە، سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ئەمریکا بەرژەوندییە ئەمنییە بنچینەییەکانی خۆیان خستنەڕوو لە بەهێزکردنی سیستەمی تەشەنە-نەکردنی ئەتۆمی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئێران هەرگیز نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات."
 
هەرەوەها لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، وەزیرانی هەر چوار وڵات "نیگەرانیی هاوبەشی خۆیان لە بارەی هەنگاوەکانی ئەمدواییەی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و کانزای یۆرانیۆم دەربڕی."
 
لە وەڵامی ئەوەدا، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا نووسیویەتی: "رێکارەکانمان کاردانەوەن بۆ پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە." وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت: "ئەگەر لە ئەنجامەکە دەترسن، هۆکارەکە لابببەن. ئێمە وڵامی کردارەکان بە کردار دەدەینەوە."
 
ئێران هەفتەی داهاتووی وەکو دوایین وادە بۆ ئیدارەی جۆ بایدن داناوە بۆ ئەوەی ئەو سزایانەی ترەمپ بەسەریدا سەپاندبوونی، لایانببات، ئەگەر نا چیدیکە رێگە بە ئاژانسی وزەی ئەتۆم نادات بنکە ئەتۆمییەکانی بپشكنێت. 
 
ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە دەڵێن ئەو کارەی ئێران مەترسیدار دەبێت و داوای لێدەکەن کە بیر لە ئەنجامەکانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە بکاتەوە، "بە تایبەتی لە کاتێکدا کە دەرفەتی نوێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان هەیە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif