رۆژى شه‌ممه، 1-2-2003 بۆ دووەمجار فه‌له‌كناسانى جیهان به هه‌واڵی رووداوى ته‌قینه‌وه و سووتانى مه‌كۆی ئاسمانیی كۆڵۆمبیا Space Shuttle Columbia تووشی شۆك بوون و بۆ جارێكی دیكه چیرۆكى خه‌مناكى ئه‌و رووداوه وه‌ك مه‌كۆی پێشووترى (چالنجه‌ر) باڵی به‌سه‌ر هه‌موو فه‌له‌كناسان و ده‌زگاكانیاندا كێشا، ئه‌مجاره‌یان كاره‌ساته‌كه له ده‌ستپێكی پرۆسه‌ى هه‌ڵداندا نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ى له (چالنجه‌ر)دا روویدا، به‌ڵكو له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى تیمەکە بوو بۆ زه‌وى.
كۆڵۆمبیا یه‌كێکبوو له‌و پێنج مه‌كۆ ئاسمانیانه‌ى (Space Shuttle) كه رۆڵێكی گه‌وره‌یان بینی له پڕۆسه‌كانى دۆزینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌كانى بۆشایی ئاسمان نه‌وه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستى ناسا و ویلایه‌ته یه‌گكرتووه‌كانى ئه‌مریكا، به‌ڵكو بۆ هه‌موو جیهان، رۆژی شه‌ممه 1-2-2003 به ته‌واوى ئاماده‌كرا له‌سه‌ر سه‌كۆی هه‌ڵدان له بنكه‌ى كیپ كه‌نه‌ڤیراڵ له ویلایه‌تى فلۆریدا بۆ ئه‌نجامدانى گه‌شتى ژماره 28 ه‌مینی خۆی له ژێر كۆدی ناسراو به گه‌شتى (STS-107) و تیمی كه‌شتیوانانى بریتی بوون له:
- ریچارد هاسبند، سه‌ركرده‌ى تیم.
- ویلیا‌م ماكۆڵ، کەشتیوان.
- مایكڵ ئاندرسن، به‌رپرسی کۆگا.
- ئیلان راموون، شاره‌زاى کۆگا.
- كالپانا شاولا، شاره‌زاى گه‌شت.
- دێیڤد بڕاون، شاره‌زاى گه‌شت.
رۆژی پێنجشه‌ممه 16-1-2003 كاتژمێر 04:59:32 ى ئێواره به‌كاتى هه‌ولێر، پرۆسه‌ى هه‌ڵدان له بنكه‌ى ناسراو به (Kennedy lC-39A) ده‌ستیپێكرد و مه‌كۆیه‌كه بڕی 14.5 تۆن له مانگى ده‌ستكرد و ئامێر و پێداویستیى جیاجیاى باركردبوو، سه‌ره‌تا هه‌موو شتێك به پرۆسه ئاساییه‌كانى خۆیدا تێده‌په‌ڕی، تا ساتى دواى هه‌ڵدانیش هیچ ئاماژه‌یه‌كى نائاسایی و داتایه‌كى نامۆ له هیچ كام له ئامێر‌و به‌شه‌كانى مه‌كۆی ئاسمانى و هه‌ردوو مووشه‌كه پاڵنه‌ره‌كان و تانكى سه‌ره‌كیی سووته‌مه‌نى هایدرۆجینی ده‌رنه‌ده‌چوون. كه‌واته، چی روویدا؟
زنجیره‌ى رووداوه‌كان
دواى تێپه‌ڕبوونى 81.7 چركه له هه‌ڵدانى مه‌كۆكه، كامێراكانى سه‌رزه‌وی پارچه مادده‌یه‌كیان بینی كه هێندەی جانتایه‌كى گەشتکردن بوو، بریتی بوو له (فۆم)ى جیاكه‌ره‌وه، كه له پێناو پاراستن و داپۆشینی بنكه‌ى به‌ستانى (مه‌كۆی ئاسمانی) له‌گه‌ڵ (تانكى گه‌وره‌ى سووته‌مه‌نى هایدرۆجینی) به‌كارده‌هێنرا، له به‌شى سه‌ره‌وه‌ى ئه‌و تانكییه‌دا به‌خێراییه‌كى زۆر جیاده‌بێته‌وه و ده‌كه‌وێته خواره‌وه، ئه‌وكاته مه‌كۆیه‌كه له به‌رزایی 19.99 كیلۆمه‌تر بوو له‌سه‌ر ئاستى رووى زه‌وى و خێراییه‌كه‌شى گه‌یشتبووه 2.46 جار ئه‌وه‌نده‌ى خێرایی ده‌نگ، واته، 3037 كیلۆمه‌تر له كاژێرێكدا.
شوێنی به‌ركه‌وتنى ئه‌و پارچه (فۆم)ـە له یه‌كێک له‌و پارچه رووپۆشه سیرامیكییه زۆر تووندوتۆڵه‌ى لێوارى ده‌ره‌كیی پێشه‌وه‌ى باڵی چه‌پی مه‌كۆیه ئاسمانییه‌كه بوو، كه جگه له‌و شوێنه، ته‌واوى به‌شی ده‌ره‌كیی لاشه‌ى مه‌كۆی ئاسمانیی به سه‌دان پارچه سیرامیكی زۆر به‌هێز داپۆشراوه تاوه‌كو كه‌شتییه‌كه له‌و گازه زۆر گه‌رمانه بپارێزێ، كه به‌هۆی روودانى كردارى لێكخشاندن له‌نێوان ته‌نۆچكه‌كانى به‌رگه‌هه‌واى زه‌وى و رووى ده‌ره‌كی مه‌كۆیه‌كه‌دا رووده‌دات له كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یدا، چونكه پله‌ى گه‌رمیی ده‌گاته سنوورى سێ هه‌زار پله‌ى سیلیزیی له‌وكاته‌ى خێرایی كه‌شتییه‌كه ده‌گاته سنوورى 25 جار ئه‌وه‌نده‌ى خێرایی ده‌نگ، واته، نزیكه‌ى 28163 كیلۆمه‌تر له كاژێرێكدا.
پسپۆڕانى بنكه‌ى كۆنترۆڵ سه‌ره‌تا هه‌ستیان به‌و رووداوه نه‌كرد، له دواى تێبینیشیان بۆی، دركیان بە مه‌ترسییە زۆرەی ئه‌و به‌ركه‌وتنه نه‌كرد، به‌ڵام له راستیدا ئه‌و به‌ركه‌وتنه زۆر خێرا و به‌هێزه بووبووه هۆی دروستكرنى كونێك له به‌شی پێشه‌وه‌ى لێواری باڵی لاى چه‌پى مه‌كۆیه‌كه به‌تیره‌ى 15 تا 25 سانتیمه‌تر، كه ئه‌مه‌ش له كۆتاییدا ئه‌وپه‌ڕی مه‌ترسیی نایه‌وه له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یاندا.
رۆژى 1-2-2003 كاژێر 08:48:39ى ئێواره به كاتى هه‌ولێر، ئامێرى هه‌ستپێكردنى لێواری باڵی چه‌پ زنجیره‌یه‌ك له تۆمارى پله‌ى گه‌رمیی به‌رزتر له ئاسته‌كانى پێشووتردا نیشانى كارمه‌ندانى نێو سه‌نته‌رى كۆنتڕۆڵ دا و پسپۆڕانیش ئه‌و داتایانه‌یان دووباره به تیمی كه‌شتیوانانیان نیشان ده‌دایه‌وه.
كاژێر 04:53:26ی ئێواره، مه‌كۆی ئاسمانیی كۆڵۆمبیا به‌خێرایی 28400 كیلۆمه‌تر له كاژێرێكدا، به‌سه‌ر ناوچه‌كانى رۆژئاواى كالیفۆرنیا له نزیك ساكرامانتۆدا فڕی و به‌رزییەکەشی گه‌یشتبووه 70.6 كیلۆمه‌تر. له‌م كاته‌دا راداره‌كانى (National Weather Service) واته (خزمه‌تگوزاریی كه‌ش و هه‌واى نیشتیمانیی) پارچه‌ى ترازاوى (كۆڵۆمبیا) ى به ره‌نگه‌كانى سوور‌و پرته‌قاڵى و زه‌رد له ئاسمانى ویلایه‌ته‌كانى (تێكساس و لویزیانا) ئاشکراکرد.
كاژێر 05:00:18ى ئێواره، گرته ڤیدیۆییه‌كان و راپۆرتى شایه‌تحاڵه‌كان له‌سه‌ر زه‌وى له ناوچه‌كانى داڵاس و ده‌وروبه‌رى، جه‌ختیانكرده‌وه له‌سه‌ر پارچه‌پارچه‌بوونى مه‌كۆی ئاسمانی و سووتانى له ئاراسته‌ى رۆژئاواوه بۆ ئاراسته‌ى رۆژهه‌ڵاتى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا.
تاقیكردنه‌وه‌كان راستییه‌كه‌یان سه‌لماند
بۆ تێگەیشتن له كاریگه‌ریی به‌ركه‌وتنى ئه‌و مادده‌یه به‌سه‌ر باڵى مه‌كۆ ئاسمانییه‌كه، ئه‌ندازیاران و ته‌كنیكکاران سیناریۆی به‌ركه‌وتنى نێوان فۆم و رۆپۆشی سیرامیكیان له تاقیگه‌یه‌كى تایبه‌تی و بۆ چه‌ند جارێك دووبارە کردەوە، ئه‌و تیمه بارسته‌یه‌كى فۆمیان به‌هه‌مان قه‌باره و قورسایی و پێكهاته له رێگه‌ى "تۆپهاوێژ"ێک ئاراسته‌ى هه‌مان جۆر و پارچه‌ى سیرامیكی پاراستنى لێوارى پێشه‌وه‌ى باڵى مه‌كۆی ئاسمانی ده‌كرده‌وه به شێوه‌یه‌ك، كه هه‌مان خێرایی و گۆشه‌ى به‌ركه‌وتنى هه‌بێت.
ده‌ره‌نجامه‌كان زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ربوون، له هه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كى ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌دا، ته‌واوى تیمه‌كه‌ى تووشی شۆك ده‌كرد و به روون و ئاشكرایی ده‌ریده‌خست كه‌وا له تواناى پارچه فۆمێك به‌و قه‌باره و به‌و خێراییه زۆره‌ى به‌ركه‌وتندا هه‌یه، كه‌وا كونێك به پێوانه‌ى نێوان 15 تا 25 سانتیمه‌تر دروستبكات و ئه‌وه‌ش له هه‌موو جارێك دووباره ده‌بووەوه.
ناسا و ئەنجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه
له سه‌ره‌تاى پرۆسه‌ى هه‌ڵدان و له ده‌ره‌نجامى به‌ركه‌وتنى پارچه‌یه‌ك له فۆم-ى پاراستن به پێوانه‌ى یه‌ك مه‌تر، له تانكى سووته‌مه‌نى سه‌ره‌كییه‌وه بۆ لێوارى پێشه‌وه‌ى باڵی چه‌پی مه‌كۆی ئاسمانیی (كۆڵۆمبیا)، كونێك دروستبووه، كه كارمه‌ندان و پسپۆڕانى (سه‌نته‌رى كۆنتڕۆڵ) هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوون كه‌وا ته‌نێكی ئاوا ساده كاریگه‌رییه‌كى وەها وێرانكەر له‌دواى خۆی جێبهێڵێت، له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه و نیشتنه‌وه‌ى مه‌كۆیه‌كه، گازه گه‌رمبووه‌كان كه له ده‌ره‌نجامى دیارده‌ى لێكخشانى به‌هێزى نێوان ته‌نۆچكه‌كانى به‌رگه هه‌واى زه‌وى و رووى ده‌ره‌وه‌ى مه‌كۆیه‌كه‌دا دروستده‌بێت، بڵێسه‌ى ئاگر له‌و كونه‌وه دزه‌ى كردووه بۆ نێو باڵى چه‌پی مه‌كۆیه‌كه و له ده‌ره‌نجامدا ته‌واوى په‌یكه‌رى مه‌كۆیه‌كه كه‌وتبووه ژێر هه‌ڕه‌شه و له كۆتاییدا ته‌قیوه‌ته‌وه و په‌رش و بڵاوبووەته‌وه.
ئه‌و كاره‌ساته هێنده به‌خێرایی روویداوه ئیدى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رفه‌تى نه‌داوه به كه‌شتیوانان هیچ جۆره هه‌وڵێك بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردن یان ده‌ربازبوون، هەرچەندە به راشكاوانه‌ش پێنه‌ده‌چوو له‌و حاڵ و بارودۆخه ته‌كنیكی و ئه‌ندازه‌یی و فیزیاییه‌دا هیچ شتێكیشیان پێكرابووایه یان كارمه‌ندانى سه‌ر زه‌وى بیانتوانیبایه هه‌وڵێك بده‌ن بۆ رزگاركردنیان، له ئه‌نجامدا هه‌ر حه‌وت سەرنشینی نێو کەشتییەکە گیانیان له‌ده‌ستدا.
دواى كاره‌ساته‌كه، ئاژانسی ناسا بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ ته‌واوى پرۆسه‌كانى هه‌ڵدانى مه‌كۆیه‌كانى (ئه‌تلانتس، دیسكه‌ڤه‌رى و ئیندێڤه‌ر)ى هه‌ڵپه‌سارد و دووباره به‌شێوه‌یه‌كى زۆر ورد و چڕ، به‌سه‌ر ته‌واوى سیستمه‌كانى سه‌لامه‌تى و تووندوتۆڵیی په‌یكه‌ریی مه‌كۆیه‌كاندا چووەوه و پێكهاته‌ى (فۆم)یشی به ته‌واوى وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى پارێزگارییكردنى (تانكى سووته‌مه‌نى هایدرۆجینی سه‌ره‌كی)دا لابرد.
جێگاى ئاماژه‌یه، له 2011-7-21 و له‌گه‌ڵ نیشتنه‌وه‌ى دوایین گه‌شتى بۆشاییگه‌ریی مه‌كۆی ئاسمانیی (ئه‌تلانتس)، ئاژانسی (ناسا) به فەرمی كۆتایی به خزمه‌تى 30 ساڵه‌ى به‌رنامه‌ى مه‌كۆی ئاسمانیی Space Shuttle Program هێنا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق