عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند، هیوادارن پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بەشێوەیەک تێپەڕێت کە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و موچەخۆرانی هەرێم لەبەرچاو بگرێت، کە ئەوان بەشێک نین لە کێشەکان.
لە میانی سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی و بەسەرکردنەوەی مەزاری مام جەلال لە دەباشان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند "دیارە بابەتی بودجە شتێکە وا لەبەردەمدایە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، هیوادارین بەشێوەیەک تیپەڕێنرێت کە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان و لەبەرچاوی بگرێت و دڵنیاییان بداتێت، بە هەمان شێوە بەرژەوەندی گەلی عێراق بە گشتیش، بۆیە کاردەکەین بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە چارەسەر و لێکتێگەیشتنی ئەوتۆ بێینە دەرەوە کە چارەسەری بەشێک لە کێشەکان بکات".
لە بەشێکی دیکە وتەکانیدا هەرلەو بارەیەوە عەمار حەکیم وتی "هەمووان نیگەراین و ئازارمان پێ دەگات، کە دەبینین فەرمانبەرانی کوردستان چەند مانگ تێپەڕدەبێت و موچەیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا ئەوان بەشێک نین لە کێشەکان کە ڕوویانداوە، بۆیە دەبێت بەشوێن چارەسەرێکدا بگەڕین دڵنیایی بدات لە مووچەی گەلانی عێراق و موچەی ئەو خۆشەویستانەش، بۆ ئەوەی هیچ هاوڵاتییەکی عێراقی دوودڵ نەبێت لە مووچە و ژیان و گوزەرانی".
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دۆخەی ئێستادا بێ سەرکردەی دیار مامە جەلالیان پێوە دیارە، لە کاتێکدا کە لەمپەڕ و ڕێگری زۆر هاتوونەتە پێشەوە، بە تیابەت کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
لەوبارەیەوە ڕوونیکردەوە، مام جەلال داهێنەر بوو لە چۆنێتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و کردنەوەی گڕێ کوێرەکان و پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانانە، ئەگەر ئامادەیی هەبوایە، جێ پەنجەی بە ئاشکرا دیار دەبوو لە چارەسەکردنی کێشەکانەوە.
جەختیشیکردەوە، هیوادارن هەموان لە ئاستی ئەو بەر پرسیارێتییەدا بن، بۆ ئەوەی دەست لە ناو دەست کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و نزیکتر بن لە گەلی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە شاری سلێمانین، شتێکی ئاساییە قسە بکەن لەگەڵ هاوبەشێکی متمانەپێکراو و هاوپەیمانێکی گرنگیان لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەگەڵ ڕێزی زۆریان بۆ هێزە سیاسییەکانی دیکە، قسە دەکەن دەرباریە پەیوەندی کورد و عەرەب و قسە دەکەن سەبارەت بەڕۆڵی پێیوست بۆ ئەوەی هاوکاری یەک بن لە بنیاتنانی پرۆسەی سیاسی لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق