ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتییش دەڵێت: "پرسیی لامەرکەزیی سلێمانی لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەدایە."
شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی کۆمیسیۆنی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، رۆژی یەکشەممە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە.
شادمان مەلا حەسەن گوتی:"لە کۆبوونەوەکەدا تیمی حکومەت (ئەوانەی ئەندامی سەرکردایەتییشن) ئامادە دەبن و باسی رۆڵی یەکێتی لەنێو حکومەتدا دەکەن و هەروەها پرسی لامەرکەزیی سلێمانی تاوتوێ دەکرێت و رەنگە بڕیاری لەبارەوە بدرێت."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش دا، پرسی نێوخۆیی حیزبەکەی بەشێکی دیکەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە دەبێت.
نزیکەی مانگێک پێش ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەشنووسی پرۆژەیاسای لامەرکەزیی سلێمانیی بڵاوکردەوە کە خۆی لە 11 ماددەدا دەبینێتەوە و تێیدا مەبەست لە ناناوەندێتیی بەڕێوەبردن و ئامانجەکانی روون کراونەتەوە.
لە ماددەی چوارەمی رەشنووسەکەدا لەبارەی داهاتەکانەوە ئاماژە بەوە دراوە، سەرجەم داهاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان "بە جیا لە هەژمارێکی بانکیی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ" تۆمار بکرێن.
داهاتە نانەوتی و گازییەکانی پارێزگاکەیش بریتین لە "باجەکان، گومرگەکان، رسومات، داهاتە جۆربەجۆرەکانی خزمەتگوزاریی دەروازە سنوورییەکان، داهاتی بەکرێدان و موساتەحە و فرۆشتن و رەفتارکردن بە موڵک و ماڵی گشتیی گواستراوە و نەگواستراوە، سزا داراییەکان (غرامات)، بەخشین و هاوکاریی و پیتاکی بەخشراو و بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتیی ساڵانەی عێراقی فیدراڵ". هەروەها هەموو قۆناخەکان و چالاکییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکانی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکان بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا.
هەروەها لە کۆتایی مانگی رابردوودا لاهوور شێخ جهنگی، هاوسهرۆكی یهكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبارەی پرۆژەی لامەرکەزی و هەڵوێستی حیزبەکەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئازاد محهممهد ئهمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و فراکسیۆنی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "به دۆخێكی ههستیاردا تێدەپهڕین. له ههر كات و ساتێكدا پێویست بكات یهكێتی بڕیار و ههڵوێستی سیاسیی خۆی ڕادهگهیهێنێت." هەروەها گوتیشی، "باشكردنی ژیان و گوزهرانی هاووڵاتییانی ههرێمی کوردستان بهنده به پابهندبوونی حكومهتی ههرێمی کوردستان و حكومهتی فیدراڵی به رێكکهوتنی نێوانیان."
شادمان مەلا حەسەن ئەوەی خستەڕوو کە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی پرسی لامەرکەزیی سلێمانییەوە بۆچوونی تیمی حکومەت وەردەگرێت.
رەشنووسی پرۆژەکەی یەکێتی ناونیشانەکەی بریتی بوو لە "پەیڕەویی ناناوەندێتیی بەڕێوەبردن و دارایی لە هەرێمی کوردستان - عێراق."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق