عوسمان گوڵپی
بۆ ئێمەی هاوڵاتی شارەكان یەك پێناسەو یەك گرنگیان هەیە، ئەویش شوێنی نیشتەجێبوون و ژیانێكی ئارام تێیدا، هەرچەندە لەدایكبون و مانەوە و بەدەستهێنان شارەكان جیا دەكاتەوە، بەجۆرێك هەندێك جار دەگاتە ئاستێك كە مرۆڤ لەدووری شاری دڵخوازی خۆی نەتوانێ ئاسایی بژیت و لە هەرجێیەكیتریش خۆی بە غەریب دەزانێت، ئەمە پەیوەندی مرۆڤانەکانە بە شوێنەكانەوە، بەڵام كە دەچیتە نێو كایەی سیاسی و ململانێكان، شارەكان ماناو مەدلولی تریان هەیە، گەشەكردن و نەكردنیان دەیان خوێندنەوەی بۆ دەكرێت بەجۆرێك بۆ هەندێك پۆینتێكی ئیجابی و بۆ هەندێكیتر سلبی دەشكێتەوە.
لێرەدا مەبەستەكەی من هەردوو شآری هەولێر و سلێمانیە كاتێك دەبنە بەشێك لە ململانێ، ئەگەرچی ئەم ململانێیە لە ڕووە كۆمەڵایەتیەوە بۆ كۆمەڵگە كاریگەری نێگەتیڤی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام لە ڕووە سیاسیەكەوە ناكۆكی لەسەر شارەكان و بونە بەشێك لە ململانێکان بۆ هەولێر بوە قۆناغێکی گرنگی ئەو شارە، زۆر دوور نا بەڵکو ساڵانی نەوەدەكان سلێمانی لە چەندین ڕووەوە لە پێش هەولێرەوە بوو، بە جۆرێك كە بە هەولێر دەوترا گوندێكی گەورە، زۆرجاریش دەوترا كە هەولێر دەكەینە سلێمانی، ئەوکات سیماكانی شار بوون بە سلێمانیەوە دیارتر بوون، ئەمە بە مانا گشتیەكە نەك بەراوردكاری خودی شار و ڕادەی شاربوونی ئەم شوێنانە، چونكە ئەوە قسەیەكیتری جدیە كە ئایا بەراست شار بوون چیە؟
ئەو قسانەی لەسەر هەولێر كران و تێگەشتنی هێزی حاكم لەسەر ئەوەی كە ناكرێ گرنگترین شار و پایتەختی هەرێمەكەت گوندێكی گەورەبێت، کاریگەری گەورەی جێ هێشت، وایكرد پارتی گەشەكردنی هەولێر بخاتە نێوان ململانێكانیەوە، بەجۆرێك چۆن دەیەوێت لە ڕووی سەربازیەوە لە یەكیەتی بەهێزتربێت و لە ڕووی ژمارەی کورسی پەرلەمانیەوە پێشەنگی حیزبەکان بێت، ئاواش ویستی وابوو کە هەولێر گەشە بکات، چونكە حیزبی حکومڕانی هەولێر، ئەو شارە بە تاقیكردنەوەی حكومڕانی خۆی دەزانێت، دەیەوێت بەدەوروبەر بگەیەنێت ئێمە توانای ئیدارەدان و پێشخستن و گەشەكردنمان هەیە، هەر بۆیە لە بانگەشەكانی هەڵبژاردنیشدا هەولێر و پێشخستنی پشکی شێری بەردەکەوت.
پارتی تا ئێستاش بە هەمان نەفەسی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەولێردا دەكات، پێشكەوتن و فراوانبوونی هەولێر بەبەشێك لە ململانێ سیاسیەكە دەزانێت و كاتێك تاوەرێك یان شەقامێكی نوێ یان مۆڵێكی گەورە دەكاتەوە، چەند مەبەستی خودی پرۆژەكەیە ئەوەندە زیاتر مەبەستیەتی بڵێ ئەوە هەولێری ژێر دەسەڵاتداری منە، ئەو هەولێرەی كە گوندێكی گەورەبوو!؟
بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی سلێمانی، بەهۆی بوونی چەندین ململانێی توندی نێوان هێزەکان و تەنانەت ململانێی ناو حیزبەکانیش سلێمانی بووە قوربانی، سلێمانی و پێشخستنی نەبووە بەشێك لە ململانێکان و هیچ پێیان گرنگ نەبوو كە سلێمانی لە ڕووی گەشەسەندنەوە دەگاتە كوێ! سلێمانی لە پێشەنگی شارەكاندا دەمێنێتەوە یان نا،(كاتێك كە باسی شار و پێشكەوتن و سیماكانی دەكەم، بەراوردەكە تەنها لە رووی بیناو شەقام و فراوانیەوەیە نەك دیوەكانیتری شار)
ئەوانەی ئیدارەی سلێمانیان كرد لە ڕابردوودا و بوونە بەشێك لە کاببینە یەك لەدوا یەکەکان لەسەر پشكی سلێمانی بە پێی پێویست بیریان لای گەشەسەندنی سلێمانی نەبوو(لە قۆناغێکی کەمدا نەبێت) ئەوەندەی سەرقاڵی ململانێکان بوون لەم شارەدا( لە کاتێکدا ئەو داهاتەی چوەتە هەولێر گەر زیاتر نەهاتبێتە سلێمانی كەمتر نەبووە)، كەس بیری لای سلێمانی و شەقامەكانی و بیناكانی نەبوە.
لە ئێستادا ئەوانەی لە سلێمانیەوە دەچنە هەولێر بیڵێت یان نەیڵێت، هەست بەو جیاوازیە گەورەیە دەكەن كە هەولێر لە بیست ساڵی ڕابردوو بە خۆیەوە دیوە، مرۆڤ لە بەری خۆیەوە چەندین پرسیاری بە خەیاڵدا دێت، بیرلەوە دەکاتەوە کە بەرلە دەساڵ باسی شەقامی سەدمەتری سلێمانی کرا، کەچی ئەوە هەولێر نەك سەدی بەڵکو شەقامی ١٥٠یشی ڕووی لە تەواوبوونە، کەچی سەدمەتری سلێمانی تازە لەسەرەتای دروستکردنیدای، تەماشایەكی دەوروبەری هەولێر دەكات و فراوان بوونی دەبینێت و دەیان پرسیار بە خەیاڵیدا دێن، بەراست ئەم هەولێرە گوندە گەورەكەی جارانە؟
بوونی ناكۆكی و ململانێ هەمیشە دیوی خراپی نیە، بەڵکو کاتیک ململانێکان بوونە ململانێی خزمەتکردنی زیاتر، ئەوکات خەڵك قازانج دەكات و وڵات ئاوەدانتر دەبێتەوە بەمەرجێك ململانێكان كایە كۆمەڵایەتیەكان نەگرنەوە،
بۆچی خراپ بوو گەر دەسەڵاتدارانی سلێمانی لە داخی پارتی سەدمەتری سلێمانیان دە ساڵ پێشتر تەواو دەكرد، بەڵام بەداخەوە ململانێ نێوخۆییەکان سلێمانیان وێران كرد و دەیان ساڵ دوایان خست.
لێرەدا دەمەوێ بڵێم ململانێكان بگۆڕن بە خزمەت، كارێك بكەن كە ئەو پارانەی دێنە ناوچەكانی ژێر نفوزیان پێشبڕكێی پرۆژەی گەورەی پێ بكەن، بۆ ئەوەی خەڵك سود لە ململانێكان ببینن، نەك ململانێ لەسەر گەورەكردن و خستنە ڕووی ناشیرینی شارەكان لەسەر یەك، ناشیرینکردنی شارەکان و گەورە کردنی ناشیرینی شارەکان تەنها حیزبەکان تییدا زەرەرمەند نابن، بەڵکو کاریگەری لەسەر نەوەی ئێستاو داهاتوو جێدەهێڵیت و لە زیهنیاندا ناشیرینیەکان بە ئاسانی جوان نابنەوە، بە ئاسان ناشیرینکردن وەرمەگرن، چونکە ڕاپۆرتێكی میدیایی دەتوانێ هێندە کاریگەری جێ بهێڵێت کە چەندین ساڵی بوێت تا ئاسەوارەکەی دەسڕێتەوە
لە کۆتاییدا دڵخۆشم بە گەشەکردنی تەواوی شاروو شارۆچکەکانی کوردستان و دەخوازم ببینە نمونەیەکی گەشەکردنی باش لە ناوچەکەدا.
لێرەدا من تەنها دیوە مادییەكەی شارم باس کردوە نەك دیوی مەعنەوی شار كە بەراوردكردن تیایدا شارەزایی و پسپۆڕی و داتای دەوێت، كە کاری خەڵکانی تایبەتمەندە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق