عارف قوربانی
كاتێك ره‌خنه و گله‌یی رووبه‌ڕووی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ده‌كرێته‌وه له كه‌مته‌رخه‌مییان به‌رامبه‌ر به دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هێنانه‌وه‌ی رووفاتی ئه‌نفالكراوه‌كان، به‌وه پاساو ده‌هێننه‌وه كه به‌شی هه‌ره زۆری ده‌ستگیركراوه‌كان گوێزراونه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق و له شوێنی جیاجیا كۆمه‌ڵكوژكراون، هه‌م له رووی زه‌مه‌نییه‌وه زۆری به‌سه‌ردا رۆیشتووه، دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ر بۆ ده‌ستنیشانكردنی شوێنی بهكۆمهڵكوشتنهكان و هه‌روه‌ها جوگرافیاكهش كه ناوچه‌كانی دوره‌ده‌ستی كوردن و كه‌وتوونه‌ته شوێنگهلێكهوه كه به ئاسانی كورد ناتوانێ بچێت به‌دوای ئێسك و پروسكی ئه‌و ئازیزانه‌دا بگه‌ڕێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م پاساوانه هه‌ندێك لۆژیكیش بن، به‌ڵام سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه نین كه به‌و هۆیانه‌وه نه‌توانراوه تاوەکو ئێستا له‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سه‌ی كه له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ كوژراون، نه‌توانراوه رووفاتی چوار هه‌زاریان بهێندرێته‌وه، به‌ڵكو حه‌قیقه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه كورد میلله‌تێكن كه‌مته‌رخه‌م و بایه‌خمان بۆ هه‌ندێ پرس و بابه‌تی رۆژانه و رووكه‌شه، نه‌ك پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ستراتیجییه‌كان.
خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وه شنگال له نزیكترین ده‌روازه‌ی جهستهمانهوهیه و له ههلومهرجێكیشدا كۆمه‌ڵكوژكراون، كورد خاوه‌ن حكومه‌ت و هێزی چه‌كدار و ده‌سه‌ڵات بوو له كوردستان و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له عێراقیش. وا بۆ سێ ساڵیش ده‌چێت داعش وه‌ك خه‌لافه‌ت نه‌ماوه و جوگرافیایه‌كی دیاریكراو نییه به‌ناوی ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی داعش، ئه‌و ئێزدییانه‌ی كۆمه‌ڵكوژكراون هه‌ر له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شنگالن، به‌ڵام هێشتا نه‌توانراوه رووفاته‌كانیان بدۆزرێته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌زاران كچ و كوڕی لاوی ئێزدی كه ژماره‌یان 6417 كه‌سه رفێندراون و تاوەکو ئێستا 2874 كه‌سیان چاره‌نووسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه. ئه‌مانه‌ی تاوەکو ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه ئه‌و كچانه‌ن كه وه‌ك سه‌بایا و كه‌نیزه‌ك له‌لایه‌ن چهكدراهكانی خه‌لافه‌ته‌وه بۆتێركردنی ئاره‌زووه سێكسییه‌كانیان و خزمه‌تكردنی ماڵ و مناڵه‌كانیان به‌كاربراون.
جوگرافیای شنگال سێ ساڵه له داعش پاكکراوهتهوه، هێشتا رووفاتی ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی كۆمهڵكوژکراون له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه و رووفاتی به‌شێكیان هێشتا هه‌ر به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه. ئه‌و گۆڕە بهكۆمهڵانهش كه دۆزراونه‌ته‌وه هێشتا هه‌موویان ده‌رنه‌هێندراون. چاره‌نووسی كچه‌كانیش هێشتا هه‌ر به‌شێكیان نادیاره. له‌كاتێكدا داعش نه‌ماوە. ئه‌ی ئه‌م 2874 كه‌سه كه‌وتنه كوێی ئه‌م دونیایه‌وه؟ خۆ ده‌ریا قوتی نه‌دان و ئاسمان ههڵینهلوشین؟ به‌دڵنیاییه‌وه ئێستاش له‌ماڵی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعشن كه سه‌ر به‌تیره و هۆز و عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه بوون، ره‌نگه به‌شێكیشیان هێشتا وه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر له كه‌مپی ئه‌لهۆل بن كه جار جار هه‌واڵی ئازادكردنی كه‌سێكیان له‌وێوه ده‌بیستین. ئه‌و خێزانانه‌ی چه‌كدارانی داعش كه له‌ژێر ده‌ستی كورددان، دوور نییه كچه ئێزدییه‌كان له‌و كه‌مپه‌ش بۆ خزمه‌تكاریی منداڵی چه‌كدارانی داعش به‌كار نه‌برێن.
مانه‌وه‌ی رووفاتی ئێزدییه‌كان له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ و مانه‌وه‌ی چاره‌نووسی كچانی کوردی ئێزدی لای چه‌كداره په‌رته‌وازه‌كانی داعش ئاماژه‌ی روونن بۆ كه‌مته‌رخه‌می كورد له به‌دواداچوونه‌كان بۆ ئه‌م كه‌یس و پرسه ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه. له‌كاتێكدا سێ ته‌ره‌ف خۆی به‌خاوه‌ن ئێزدییه‌كان و شنگال ده‌زانێت و ململانێیانه له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیی کوردانی ئێزدی، به‌ڵام ئه‌وه‌ش حاڵی شنگال له شاره‌كه‌یان چی وێرانه‌یه‌كه و ئه‌وه‌ش حاڵی ئاواره‌كانیان وا ده‌بێته حه‌وت ساڵە له‌ژێر خێوه‌تدا ده‌ژین و ئه‌وه‌ش چاره‌نووسی كچه سهباییهكانیان.
پارتی و په‌كه‌كه و هه‌ندێ ناوه‌ندی شیعی، هه‌ر سێ لایان خۆیان به‌خاوه‌ن مه‌سه‌له‌ی ئێزدییه‌كان و پرسه‌كه‌یان و جوگرافیاكهیان ده‌زانن. ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌م لایه‌نانه هه‌ر كه‌سه و له سنووری خۆی كاری بۆ ئه‌وه بكردایا چاره‌نووسی كچه سهباییهكان بدۆزرانایهتهوه ئێستا ئه‌م كه‌یسه به‌جۆرێكی دیکە ده‌بوو. جگه له‌و نووسینگه‌یه‌ی نێچیرڤان بارزانی دایمه‌زراند و تاوەکو ئێستا به‌پێی راگه‌یێندراوی نووسینگه‌كه ژماره‌ی ئه‌و كچانه‌ی له‌رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه دۆزراونه‌ته‌وه گه‌یشتووەتە 3543 كه‌س، كێی دیکە له خه‌می گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی شوێن پێی كچه رفێندراوهكانن. ئایا چه‌ند رێكخراوی دیکە له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و لای ئه‌مریكییه‌كان فه‌ندیان وه‌رگرتووه بۆ گه‌ڕان به‌دوای چاره‌نووسی سهبایهكانی كورد، چیانكرد؟ كه‌س هه‌یه به‌دواداچوون بۆ ئه‌وه بكات كه چی بازرگانییه‌ك به‌ناوی كچانی ئێزدییه‌وه كراوه و ئه‌وه‌ش چاره‌نووسیان كه له‌كاتێكدا خه‌لافه‌تی داعش‌یش نه‌ماوه، به‌ڵام چاره‌نووسی هه‌زاران كچی كورد هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
هه‌ندێ لایه‌نی شیعی خه‌ریكن بناخه‌ی ئایینی ئێزدییه‌كانیش ده‌به‌نه‌وه سه‌ر رێچكه و رێبازی شیعه‌گه‌ریی و وه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاتدارانی سونه‌ی عه‌ره‌ب ده‌یانگوت ئه‌مانه نه‌وه‌ی یه‌زدی كوڕی مهعاویهن، ئێستاش ده‌سەڵات له به‌غدا ده‌یه‌وێ كوردبوونیان لێبسه‌نێته‌وه و بیانكات به به‌شێك له پرۆژه‌ی ته‌شه‌یوع. له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی عێراق و سووریاش به‌ده‌ستی شیعهكانهوهن ئه‌گه‌ر په‌رۆشیان بۆ شنگال و ئێزدییه‌كان هه‌بووایە، رێگەی سهبایهكانی ئێزدییه‌كانیان ده‌دۆزییه‌وه وه‌ك چۆن ده‌یانه‌وێ به بیانووی رێگەی سه‌بایای 1350 ساڵ پێش ئێستاوه شنگال داگیربكه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین هیچ سۆراخێكی ئه‌وه بكه‌ن كه ئه‌گه‌ر چاو و گوێی ویژدانی خۆیان كوێر و كه‌ڕ نه‌كه‌ن، هێشتا گوێیان له قیژه و هاواری ئه‌و كچانه‌یه كه وه‌ك كه‌نیزه‌ك له‌لایه‌ن چه‌كداره عه‌ره‌به‌كانه‌وه به زۆر ئیغتیساب ده‌كرێن.
ئێمه لۆمه‌ی شیعه‌كان ده‌كه‌ین كه بۆ ئامانجێكی ستراتیژی په‌یوه‌ست به رێچكه و رێبازی ئایینی خۆیان و فكرەی ته‌عریبه‌وه ده‌یانه‌وێ به‌دووی ئاسه‌واری ئه‌و رێگەیهدا بچن كه ژن و كچ و كه‌سوكاره‌كه‌ی حوسێنیان له كوفه‌وه پێدا بردووه بۆ شام، به‌ڵام خۆمان هه‌ست و سۆزمان رامانناكیشێت بۆ گه‌ڕان به‌دوای رێگەی سهبایاكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا له ئه‌نفال و له شنگال، ئایا كچه‌كانی گه‌رمیان و كچه‌كانی كورد له شنگال چیان له زه‌ینه‌ب و له ژنه‌كانی حوسێن كه‌متره وا شیعه‌كان دوای نزیكه‌ی چوارده سه‌ده به‌دووی ئاسه‌واری رێگەكهیاندا ده‌گه‌ڕێن، كه‌چی ئێمه نه‌ك ئاسه‌وار و یادگارییه‌كانیان به‌ڵكو به‌دوای هه‌واڵی خۆیاندا ناگه‌ڕێین كه هێشتا دڵنیاین زیندوون و وه‌ك كۆیله له‌و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ری شنگال و نه‌ینه‌وا و له ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه. له كاتێكدا كورد له هه‌رێمی كوردستان و له عێراق و له رۆژئاوای كوردستانیش ده‌سه‌ڵاتداره. پێوه‌ر بۆ هه‌ستی كورد بوون و به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌ر یه‌ك له‌و كردانه‌ی له هه‌ركام له‌م شوێنانه ده‌سه‌ڵاتدارن، په‌رۆشیانه بۆ دۆزینه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی فریشته‌كانی خوا كچه ئێزدییه‌كان كه به كه‌نیزه‌ك كران و هێشتا 2874 كه‌سیان نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه.
زیندووێتیی هه‌ر نه‌ته‌وه و میلله‌تێكیش به‌ستراوه‌ته‌وه ئه‌وه‌وه چه‌ند رێز بۆ ئه‌ندامه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی داده‌نێت. بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ناوچه‌كه‌دا به‌پێوه بمێنینه‌وه، رێگەی سهبایاكانی كورد بدۆزنه‌وه و بیانكه‌ن به خه‌م و پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژیی مانه‌وه له‌سه‌ر قوربانیانی ئه‌نفال و شنگال بنیاتبنێن. كه‌یسه‌كانی جینۆساید جیهان راده‌كێشێت بۆ پشتیوانی له مانه‌وه‌مان نه‌ك بهپاشكۆبوونی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و به‌ستنه‌وه‌ی چاره‌نووسی میلله‌تێك به به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانه‌وه.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق