ئەنجوومەنی ناوەندی هەدەپە كۆدەبێتەوە

ليست هناك تعليقات

پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە) بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەك بەرامبەر ئەگەری لادانی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتارانی و داخستنی پارتەكەیان كۆدەبێتەوە.

ئەنجوومەنی ناوەندیی هەدەپە، ئەمڕۆ شەممە لە ناوەندی سەرەكی پارتەكەی لە ئەنقەرە كۆدەبێتەوە. بڕیارە سبەینێش بە بەشداری سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتەكەی جارێكی دیكە كۆدەبێتەوە.

ئەنجوومەنی ناوەندیی هەدەپە لەو كۆبوونەوانەدا تاوتوێی سیناریۆ و گریمانەكان دەكات و نەخشەڕێگەی خۆی دادەڕێژێت، هەروەها چاوەڕوان دەكرێ هەدەپە لەبارەی دوایین پێشهاتەكان راوێژ بە رێكخستنەكانی پارتەكەی لە شار و شارۆچكەكان بكات و لە چوارچێوەی بڕیاری كۆبوونەوەكان لە رۆژانی داهاتوودا زنجیرە چالاكی و گردبوونەوەیەك بكات. 

بەرپرسانی هەدەپە ئەم قۆناخە بە "ئامادەكاری دووەمین كودەتای 4ی كانوونی دووەم" ناودەبەن. حكومەتی توركیا رۆژی 4ی كانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێكرد و هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووتری هەدەپە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەركران و دواتر بە بڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە. وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.

رۆژی هەینی 19ی شوباتی 2021 داواكاری گشتیی كۆماریی، لە چوارچێوەی رووداوەكانی كۆبانێ، 36 دۆسیەی لێپێچینەوەی دژی 9 پەرلەمانتاری هەدەپە پێشكێشی وەزارەتی داد كرد بۆ ئەوەی وەزارەتەكە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بكات و پارێزبەندیی ئەو نۆ پەرلەمانتارە هەڵبگرێت كە بریتین لە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە، هودا كایا، هاككی ساروهان ئۆلوچ، فاتمە كورتوڵان، سەرپیل كەمالبای، مەراڵ دانش بێشتاش، گارۆ پایلان، سەزایی تەمەللی و پەرۆ دوندار. 

رۆژی 24ی شووباتیش بۆ لابردنی پارێزبەندی لەسەر 21 پەرلەمانتاری هەدەپە، 28 دۆسیەی "تاوان" گەیشتنە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی توركیا كە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەكردن بۆ تیرۆر"، "پەسنی تاوان و تاوانبار"، "ئەندامبوون لە رێكخراوی تیرۆر" و "هاندانی خەڵك بۆ رق و دوژمنكاری" داوای لابردنی پارێزبەندییان دەكرێ. 

گوشارەكان بۆ سەر هەدەپە دوای ئەوە زیادیان كرد كە سوپای توركیا لە 10ی شووباتی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر چیای گارە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و لە ئەشكەوتێكی چیای گارە 13 سەربازی دیلی دەستی پەكەكە كوژران.

لە رۆژی 10ی شووباتەوە هێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستیانكردووە بە هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە 1000 ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیركراون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif