قوباد تاڵەبانى: دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین کە دادگەرانەو قابیلی جێبەجێکردن بێ
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، نزیكن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک و بەو مەرجە لەگەڵ بەغدا رێکدەکەون بەجۆرێک کە رێککەوتنەکە دادگەرانەو قابیلی جێبەجێكردن بێت.
قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم لە بەغدا بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاندووە"ئامادەین بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و جێبەجێكردنی پابەندییەكان بە مەرجێک رێككەوتنەكە دادگەرانە و قابیلی جێبەجێكردن بێت."
ئاماژەى بەوەشکردوە، پشكی راستەقینەی هەرێم پاش لێدەركردنی خەرجییە سیادییەكان ٥٪ تێپەڕناكات و داوایان كردووە كۆمپانیای سۆمۆ سەر لەنوێ دابمەزرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی شەفاف نەوت بگەیەنێتە بازاڕەكان بە نەوتی هەرێمیشەوە.
سەرۆکى شاندی دانوستانکاری هەرێم روونیکردوەتەوە، دانوستانەكانی ئەمجارە جیاواز و فرەجۆرن و یەک دانوستان نین و لە یەک دۆسیەدا نین، لە پاش حكومەت ئێستا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و لە پەرلەماندایە.
تاڵەبانى وتیشی "گفتوگۆكانمان لەگەڵ لیژنەی دارایی و لایەنە سیاسییەکاندا ئەرێنی بوون و نزیكین لە دۆزینەوەی چارەسەرێک قابیلی جێبەجێكردن بێت."
سەبارەت بە مامەڵەکردنى راستەوخۆی پارێزگاى سلێمانیش لەگەڵ بەغدا قوباد تاڵەبانى باسى لەوە کردوە، پارێزگای سلێمانی بە بودجەی بەکاربردن و مووچەی فەرمانبەرانی پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە. پرسیارەکە ئەوەیە حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە ئەو کارە بکات، لەکاتێکدا سنوورەکە نەوتی پێویستیشی نییە و تەنیا 11%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو سنوورەیە. بۆیە دیسان ئەو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە بەو شێوەیە راستەوخۆ پارە بۆ سلێمانی بنێرێ؟"
بڕیار ئەمرۆ شاندی هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى سەردانى بەغدا بکاتەوە بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر پرسى رادەستکردنى نەوت و شایستە داراییەکانى هەرێم لە بودجەدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق