موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر جهخت لهوه دهكاتهوه كه لەعێراقدا شوێنی بەعسییهكان نابێتەوە. ئهو دهڵێت، "کۆمەڵکوژییەکانی سەدامو گۆڕە بەکۆمەڵەکانو بڕینی گوێچکەو دەستەکانو تیرۆرکردنی زانایانمان هێشتا لەیاد نەکردووه."
موقتەدا سەدر تویتێكی لهبارهی دهنگۆی گەڕانەوەی حیزبی بەعس بۆ سهر شانۆی سیاسی عێراق بڵاوكردۆتهوهو نوسیویهتی، "کاتێک لەکەناڵەکانی تەلەڤزیۆنو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵەکان دەبینم و دەخوێنمەوە و زیادبوونی دەنگ و رەنگی بەعسییە سەدامییەکان دەبینم، لەلایەک توڕە دەبمو لەلایەکی دیکەشەوە خەمبار دەبم بەوەی عێراقی خۆشەویستمان چی بەسەردا هاتووە."
سەدر هۆشداری دەدات کە نابێت بەهیچ شێوەیەک بەعس بەراستەوخۆ یان بەناوێکی دیکەوە بگەڕێتەوە عێراقو ڕایگهیاندووه، "هەرگیز لەعێراقی خۆشەویستدا شوێنی بەعس نابێتەوە، جا بەهەر پۆشاکێکی دیکەوە بێت، ئەگینا ئەوان دەبنە ئامانجمان. کۆمەڵکوژییەکانی سەدامو گۆڕە بەکۆمەڵەکانو بڕینی گوێچکەو دەستەکانو تیرۆرکردنی زانایانمان هێشتا لەیاد نەکردووه."
ناوبراو داواش لەپەرلەمانو حکومەتی عێراق دەکات کار بۆ کاراکردنی دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس بکەن، لهو ڕوهوه نوسیویەتی، "لێرەوە وەک هەنگاوی یەکەم داوا لەپەرلەمانتارە بەشەرەفەکانو حکومەت دەکەم رۆڵی (دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس)ی تیرۆریستی قەدەغەکراو لەبری (دەستەی لێپرسینهوهو دادوەری) کارا بکرێتەوە، ئەگینا ناچار دەبین لەروانگەی ویژدانو خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان بۆ کۆتاییهێنان بەم دەنگانە کە نەشازترین دەنگ دەنگی بەعسی بۆگەنە، هەڵسوکەوت بکەین."
ئهو پهیامهی رێبەری رەوتی سەدر لهكاتێكدایه كه رهغد سهدام حسێن كچی سهرۆكی رژێمی پێشوتری عێراق لهچاوپێكهوتنێكیدا لهگهڵ كهناڵی ئهلعهرهبییه رایگهیاندبو، لهداهاتویهكی نزیكدا رۆڵو پێگهی لهسیاسهتی عێراقدا دهبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق