لوقمان حاجی قادر
ڕێگا ڕاستەكە ئەوە بوو شاندی هەرێم بە گوتارێكی تۆكمە و یەكگرتووەوە سەردانی بەغدادی بكردایە، بەڵام بەداخەوە دوای چەندین سەردانیش هێشتا شاندەكە ئەو گوتارە یەكگرتووەی نەخستە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ڕەنگە ئەوە خاڵێكی لاوازی دامەزراوەكانی هەرێم بێت كەنەیان توانیوە، شاندی هەرێم بكەنە شاندی هەموو كورد، لە لایەكی دیكەشەوە ئەومە لاوازی تێڕوانینی شاندی هەرێمە كە لەباتی هەڵگرتنی گوتاری كوردی وەك خاوەن قەزیە ئەسڵیەكە، دەیەوێت بەگوتاری حزبییەوە گفتوگۆكان ببات بەرێوە.
دوێنێ سێشەممە لەلای سەرۆك كۆمار كۆبوونەوەی لایەنە كوردیەكان یان ڕاستر بڵێین پەرلەمانتارە كوردەكان و شاندی دانوستنانكاری هەرێم سازكرا، لەدانیشتنەكەدا بەشیر حەدای جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حوسێنی وەزیری دەرەوەی عێراقیش ئامادە بوون، ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكە دروستكردنی ئەو گوتارە هاوبەش و یەكگرتوە بوو كە پێویست بوو هەر لەسەرەتاوە شاندی هەرێم هەڵگری بایە، هاوكات دانیشتنەكە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەكیش بوو لەئەگەری ڕێكنەكەوتن، هەر لەو كۆبوونەوەیەشدا بڕیاری دروستكردنی ژوورێكی هاوبەش بۆداكۆكیكردن لەپشكی كورد دراوە.
دیارە دكتۆر بەرهەم سەرەڕای كارەكەی خۆی وەك سەرۆك كۆمار، دەشیەوێت چەتری كۆكردنەوە بێت، ئەو هەرچەندە وەك سەرۆك كۆمار ئەركیەتی لە چوارچێوەی دەستوردا خەمی هەمووانی لەبەر چاوبێت و بەیەك مەسافە لە هەموویانەوە دوور بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە پەناگایەك بۆ ئەو لایەن و كەمایەتییانەی لەعێراقدا غەدریان لێدەكرێت.
لەخۆپیشاندانەكانی تشریندا، نەیشاردەوە و سەنگەری خۆپیشاندەران و داخوازییە ڕەواكانی خەڵكی هەڵبژارد، سەرباری دۆخی خراپی ناوخۆی عێراق، چاوی لەدۆخی خراپی ئیزدیەكان بوو، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی ئەو لە سەرۆكایەتی كۆمار پڕۆژە یاسای ژنان و كچانی ڕزگاربووی ئێزدی گەڵاڵەكرا و پشتیوانی لێكرد و ناردەیە پەرلەمان، بەكردار پشتیوانی لە مەسیحییەكان دەكات و پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیشی ناردە پەرلەمان.
پوختەی قسە ئەوەیە، ئێستا ژوورێكی عەمەلیاتی هاوبەش پێكهێنراوە، گرنگ ئەوە نییە كێ كردوویەتی و لەكوێ كراوە، گرنگ ئەوەیە كۆدەنگییەك دروست بووە؛ ئەو ژوورەی كە دەبوو لە لایەن دامەزراوەكانی هەرێمەوە دروست كرابایە، ئێستا بەسەرپەرشتی دكتۆر بەرهەم دروستكراوە، بۆیە هەق وایە بەرپرسانی هەرێم دۆخی خراپی ئێستا لەبەرچاو بگرن و پشتیوانی ئەوكارە بكەن، نەك بەپێچەوانەوە ئەوەی لەبەغداد كۆدەكرێتەوە لە هەرێم تێكبدرێتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق