ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی تیمی دانوستاندنکاری حكومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ حكومەتی عێراق دووپاتکردەوە و فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق راسپارد كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت. راشیدەگەیێنێت، لەبارەی لامەرکەزی هەڵوێستمان نەگۆڕە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-02-2021 ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق، دۆخی ئابووری و چەند پرسێکی دیکە کراوە. لەبارەی دەستگیرکراوانی دەڤەری بادینان ئاماژە بەوە دراوە "لە کۆبوونەوەکەدا سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانیكردنێك لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرا، بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنووسان، چالاكانی مەدەنی، كادیرانی یەكێتی و حیزبەكانی دیکە."
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كردووەتەوە لەبارەی لامەرکەزیی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەمڕۆ 2021/2/14 ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتیی هاوسەرۆكان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستپێكرد. سەرەتا هاوسەرۆكان هەڵسەنگاندنێكی وورد و بابەتیانەیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابووری و هەمەلایەنەی كوردستان و عێراق پێشكەشكرد.
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كردەوە لەبارەی پرسەكانی:
1. سیستەمی نا ناوەندێتی كارگێڕی و دارایی (لامەركەزی) لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.
2. پشتیوانیكردنی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لەپارلەمانی عێراق راسپارد كەهاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت.
3. چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستووری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021دا، بەپێویست زانرا.
4. تەئكیدكردنەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی ئەركە دەستووری و نیشتمانییەكانی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی سەروەری وڵات و رێگرتن لە پێشێلكارییەكانی سنوورەكان، كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پرەنسیپی (دراوسێیەتیی باش)ن.
5. سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانیكردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنووسان، چالاكانی مەدەنی، كادیرانی یەكێتی و حیزبەكانی دیکە.
بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی تایبەت بوو بەكاروبارەكانی حیزب و راپۆرتی كۆمیسیۆنەكان. لەم بارەیەشەوە راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2021/2/14
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق